پەیوەندیەکانی تاڵەبانی  ئێران و نەوشیروان مستەفاو ئێران زۆنی سەوز بەرەو کوێ؟
28/10/2013 نوسەر: bzavpress

پەیوەندیەکانی تاڵەبانی ئێران و نەوشیروان مستەفاو ئێران زۆنی سەوز بەرەو کوێ؟

 پەیوەندیەکانی تاڵەبانی  ئێران و نەوشیروان مستەفاو ئێران
زۆنی سەوز بەرەو کوێ؟



کوردوەک پێکهاتەیەک کە خێزان بەرهەمی خێڵەو لەبەراییەکانی مێژوەوە هەر بەو جۆرە دروست بوە،واتە خێزان بنیادێکی کۆمەڵایەتییەو هیچ  کۆمەڵگایەکی  بەشەری  نییە بێ  بوونی خێزان   وجودی  هەبێت، بە مانا ئەرستۆییەکەی خێزانێک یان دوو خێزان گوندێکیان پێکهێناوەو بە پێی قۆناغەکانی مێژوویش شارەکان دروست بوون، ئەوەی کە جێگای قسەو باسی ئێمەیە نەبوونی دەوڵەت و زاڵبوونی ئەقڵیەت ودیدی خێڵگەراو عەشیرەتییە بەسەر کوردستانداو لێرەوەش چەمکی نەتەوە وەک بینینێک لەم سەردەمەدا نەگەیشتۆتە ترۆپکی خۆی،واتە لە ئەوروپا پێکهاتەکان خەریکن دیدگا وتەسەوری نەتەوەچێتی وخێزان بەمانای مۆدێلە کۆن و تەقلیدیەکەی کاڵ دەکەنەوە، وەلێ کورد هێشتابەوە نەگەیشتوە دەستی بە خێزانێکی مۆدێڕن و چەمکی نەتەوە بگات،لێرەوە دەگەینە ئەو باوەڕەی کورد چەندە لە دوای دنیای سەردەمەوەیە،دنیا چەندە تیژ هەموو ئەمانە  دەخولقێنێ وتێیدەپەڕێنێت و بابەتگەلی نوێ دەئافرێنێ و کوردیش لە هەموو ئەم مەیدانانەدا گاگۆڵکێ دەکات.
ئەمە وایکردوە کورد وەک  نابینایەک تەنها بە دەست لێدان شتەکان بناسێتەوە،هەر بەم مانایە پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسیەکانی لە چوارچێوەی خێڵ وعەشیرەت وبنەماڵەکان دەرنەچوەو لە باشترین حاڵدا گەیشتۆتە پەوەندی حیزب لەگەڵ دەوڵەتە درواسێکان و دەرەوەو،ئەم حیزبانەیش دیسان هەمان دنیابینی خێڵ وبنەماڵە بەسەریاندا زاڵ بوەو لەو چوارچێوەیەدا بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەیاک یان دوان و حیزبێک یان دوان دامەزراوەو پەرەی پێدراوە،ئەمەش وایکردوە هەمیشە کورد لە دوای دواوە بێت و نەک هەر نەتوانێت ئەم پەیوەندیانە بخاتە خزمەتی نیشتیمان و نەتەوەکەیەوە،بەڵکو کەمێک بەقازانجی بنەماڵەیەک یان مانەوەی حیزبێک بۆ ماوەیەکی دیارکراو،هەمووی بە قازانجی داگیرکەران و دەوڵەتەکانی تر بووە،کورد وەک نەتەوەو قازانجی نەتەوەیی و نیستیمانی سفر بوەو هەمیشە خۆیان وحیزبەکان وخێڵەکان و خێزانەکانیش جا لەژێر هەر ناوێکدا بوبێت بەکارهێنراون.
ئەگەر کورتەیەک بە مێژودا بچینەوە ئەم راستیانەمان بۆدەردەکەوێت،کۆماری مهاباد بەرهەمی شەڕی جیهانی دووەم بوو،بە پاسپۆرتی یەکێتی سۆفیەت و وەختێک  ئەم شەڕە کۆتایی هات، یەکێتی سۆفیەت دەستی ئێرانی  ئاوەڵا کرد،لەشکرەکەی هاتەوە کوردستان و کۆمارەکەی ڕوخاندو قازی و دوو کەس لە هاوکارانی لە سێدارە دا.
سمکۆخانی شکاک لەم پەیوەندیانەدا فێڵیان لێکردوو  لە ناویان برد،شێخ سەعیدی پیران بە هەمان جۆر دەستبەسەریان کردو لە دادگایەکی درۆزنانەو وەحەشەتدا دادگایی کراو لە سێدارە درا،قاسملۆ بەناوی دانوستان وحەلی مەسەلەی کوردەوە لەگەڵ پۆلێک هاوڕێیدا بێڕەحمانە تیرۆر کران،سادقی شەرەفکەندیش هەر بەهەمان تراژیدیا کۆتایی بە ژیانی هێنرا، مەلا مستەفا هەمو تەمەنی خۆی وشۆڕشەکەی وابەستەی ساواک ودەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بوو،ئەوان تا دوا چۆڕ بەکاریان هێناو کەی خۆیان چوونە سەر مێزی بەرژەوەندیەکانیان ئەویان فڕێدایە دەرەوەی مێژوو ئاشبەتاڵیان پێکرد،چونکە لەسەر قاچەکانی خۆی نەوەستابوو،چونکە وابەستە بوو، نەیتوانی تەنها بیست و چوار کاتژمێر خۆی ڕابگرێت،ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسیەکان تەنها بۆ بەکار بردنی کوردو  بنەماڵەکان بەکار هاتوە بۆ قازانی داگیرکەران و دەوڵەتە زەلهێزەکان،عبدولا ئۆجەلان پەیوەندیەکانی لەگەڵ سوریای ئەسەددا نادروست و ناهاوسەنگ بوو،هەرلەبەر ئەمەش بوو بە پێشنیاری ئسرائیل بۆ تورکیا، وایان کرد سوریا  ئۆجەلان وەدەر بنێت،چونکە دەوڵەتە گەورەکان قازانجیان لەوەدا بوو، لە کۆتاییدا لە ئیمراڵی توندیان کرد تا بە ئێستا،ئەم زوڵمە مێژوویانە بەشێکی تاوانی ئەم پەیوەندیانەیە کە بە هیچ جۆرێک عەدالەتی تێدا نەبوەو نییە و کورد تێیدا هەمیشە قوربانی سەرەکی بووە،بەشێکی تریشی پەوەندی بە چوارداگیرکاری کوردستانەوە هەیە و کە ئەوان هەمیشە یەکگرتوو بوون بۆ پاراستنی قازانجەکانی خۆیان و کوردیش مەجبوور بوە بچێتە بەردەرگاکانیان.

 لە دوای راپەڕینەوە کوردستان ناسراوە بە زۆنی زەردو سەوز،زەرد هەمیشە بەکرێگیراوی تورکیا بوەوەو  سەوزیش  ئێران،ئەوەیشی کە جێگای پیکەنینە لێرەو لەوێ ئەم عەمالەتەیان ناو ناوە پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی،کە ئەم پەیوەندیانەش تەنها پەیوەندی ئاغاو ڕەعیەت بوەو هەر بە قازنجی تورکیاو ئێران بوەو ئەوەی ئەمان قازانجیان کردبێت دوو بنەماڵەیەو زیاتر توانیویانە وەک بازرگان وخاوەن پۆست ودەسەلات بناسرێن و بمێننەوە،هیچ کاتێک وەک  نوێنەرانی کوردو حکومەتی هەرێم  نەناسراون وتەعامولیان لەگەڵ نەکراوە.
ئێستا تورکیا لە ڕێگای پارتیی وبنەماڵەی بارزانییەوە هەمەکارەیەو زۆنی زەرد بەدەست خۆیوەیەتی و پارتی تەنها ڕۆڵی جاشێک دەبینێت،زۆنی سەوزیش هەمیشە هی ئێران بوەو تەنانەت بە بۆنەی وابەستەیی تاڵەبانی وسەرانی یەکێتییەوە بە ئێران ،ئەمریکایش نەیتوانیوە بەسەریدا زاڵ بێت و لە چنگی ئێران قوتاری بکات،ئەمەش بەشێکی بۆ هاوسنوری و ڕۆڵی لە مێژینەیی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ناوچەیە کە ناوی زۆنی سەوزەو ئێستا بۆتە نیلی.

دوای هاتنی بزوتنەوەی گۆران و وبوون بە هێزی دووەم لەسەرئاستی کوردستان وهێزی یەکەم لە زۆنی سەوز، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم ناوچەیەدابەش بوەو بەسەر دوو زۆنی سەوزو نیلیدا، ئێرانیش نایەوێت بچوکترین ترازان لەم ناوەچەیەدا ببێت و دەیەوێت وەک خۆی بە ئارامی بمێنێتەوەو بەرژەوەندیەی سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسیەکانی پارێزراو بێت،هەر چی یەکێتییە بە مانا باوەکەی وەک چۆن مەلا مستەفا لەسەر کۆشی ساواک دانیشت تا فڕێیان دا،ئەمانیش لەسەر کۆشی ئیتلاعات و ئێران دانیشتوون و پێدەچێت تا ئەو فڕییان نەدات نەیەنە خوارەوە، هەرچەندە ڕێکەوتننامە ستراتیژیەکەی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی وای کردوە بیەوێت لەگەڵ تورکیاش جۆرێک لە وابەستەیی هەبێت ،بەڵام تا بە ئێستا مۆفەق نەبوەو پێدەچێت بنەماڵەی بارزانی پێیان خۆش بێت هەر خۆیان نۆکەرایەتی بۆ تورکیا بکەن و ئێرانیش هەروا بەئاسانی دەست لە یەکێتی بەرانادا تا بەدیلێکی باشتری لەیەکێتی لە زۆنی سەوزدا دەست نەکەوێت، ئەوەی دەمێنێتەوە خودی بزوتەوەی گۆران ونەوشیروان مستەفایە،کە تا ئێستا دیارنییە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران چۆنەو لەسەر کام ئەساسە؟ئایە نەوشیروان مستەفاش وەک مەلا مستەفاو مەسعودو تاڵەبانی دەکات؟ئایە هەمان سیاسەتی بەناو دیبلۆماسی و لە ناوەرۆکدا ئەوان برا  گەورەو خۆیان برا بچوک دەخولقێنێت؟،ئایە وابەستەیی بێخێر بۆ گەلەکەمان پیادە دەکات وخێرێکی گەورەش بۆ ئەوەن؟.
هەموو لایەکمان دەزانین بە ئێرانیشەوە کەلە  زۆنی سەوزدا بزوتنەوەی گۆران هێزی یەکەمە،ئەی بۆچی ئێران هەر پشتیوانی لە یەکێتی دەکات؟ دیارە کۆمەڵێک خاڵ لەم پەیوەندەدا هەیە،بەلام ئەوەی کە جێگای ئەم باسەیە ئەوەیە کە  تائێستا ئێران باوەڕی بە نەوشیروان مستەفا نییە  هەمان ڕۆڵی تاڵەبانی و مەسعودو مەلامستەفای بۆ ببینێت و خۆی و بزوتنەوەکەی بخاتە خزمەتی ئێران،ئەمە خاڵێکی گەشی دیرۆکی نەوشیروان مستەفایە ئەگەر لەسەر پێی خۆی و بزوتنەوەکەی و گەلەکەی ڕابوەستێت،من بۆ خۆم وای بۆدەچم ،نازانم تا چەندە پێکاومە ،پێناچێت نەوشیروان مستەفا ئەو کەسایەتییە سیاسییە بێت،وەک دەڵێن بە کاڵی وکوڵاوی هەموو شتێک تەسلیمی ئێران یان تورکیا یان هەرلایەک بکات،ئەگەر بەرژەوەندی گەلەکەی لەبەرچاو نەگرێت،ئەمەش لەخۆمەوە ناڵێم ونەوشیروان مستەفا ئەم هەڵوێستانەی لە مێژە هەبوە،تاقەتی ئەوەی نییە ببێتە پیاوی کەس بە موتڵەقی  ئەگەر دنیا ئاو بیبات،وەختێک بە مێژووی ئەم پیاوەدا دەچینەوە لە دانوستانەکاندا لەگەڵ ڕژێمەکانی بەغدا کەمترین بەشداری کردوەو بەغداش هەرگیز پێی خۆش نەبوە لەگەڵ ئەم پیاوە دابنیشێت و بە قورسی زانیوە،هەرئەمەیشە تا ئێستا دەتوانین دەیان بەڵگەی جاشایەتی و وابەستەیی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و زۆرێک لە سیاسیە بچکۆلەکانی تر بە بەڵگە بهێنینەوە بەڵام بەڵگەیەکی وامان لەسەر ئەم پیاوە دەست ناکەوێت،وە هیچ سەروکارێکی مخابەرایتیانەو پەیوەندی ژێر بەژێر دژی گەلی کوردی لەگەڵ هیچ دەوڵەتێکدا نەبوە،خۆ ئەگەر هەیبوایە چۆن ئەرشیفی ئەوانی ترمان لەبەردەستایە هی ئەمیشمان لەبەردەستا دەبوو،زۆر دەمێک بوو نەیارەکانی بلاویان دەکردەوە.
ئەوەی ئێستا هەیە ئێران دەست لە زۆنی سەوز هەڵناگرێت،دەشزانێت هاوکارەکەی کە یەکێتییە ڕۆحی تێدا نەماوە وەک جاران،تالەبانییەکەی نەماوە، فشارەکانیشی بۆسەر بزوتنەوەی گۆران و یەکێتیش زیاتر دەکات،تا بەیەکەوە بن و بەرامبەر زۆنی زەرد و سیاسەتەکانی تورکیا ڕایان بگرێت،ناشکرێت گۆران و یەکێتی ڕۆڵی ئێران نادیدە بگرن،واتە ڕۆڵی ئێران پۆزەتیف بێت یان نەگەتیف دەبێت حسابی لەسەر بکرێت،ئێران و دەولەتە داگیرکەرەکان بە سروشت واڕاهاتون کورد بە نۆکەری بابیان دەزانن،بۆیە ئێران وایدەبینێت هەرلایەنێک لەو ناوچەیەدا بێت دەبێت نۆکەرایەتی بۆ بکات ، نەوشیروان و گۆرانیش پێناچێت ئەم خەونەی ئێران بەئاسانی بهێننە دی کە تەنها بەڵێ یان بۆ بکەن،لێرەوەیە یەکێتی ئەگەر پێنچ کورسیشی بمێنێت هەر دەیەوێت لەو ناوچەیەدا باڵا بێت،ئاخر باڵا بوونی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ باڵابونی خودی ئێران.
ئێستا ئێران بەهەر نرخێک بێت دەیەوێت زۆنی سەوز وەک خۆی بمێنێتەوە،دەیەوێت وا لە یەکێتی بکات بە بێ  گۆران نەچێتە ناو حکومەت،حەتمەن قسەیەکیشی بۆ بزوتنەوەی گۆرانیش هەیە، هیوادارم بزوتنەوەی گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفا لەم پەوەندەوە سیاسەتێکی واقعی بگرنە بەر کە لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیەکانی خودی بزوتنەوەی گۆران و گەلەکەمان دامەزرابێت، نەک هەمان وابەستەیی سەرانی یەکێتی و پارتی و ئەوانەی پێش ئەوان لەگەڵ داگیرکەراندا.