توركيا: دوای 90 ساڵ ئافرەتانی سەرپۆش بەسەرو باڵا پۆش چوونە ناو پەرلەمان
01/11/2013 نوسەر: bzavpress

توركيا: دوای 90 ساڵ ئافرەتانی سەرپۆش بەسەرو باڵا پۆش چوونە ناو پەرلەمان

دوای 90 ساڵ لەحوكمی عەلـمانییەت و قەدەغەكردنی سەرپۆش بەسەرەكان بۆ چوونیان بۆ ناو پەرلەمان، دوێنێ‌ ئەو تابلۆ خۆڵەمێشییە شكێندراو ئافرەتان بەباڵاپۆشی و سەرپۆشەوە بەشداریان لەیەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان كرد.

(جەمیل چیچەك) سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لەلێدوانێكیدا بۆ پەرلەمانتاران ووتی، لەووڵات كێشەی باڵاپۆشی نەماوەو نابێت لەپەرلەمانیش بوونی هەبێت.

لەلایەن خۆشیەوە (بەكر بۆزداغ) جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاندووە، ئەوان باڵاپۆشی بەكێشە دانانێن و ئەو سەردەمەش تێپەڕی و ئیتەر باوی قەدەغەكردن نامێنێ‌.

هەروەها (سەڵاحەددین دەمیرتاش) هاوسەرۆكی بەدەپە ووتی، سەرپۆش و باڵاپۆشی مافی هەر تاكێكەو یەكێكە لەمافە ئازادییەكانی بیركردنەوەی مرۆڤ و ووتیشی، با ڕێگە لەمافەكان بكەینەوەو بەربەست دانەنێین.


لەلایەن خۆشیەوە (ئاتێلا كایا) جێگری سەرۆكی مەهەپە رایگەیاندووە، ئەوان پێیان وایە نابێت بەربەست لەبەردەم سەرپۆش و باڵاپۆشیدا هەبێت و ئەمە كارێكی باشەو هەر كەس بەبیروباوەڕی خۆی جل و بەرگ دەپۆشێ‌ و كەس بۆی نییە دەست وەربداتە كاروباری تاكە كەسی.


بەڵام تاكە لایەنی نیگەران و ناڕازی پارتی جەهەپەی عەلـمانی بوون و لەلایەن خۆیەوە (عەدنان كەسكین) جێگری سەرۆكی ئەو پارتە رایگەیاند، پەیڕەوی ناوخۆی توركیا پێشێل كراوەو ئەوانیش دژی باڵاپۆشی نین، بەڵام دژی پێشێل كردنی پەیڕەوی یاسان.