با قسەیەک لەسەر ئایندەی پارتی بکەین
01/11/2013 نوسەر: bzavpress

با قسەیەک لەسەر ئایندەی پارتی بکەین


قسەکردن لەسەر (ئایندە)،پشت بە (٣) فاکتەری سەرەکی دەبەستێت :

یەکەم: پاشخانێکی مێژوویی،ڕۆشنبیریی گشتی.دووەم: ئامارو داتا.سێھەم: ڕوئیایەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی،بەپێی ئەو ڕووداو و وێستگەیەی پیایدا گوزەر ئەکەین .

پارتی دیموکراتی کوردستان (٦٧) ساڵە.خەباتی چەکداریی دەکات،قۆناغەکانی مێژوو لەگەڵ ڕووداوە خێراکانی ناوچەکە چرچ و لۆچیان لەدەموچاوی ئەم حزبەدا دەرخستووە،بۆئەم مەبەستەش پارتی لەماوەی (١٠) ساڵی ڕابردوودا،لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە،دەستی گرت بەکۆمەڵێک پەتەوە،کەوا دیارە بەقازانجی کاتی حزب و زیانی میللەت و کیانەکە کۆتایی دێت .ئەو ئامرازانەی پارتی بە بەھێزی ھێشتۆتەوە (٤) خاڵی سەرەکین:

یەکەم: نوخبەیەکی ڕاوێژکاری ئەمریکی و ئەوروپی،کە ھەم سوود لەداڕشتنی سیناربۆکانیان وەردەگرێت،ھەمیش پشتگیریی وڵاتەکانیان بەدەستدەھێنێ ،لەبەرامبەردا ئەم موستەشارانە بەرژەوەندیی ئابوریی و ماددیی بەھێزیان ھەیە لەکوردستان،کەدیارە چییە.

دووەم: پەیوەندییە دبلۆماسیەکان،لەڕێگەی کۆنتاکتە ئابورییەکانەوە،بەتایبەت لەگەڵ تورکیا.

سێھەم: پارەو نەوتی کوردستان و بودجەی حزب و بودجەی پرۆژە گەوەرەکان و گومرکەکان ...ھتد.

چوارەم: مەرکەزیەتی پارتی،بەدیوێکی ئیجابی شکابۆیەوە بۆ پارتی،ئەوەش لەغیابی تاڵەبانی و پەرتەوازەیی لایەنەکانی بەرامبەر.

 

*پەکەکە سوعبەت نازانێ .

ناوی ئۆجەلان (١١) یەمین ناوە،لەڕیزی (١٠٠) کەسە کاریگەرەکانی ساڵی (٢٠١٢) دا.چەپەکان و نەتەوەییەکان،وای دەبینن ئیدی لەسایەی نوسین و بۆچون و ھزرە تایبەتیەکانی ئەم ڕێبەرەوە،جیھان (پێنجەمین) قوتابخانە دەکاتەوە،دوای (سۆشیالیزم،کەپیتاڵیزم، سۆشیال دیموکرات،ئیسلامی) .قوتابخانەی (ئۆجەلانیزم) ھاتۆتە کایەوە .لەژێرئەم ئایدۆلۆژییەتەدا،ڕێکخستنێکی نیمچە دیکتاتۆریی شۆڕشگێڕانە بەباشترین ڕێگە دەزانن لەھەرچوار پارچەی کوردستاندا،تابگەنە ئامانجەکانی خۆیان .ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوودا، ھەردوو حزبەکەی باشور شەڕی پەکەکەیان کردووە،بەڵام پەیوەندیی پەکەکە لەگەڵ (ی،ن،ک) باشتربووە، بەوپێیەی ھەر لەسەرەتاوە یەکێتی و پەکەکە ھەردوکیان لەباوەشی (حافزئەسەد) و لەسوریا لەدایک بونە و ئینتڵاقیان کردووە ،ئەو پەیوەندییە ھەر ماوەتەوە بەتایبەت لەچوارچێوەی ژیرێتی یەکانی تاڵەبانیدا. ئیدی بە پێدراوەکانی شەڕ لەسوریاو نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی و دەستپێکردنی قۆناغی ئاشتی لەئیمراڵیەوە ،ویستی فراوانخوازیی پارتی زیادی کرد ،پەکەکە زوو فریاکەوت و توانی لەسوریا جڵەوی دەسەڵاتی ناوچە کوردستانیەکان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە کە پەیەدەیە،پارتی گەلێک ھەوڵی دا بەھاوکاری تورکیا پێشمەرگەکانی خۆی بخزێنێتە ناوخاکی سوریاوە،گەلێک ھەوڵی دا بیرەنەوتەکان نەکەونە دەستی پەیەدە،تەلبەندیی کرد،چاودێریی کردن،نەیتوانی (١) ژمارە لەحیسابە سیاسییەکە کەم بکاتەوە. کۆتا خاڵ کۆنگرەی نەتەوەیی ھەرەسی ھێناو،ڕێگەی فیشخابوریشی بەڕووی (ساڵەح موسلیم) دا،داخست .مەگەر پارتی نازانێت نەوتی قامیشلۆو کانەکانی ڕومێلان ھیچی لە ئەوانەی زاخۆو شاکەل و داناغاز کەمتر نییە.ئەم کارەی پارتی لەئایندەیەکدا،دوور نییە وەھای لاواز بکات،کەتاماوە دەست بۆ کارتی وا نەبات .چۆن؟.

-پارتی بەم ھەنگاوە،بەخەڵکی ووت: دەبێت گشت ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی وەک ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی،لەژێر چەتری مندا بن،پەکەکە سوعبەت نازانێ!.لەفەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەروە (١٠٤) کەس ھەیە.(١٠١) پارتی و (٣) کەس یەکێتی. پەکەکە یەکێتی نییە.سەیریشە:کەدایکی قاسمی سولەیمانی دەمرێت،یان ئەحمەدی کوڕی ئەردۆغان ئولفەتێک بەخەمەوە دەگرێت،یەکسەر وەفدێک بۆ دڵنەوایی دەچنە ئێران و تورکیا،لەکاتێکدا کوڕی ساڵەح موسلیم دەکوژرێت،وەفدێکی کوردی باشور بەشداری پرسەکەی ناکەن !.

- ڕەنگە پارتی بتوانێ یەکێتی یان لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن،یان سەرنوسەرێکی میدیای ئەھلی بخەڵەتێنێت .بەڵام یاریزانانی باکورو ڕۆژئاواو قەندیل ھەو نین .

-ئەمڕۆکە،ھەموو جیھان بەدوای بەرژەوەندییدا ئەگەڕێت،ئەوەتا تادوێنێ پژاک شەڕی ئێرانی دەکرد،ئێستا بەفرۆِکەی ئێرانی پژاک دەگوازرێتەوە بۆشەڕی بەرەی نوسرە لەسوریا.کەواتە (مالکی و ئێران و پژاک و پەیەدەو ئەسەدو...ھتد) چەندین تۆڕن،بەپێی واقیعی خوازراوی سیاسەت بەرژەوەندیی ھاوبەشیان ھەیە.

-ئەمریکا،لەماوەی (٢) مانگدا، (٤) موجامەلەی گەورەی ئێرانی کردووە،تەنانەت ھەردوو وەزیری دەرەوەیان کۆبۆنەتەوە،لەسەر داوای ئێران،ئەمریکا پشکنەرانی چەکی کیماویی لەسوریا کشاندەوە.جەژنە پیرۆزە لەیەکە دەکەن،بەشداری بە ئێران دەکەن لە کۆنگرەی جنێف دا.ڕەنگە ئیدارەی ئۆباما لەماوەی (٣) ساڵی ڕابردوودا بەھیچ شێوەیەک نەک شەڕ بەڵکو بیر لە ئاڵۆزیی سیاسیش نەکاتەوە لەم ناوچەیە،بەحوکمی ئەوەی خەریکی نێۆ ماڵی خۆیەتی ،حاڵی قەرزە ئابورییەکانی جوانە گەیشتۆتە (١٦)تریلیۆن و (٧٠٠) ملیۆن دۆلار.لەھەرکەسێک بپرسی لە(٥٠) ویلایەتی ئەمریکیدا،دەڵێت: شەڕی عێرا ھەڵەبو،ئەمریکا سەدامی ڕووخاند،ئێران بەرھەمەکەی بۆخۆی برد.

کەواتە،حکومەتی عێراقی لەڕێگەی وشیار زێبارییەوە،سەردانی تورکیای کرد،مالکی سەردانی ئەمریکا دەکات، (ئەوپیاوەی کە ئەمریکاو ئێران لەخواپەرستنیشدا جیاوازن،کەچی لەمالکیدا ھاوبەشن). لەوەدەچێت ئێران بیەوێ دووکاری گەورە بەمالکی بکات:

یەکەم: تورکیا لەخەتی خۆرئاوا دەربکات .ھەرنەبێت یارمەتی بات لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا دەربچێتەوە.چونکە ئەمجارە شیعەکات پەرت بوون،

دووەم: وەساتەت بکات،لەنێوان تاران – واشنتۆن .

ئەم ھاوکێشەو پەیوەندییە نوێیانە،ھەمیشە بارێکی جوڵاوی میکانیکی ناو کایەی سیاسەتبونە لەم ناوچەیەدا.ئەگەر ھۆیەکی ھەبێت ئەوەیە :زیاد لەپرۆژەیەک و لە دەپرۆژە ھەم لەڕۆژھەڵات و ھەم لەکوردستاندا ھەیە .ئەگەرچی ئاڵۆزن،بەڵام لەئایندەدا پارتی بەرەو شوینێکی نادیار دەبات.ئەو ڕۆژەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی (نوجێفی) لەگەڵ سەرۆکی ھەموولیستەکاندا،بەرەو ھەولێر دێت، لەناو فڕۆکەخانە مالیکی تەلەفۆن بۆ سەرۆکی لیستەکەی (خالد عەتیە) دەکات و،دەلێت : نەچی بۆ ھەولێر !. ھەرێمی کوردستان،گۆڕەپانێکە پۆ پشودانی زلھێزەکان و پیاوانی موخابەرات و کائینە سەیرەکانی سەردەمی تەکنەلۆجیاو کرانەوە.ئەوەی دەگوزەرێت (٧٠%)ی پەیوەندیی بەجیھانی دەرەوەوە ھەیە،لەوەدەچێت بەشێکی زۆرکەمیشی پەیوەندیی بە مەعمەعەی نێۆخۆیی و فشارەکانی نێومیدیاوە ھەبێت. ھیچ کاتێک پارتی بەق ئێستا لەژێر (گوشاری دەرەوە) و (ناڕازیبونی ناوەوە) دا نەبووە.ئەوەتا بۆیەکەمجارە لەھەڵبژاردنی نەقیبی سەندیکای پارێزەراندا،پارتی بەتەنھا (١) کانیدی ھەیە ،لەبەرامبەر کاندیدەکەی پارتیش ، یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو کۆمەڵ پێکەوە (١) کەسیان داناوە .ئەمرۆِکە بەیەکجاریی پارتی بەرپرسە لەخروقاتە یاساییەکان،لەنەبونی ژیان و عەدالەت ،لە ھەر خڵتەیەک لەناو کایەی قەومیدا ،لەداخستنی دەرگاو پەنجەرەیان بەڕووی ئەوانەی قسەیەکی ڕاست دەکەن .