ڕۆژی (13/7/1989) د.عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو، سكرتێری پێشووی حزبی دیموكڕاتی كوردستانی ئێران له كاتێكدا كه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له كوردستانی ئێران سه‌رقاڵی وتووێژ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كۆماری ئیسلامی بوو، له هێرشێكی تیرۆریستی‌دا، له لایه‌ن تیرۆریسته‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه ناجوامێرانه كه‌وته‌به‌ر ده‌سڕێژو وێڕای د.قاسملوو، عه‌بدوڵڵا قادری ئازه‌ر، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دیموكڕات‌و د.فازل ڕه‌سووڵ مامۆستای زانكۆ‌و خه‌ڵكی باشوری كوردستان، له ڤییه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا تیرۆركران. پاشان بكه‌رانی كرده‌وه‌كه، به پاسپۆرتی دیپلۆماتی خۆیان، گه‌ڕانه‌وه ئێران. هه‌رچه‌ند، چه‌ند كه‌سێك كه ده‌ستیان له‌م تیرۆره‌دا هه‌بوو، سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن پۆلیسی نه‌مساوه گیران، به‌ڵام دواتر ئه‌وانیش ئازادكران‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران. به پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان ئاشكراكرا كه سه‌رده‌سته‌و فه‌رمانده‌ی ئه‌م تیرۆره، كه‌سێك به ناوی سه‌حراروودی بوو كه به سیفه‌تی پاسدار له سوپای قودسی كۆماری ئیسلامی‌دا له‌گه‌ڵ تاوانبارێكی دیكه‌ی ئه‌و جه‌نایه‌ته، به ناوی بزۆرگیان، خه‌ریكی به‌ڕێوه‌بردنی پیلانه‌كانی ئه‌و ڕژیمه ناشه‌رعی‌و نائیسلامییه بووه.
رۆژی (17/7/1989) نووسینگه‌ی مجاهدینی خه‌لق له‌شاری كۆڵنی ئه‌ڵمانیا، ته‌واوی زانیاری له‌باره‌ی سه‌حرارودی‌و بوزورگیان بڵاوكرده‌وه، كه هه‌ردووكیان نه‌ك دیپلۆمات نین، به‌ڵكو دوو لێپرسراوی پایه‌به‌رزی ده‌زگای (ئیتلاعات)ی ئێرانن‌و به‌فه‌رمانی ڕه‌فسه‌نجانی‌و عه‌لی فلاحیان (وه‌زیری ئیتلاعات) ئه‌وكات، ئه‌و كاره تیرۆریستانه‌یان ئه‌نجامداوه.
قاسملو كرایه قوربانی ئابووری
سه‌رچاوه‌كان ڕایده‌گه‌ێنن كه تیرۆركرانی دكتۆر قاسملوو هاوڕێكانی له وڵاتی نه‌مسادا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و پێوه‌ندییه چڕوپڕه ئابورییانه‌ی كه له نێوان ئێران‌و نه‌مسادا هه‌بووه، كه‌چی هێشتاش دۆزی ئه‌م تیرۆره نه‌له لایه‌ن ده‌زگای دادوه‌ری وڵاتی نه‌مساو نه‌له لایه‌ن هیچ ده‌زگایه‌كی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وروپاییه‌وه، بۆ ڕای گشتی ئاشكرانه‌كراوه‌و ئه‌م تاوانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران دانیپێدانه‌نراوه. یه‌كێك له ڕۆژنامه‌نووسانی نه‌مسا له كاتی خۆیــدا نوسیبووی كوشتنی ئه‌و سـێ كورده نه‌ك بازاڕی بازرگانی نه‌مسای له‌گه‌ڵ ئێران تێكنه‌دا، به‌ڵكو به‌رفراوانترو به‌هێزتری كرد.
به‌پێی ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی نه‌مسا كه ئه‌و كاته (ئه‌لویس مـوك) نوسیبوی پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردن (ئیكسپۆرت) بۆ ئێران له (58%) تێپه‌ڕیووه.
رۆژی (19/7/1989) (د.دانێسك) دادوه‌ر له دادگای گشتی ڤییه‌ننا، پاش وه‌رگرتنی ئیفاده‌ی (مایه‌ارت) خاوه‌ن فرۆشگا، كه د.قاسملوو لایه‌نی ئێرانی بۆ حه‌لی كێشه‌ی كوردی ڕۆژهه‌ڵات تێیدا دانیشتبوون، بۆی ده‌ركه‌وت كه ئه‌و ماتورسیكلیته‌ی كه پۆلیس دۆزییه‌وه، سه‌حراروودی كڕیویه‌تی‌و به‌ناوی ساخته‌ی موسته‌فا یاڵچین، له رۆژی روداوه‌كه‌دا كلیلی ئه‌و ماتۆرسكیلیته له‌گه‌ڵ بڕێ پاره له‌گیرفانی بزۆرگیان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌رهێنرابوو. به‌ڵام هێشتا "دادگا ئه‌وانی به‌تاوانبار نه‌زانی" پۆلیس جارێكی‌تر شوێنی ڕوداوه‌كه‌ی پشكنی. یه‌ك دوو قه‌وانیتری گولله ده‌مانچه‌ی دۆزیه‌وه كه له شوێنی دانیشتنی سه‌حرارودی كه‌وتبوون. ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كیتر بوو كه‌نیشانیدا ئه‌و له ته‌قه‌و تیرۆری ئه‌وێ ڕۆژێ باڵاترین ده‌ستی هه‌بوه‌و.
رۆژی (22/7) سه‌حراروودی له كاتژمێر حه‌وتی ئێواره له گه‌ڵ چه‌ند لێپرسراوێكی باڵوێزخانه‌ی ئێران‌و به‌یاوه‌ری پارێزه‌ری پۆلیسی نه‌مسا ده‌چێته فڕۆكه‌خانه‌ی ڤییه‌نناو له‌وێشه‌وه به‌ره‌و ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه.
رۆژی (19/7/1989) هێلین، هاوسه‌ری د.قاسملوو ڕایگه‌یاند «ئه‌وانه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌یان تیرۆركردووه، هه‌رسێكیان ئیتلاعاتی ئێرانن‌و به‌فه‌رمانی ڕه‌فسه‌نجانی‌و فه‌لاحیان ئه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه. ناوبراو له‌ڕێگه‌ی پارێزه‌رێكه‌وه داوای زیندانیكردنی تاوانبارانی كرد، به‌ڵام داواكه‌ی خاتوو هێلینیان به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه به‌ڵگه‌ی ته‌واو به‌ده‌سته‌وه‌نییه، ڕه‌دكرده‌وه.
ڕۆژی(25/7/1989) دادگای نێوده‌وڵه‌تی له دانه‌ك (هۆڵه‌ندا) وڵاتی نه‌مسای ئاگاداركرده‌وه كه تاوانبار بزۆرگیان خۆی له باڵوێزخانه‌ی ئێران له ڤییه‌ننا شاردووه‌ته‌وه! پێویسته حكوومه‌تی نه‌مسا رێگه‌یــه‌ك بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و تاوانباره بدۆزێته‌وه.
ڕۆژی (19/12/1989) دادگای نه‌مسا ئینجا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی ئه‌و سـێ تاوانباره‌ی ده‌ركرد، لێپرسراوانی نه‌مساش بۆیان ده‌ركه‌وتبوو كه بزۆرگیان له سه‌ره‌تای مانگی (12/1989)وه له نه‌مسا نه‌ماوه! ئه‌وجار ئه‌و فه‌رمانه‌یان ده‌ركرد.
د.عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوو، ساڵی (1930) له شاری ورمێ له‌دایكبوو. ماوه‌یه‌كیش مامۆستای زانسته ئابوورییه‌كان له زانكۆیه‌كی چیكۆسلاڤاكیا بووه.
ڕۆژی (20/7/1989) به هه‌زاران كورد‌و فه‌ڕه‌نسی‌و ئه‌وروپی له نـاشتنی ته‌رمی د.قاسملووی نه‌مر له قه‌برستانی پێرلاشێزی پاریس، به‌شداریانكرد. به‌ڵام یه‌ك نوێنه‌ری نه‌مساوی له‌وێ به‌شدارنه‌بوو.
د. قاسملوو له ماوه‌ی ژیانی سیاسی خۆیدا ڕۆڵێكی به‌رچاوی له بووژاندنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا هه‌بووه‌و سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ی كورد‌و كوردستان چه‌ند كتێبێكی نووسیوه‌و په‌رتووكی «كوردستان‌و كورد» ه‌كه‌ی بۆ سه‌ر چه‌ند زمانێكی زیندووی جیهان وه‌رگێڕراوه.
بڕیاری دادگای میكۆنۆس
هانس : یواخیم ئێریك
(پارێزه‌ری یه‌كێك له سكاڵاكه‌ران)
وه‌رگێڕ: تاهیر حیكمه‌ت
یه‌كه‌مجار كه حه‌ق به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیدا سه‌ركه‌وت
بڕیاری دادگای میكۆنۆس، پاش سێ ساڵ‌و نیو تاوتوێكردن‌و 247 كۆبوونه‌وه، له ده‌ی ئاوریلی 1997 دا، ڕاگه‌یه‌ندرا. رۆژێك پاشتر ڕۆژنامه‌ی "زود دۆیچه تسایتونگ" گرنگی جیهانی ئه‌و بڕیاره‌ی ڕاگه‌یاند" بڕیاری میكۆنۆس ته‌نیا نایه‌ته ناو مێژووی دادگاكانی ئاڵمانه‌وه، به‌ڵكو بۆ یه‌كه‌مجار دادگایه‌كی به‌رز له لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی قه‌تڵێكدا، رێبه‌رانی ده‌وڵه‌تێكیتری روون‌و ئاشكرا به‌به‌رپرسی سه‌ره‌كی بكوژی ناسی"
هه‌ر له ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی بڕیاره‌كه‌دا، باڵیۆزی ئاڵمان له گه‌ڵ باڵوێزی زۆربه‌ی وڵاتانی یه‌كگرتووی ئوروپادا به ئیعتیڕاز، له تاران بانگكرانه‌وه. حه‌وت مانگ رابوورد تا سه‌رده‌می سه‌هۆڵی دیپلۆماتیك ده‌ستیكرد به توانه‌وه‌و باڵیۆزه‌كان گه‌ڕانه‌وه بۆ شوێنه‌كه‌ی خۆیان. به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه كه هه‌موو شتێك وه‌كو پێشوو مابوو.
له 17ی سپتامبڕی 1992 دا كاتێك تیمێكی مه‌رگ به ده‌ستووری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له ڕستۆڕانی "میكۆنۆس"ی بڕلین، ڕێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆنی كورد (حزبی دیموكڕاتی كوردستانی ئێران) یان كوشت، ئه‌وروپا له‌ناوچه‌یه‌كی له باری حقووقی ئازاده‌وه بووبه شوێنی كوژان به پاسپۆرتی دیپلۆماتیكه‌وه. (برواننه : peter pitz, skorte nach Teheran, Wien 1997).
له ئوتریش، فه‌ڕانسه، سویس‌و جێگاكانیتر،"به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی"، ویستی ده‌وڵه‌ته‌كان‌و تیجاڕه‌تی پڕ سوود ئیزنیاندا تا بكوژه‌كان هه‌ڵێن‌و به‌و پێیه داڕێژه‌رانی پیلان دڵگه‌رمتربن. ته‌نانه‌ت سێ رۆژ پێش ده‌ستپێكردنی دادگا، له ئۆكتۆبری 1993دا، فه‌للاحیان وه‌زیری ئاسایشی ئێران له چاوپێكه‌وتنێكی فه‌رمی له بۆن، پێیوابوو كه ده‌توانێ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئاڵمان به تێكدانی دادگا مه‌جبووربكا یا له گه‌ڵیان بكه‌وێته مامه‌ڵه‌وه. هیچ نه‌بێت ده‌وڵه‌تی ئێران 15 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌و كاره‌دا سه‌ركه‌وتووبوو. ئه‌و كاته‌ی ته‌باته‌بایی جێگری سه‌ره‌كوه‌زیرانی ئێران به چه‌مه‌دانێكی 1،7 كیلۆیی تریاكه‌وه له فڕۆكه‌خانه‌ی دوسلدۆرف گیرا، پاش خولێكی چالاكانه‌ی دیپلۆماتیكی نێوان بۆن‌و تاران، سه‌رئه‌نجام ته‌باته‌بایی كرا به‌باڵوێزی تایبه‌ت‌و به‌و شێوه پارێزراوی دیپلۆماتیكی وه‌رگرت‌و بڕیاری گرتنه‌كه‌شی له‌سه‌رلابرا. مایه‌وه چه‌مه‌دانێك تریاك‌و ده‌زگایه‌كی قه‌زایی فریودراوو بێده‌سه‌ڵات‌و ئه‌و بۆچوونه‌ی تاران كه ده‌توانێ هه‌مووكات له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئاڵمان له‌سه‌ر ده‌زگای قه‌زاییه‌كه‌ی پێكبێت. له‌ڕاستیدا ئه‌مجاره‌ش سیاسه‌توانانی بۆن ئیشاره‌یان به‌دادگای سه‌ره‌كیدا كه ئیدیعانامه‌ی ناسیاسی‌و به‌بێ ناوبردنی ئێران بۆ دووره‌په‌رێزی له ناكۆكی دیپلۆماتیك، په‌سه‌ندتره. به‌ڵام فونشتاین دادستانی ئه‌و كات له‌وه به‌وزه‌تربوو ئیدیعانامه‌یه‌كی كه له‌ودا تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی به‌روونی وه‌كو هۆی تاوان ناوبردرابوو، ئیمزاكرد.
شمیت باوێر وه‌زیری ڕاوێژكارو لایه‌نی موعامه‌له‌ی فه‌للاحیان به‌سه‌ر ئامڕازی په‌یوه‌ندییه‌كانی گشتیدا ده‌یبۆڵاند كه" هه‌ركه‌س ورده‌كارییه‌كان بزانێت به ئاكامێكی به‌ته‌واوی جیاواز ده‌گات" ئه‌و به‌ته‌نیایی چووبووه لای قازی.
دوای ئه‌وه كوبش، سه‌رۆكی دادگا له ده‌فته‌ری كانسلێر (سه‌در ئه‌عزه‌م) داوای ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر‌و ئاشكراكردنی زانیارییه‌كانی پتر له‌وه‌ی كه هه‌ن، كرد. ئه‌و پاش داوای سكاڵای تایبه‌تی، وه‌كو شاهید هاته دادگا‌و سوێندیاندا. به‌وشێوه ده‌ركه‌وت كه ناوبراو هیچ ورده‌كارییه‌كی دژی به‌لاوه نییه. له ڕه‌وتی شاهیدی دانه‌كه‌یدا هه‌روها مه‌به‌ستی فه‌للاحیان بۆ وه‌لانانی دادگاش ده‌ركه‌وت، هه‌ر ئه‌و شته‌ی كه شمیت باوێر له په‌رله‌مانی ئاڵمان‌دا به بێده‌نگی خۆی لێلادابوو.
كانتێر وه‌زیری ناوه‌وه‌ی ئاڵمان كه خۆی پێشسواری خه‌باتی دژ به تاوانی له پێشدا داڕژاو ناوده‌برد، ئیزنی نه‌دا كه ڕاپۆرتی گرنگی "گروپی كاری ئێران" له ڕێكخراوی ئاسایشی ناوه‌وه‌ی ئاڵمان، به دادگا بدرێ. له‌و ڕاپۆرته‌دا هاتبوو كه زانیاری سه‌رچاوه‌یه‌كی جێی بڕوا ده‌ریده‌خا كه كوشتاری میكۆنۆس به ڕێبه‌ری نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماتیكی ئێران ئاماده‌و به‌ڕێوه‌براوه. ته‌نانه‌ت وشه‌ی نهێنی كرده‌وه‌كه كه ئه‌و ئامانجه خراپه‌ی به‌هۆی باڵیۆزی ئێرانه‌وه له بۆن به‌ڕێوه‌برد، له ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتبوو. له‌هه‌مانكاتدا ڕاپۆرته‌كه هه‌ڵگری زۆر بابه‌تی گرنگ سه‌باره‌ت به شێوه‌ی كار، سیسته‌م‌و چه‌په‌ره‌ی كاری ڕێكخراوه‌كانی سیخوڕی ئێران له خاكی ئاڵمان‌دا بوو.
له‌وێوه كه ئاكسێل یێشكه پارێزه‌ری شكایه‌تكه‌ری خوسووسی توانیبووی كۆپییه‌كی ئه‌و ڕاپۆرته بدات به دادگا، دادگای به‌رز ده‌بووایه بڕیاری دابا كه سه‌ره‌ڕای دژایه‌تی وه‌زیری داخلی، ئه‌و كۆپییه بخوێنێته‌وه‌و بایه‌خی بۆدانێت، یا چاوی لێبپۆشێ. سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوێستی دادستانی، دادگا بڕیاری به‌و كاره‌دا. ئه‌و بڕیاره نیشانه‌یه‌ك له سه‌ربه‌خۆیی دادگای به‌رزو بنه‌ڕه‌تی بڕوای ئوپۆزیسیۆنی ئێران به‌وه‌بوو كه ناتوانرێت له گه‌ڵ ئه‌م دادگایه سرتوخورت بكرێ. هه‌ر له‌و كاته‌دا، هاوكاری ڕێكخراوی ئاسایشی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان‌و ڕێكخراوی ئاسایشی ئێران كه به واته‌ی خۆیان خه‌بات دژی ماده‌ی سڕكه‌رو تیرۆریزم بوو، خوڵقێنه‌ری ئه‌و بێبڕواییه بوو. كاره‌ساتی ته‌باته‌بایی‌و نییه‌تپیسی میكۆنۆس ده‌ریانخست كه له ڕاستیدا پێوه‌ندی كۆماری ئیسلامی‌و ماده‌ی سڕكه‌ر له‌چیدایه.
قه‌راری ده‌سگیركردنی فه‌للاحیان وه‌زیری ئاسایشی ئێران كه دیوانی به‌رزی قه‌زایی ئاڵمان سه‌ره‌ڕای بێمه‌یلی ده‌وڵه‌تی ئاڵمان ڕایگه‌یاند ، پیشانیدا كه قووه‌ی قه‌زایی ئاڵمان پێی‌خۆش نییه كه وه‌كو به‌برێكی كاغه‌زی پیشانبدرێ.
دواترین وێنه‌ی په‌یوه‌ندی ده‌زگای قه‌زایی ئاڵمان له كاره‌ساتی میكۆنۆس‌دا، كاتێك بوو كه دادستانی گشتی، دادستانی به‌رز یۆست‌و گیۆڕگ له نوڤامبری 1996 دا نه‌ترسانه له "ماشێنی مه‌رگ"ی ئێران باسیانكردو ئه‌ندامانی ئه‌و ماشێنه‌یان به‌ناو، ناوبرد. له شاری موقه‌ده‌سی قوم فتوای كوشتنی ئه‌وان ده‌ربڕا. كۆهل سه‌رۆكی ئاڵمان به جێگای ئه‌وه‌ی به ڕۆشنی وه‌ڵامی ئه‌و شته قێزه‌ونیه بداته‌وه له نامه‌یه‌كدا بۆ ڕه‌فسه‌نجانی، سه‌رۆككۆمار، لێبووردوویی هێناوه كه هیچ كه‌س ئامانجی برینداركردنی "هه‌ستی مه‌زهه‌بی" ئێرانییه‌كانی نییه‌و به‌وشێوه پشتی نوێنه‌رانی دادستانی به‌تاڵكرد.
ئه‌و بڕیاره ئاشكرایه، دانپێدانانێكی هوشیارانه بوو بۆ سه‌ربه‌خۆیی قووه‌ی قه‌زایی‌و نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی سێیه‌م له ئاست ویستی ده‌وڵه‌تدا سه‌ری دانه‌ده‌نه‌واند.
سه‌باره‌ت به كاره‌ساته‌كه، ناوبردنی ئێران وه‌كو بڕیارده‌ری سه‌ره‌كی كوشتاره‌كه له سه‌ره‌تادا رووننه‌بوو. ئه‌و مه‌ترسیه هه‌ست پێده‌كرا كه وه‌كو ده‌ڵێن 4 كوژراو‌و 5 گومان‌لێكراو، ئیتر چتان ده‌وێ؟ هۆكاره‌كانی كاره‌ساتی میكۆنۆس بشاردرێنه‌وه‌و وه‌كو ته‌قه‌یه‌كی هه‌موو رۆژی له قاوه‌خانه‌یه‌كدا داوه‌ری له‌سه‌ربكرێ. كاره‌ساتی كوژرانی قاسملو كه كاره‌ساتی میكۆنۆس په‌یوه‌ندی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له گه‌ڵ ئه‌و هه‌یه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌كو دیكۆمێنت له لایه‌ن دادگاوه نه‌هاته‌گۆڕێ. داواكاری دادگا له‌و باره‌وه پێویست بوو. پرسیاركاری له گه‌نجێ كه فه‌رمانی كوشتنی ئه‌ویش ده‌ربڕدرابوو، هه‌روا نه‌هاته گۆڕێ. به‌هۆی داواكاری شكایه‌تكه‌ری تایبه‌تی، سه‌رۆككۆماری پێشووی ئێران، به‌نی سه‌دریش شه‌هاده‌تیداو ڕاپۆرتی گرووپی كاری ئێران له‌ڕێكخراوی ئاسایشی ناوه‌وه‌ی ئاڵمان به‌و دیكۆمێنتانه‌وه لكا.
دادگا له‌ڕه‌وتی كاری خۆیدا هه‌ڵوێستی گوماناوی خۆی وه‌لاناو "ویستی بزانێت" واته به‌و جێیه‌گه‌یشت كه هۆكاره‌كانی ئه‌و تاوانه نه‌ترسانه روونكاته‌وه.
ئه‌و پێداچوونه‌وه به‌بۆچووندا له پله‌ی یه‌كه‌مدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كاری بێپسانه‌وه‌و ماندوونه‌ناسی‌و هه‌روه‌ها هه‌ڵسوكه‌وتی ڕاشكاوانه‌ی برۆنۆ یوست‌و رۆناڵد گیۆرگ، نوێنه‌رانی دادستانی. دادستانی به‌رز یوست، هه‌ر له ڕۆژه‌كانی هه‌وه‌ڵه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌كانی برده‌پێش. ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به" وه‌لانانی ئێران" ه‌وه نه‌لكا. هه‌نگاو به‌هه‌نگاو كاری له سه‌ر ڕاسته‌قینه‌كان‌و هه‌روه‌ها هۆكاره سیاسی‌و مێژووییه‌كان كرد، پاشان كاتێك كه بای دژایه‌تی له بۆن‌و ته‌نانه‌ت جێی كاره‌كه‌ش هه‌ڵیكرد، به‌و بڕوایه‌یدا كه پێیگه‌یشتبوو پتر پێی چه‌قاند. له ئیداره‌ی جینایی فیدڕاڵ‌و ڕێكخراوی ئاسایشی ناوه‌وه‌و هه‌روه‌ها ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان‌دا، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ساڵه‌ها له ته‌موزاییكی تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی ئێرانیان كۆكردبوویه‌وه، به پێیزانینه‌وه دایان به كابرایه‌ك تا كاریان له‌سه‌ربكات‌و ئه‌ویش سه‌ره‌نجام به ئاشكرا نرخی بۆ دانان‌و وێنایه‌كی ته‌واوی لێپیشاندان.
ژنی كوژراوه‌كان دیه كوردی‌و عه‌بدولی‌و هه‌روه‌ها حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ڕۆژێك پاش تیرۆره‌كه به ویستی خۆیان ولفگانگ ویلاندو منیان بۆ داكۆكیكردن له مافی خۆیان هه‌ڵبژارد. ئه‌و پارێزه‌رییه سه‌ره‌تا پڕبوو له‌بێمتمانه‌یی به كاربه‌ده‌ستانی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاڵمان كه ئایا ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له سه‌ر بنه‌مای (ئێرانی) بوونی كاره‌ساته‌كه بچنه‌پێشه‌وه، بۆ وێنه ڕێكخراوی ئاسایشی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵمان له گه‌ڵ ئاسایشی ئێران كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وه‌كو لێپرسراوی تیرۆره‌كه ده‌هاته‌به‌رچاو، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌ڕمی په‌یمانی هاوكاری هه‌بوو.
له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا بڕیاری ئوپۆزیسیۆنی ئێران كه هه‌موو زانیارییه‌كانی خۆی بێ ئه‌گه‌رو به‌ڵام بخاته به‌رده‌ستی دادستانی به‌رزی یوست‌و پۆلیسی جینایی فیدڕاڵه‌وه، بڕیارێكی گرنگ‌و رێئاوه‌ڵاكه‌ر بوو، ئه‌گه‌رچی له سه‌ره‌تادا گونجاو نه‌ده‌هاته‌به‌رچاو.
كاری سه‌ربه‌خۆی پارێزه‌رانی "سكاڵابه‌رانی خوسووسی" له پڕۆسه‌ی كۆڵینه‌وه‌ی داددا گرنگبوو. سه‌ره‌تا په‌یوه‌ندی نێوان پارێزه‌رانی سكاڵابه‌ران‌و نوێنه‌رانی دادستانی پڕبوو له بێمتمانه‌یی. پارێزه‌ران ده‌ترسان كه نوێنه‌رانی دادستانی به‌هۆی هه‌لپه‌رستی سیاسی یا مقامپه‌رستییه‌وه، هۆكاره سیاسییه‌كانی ئه‌و تیرۆره له‌بیربه‌رنه‌وه، به‌پێچه‌وانه ئه‌و ترسه نه‌گوتراوه‌ش هه‌بوو كه پارێزه‌ران به‌درووشمی ته‌بلیغاتی رووته‌وه، دادگایه‌ك كه ناكه‌وێته ناو پرسێكی سیاسییه‌وه به‌چاوی گومان‌و بێبڕواییه‌وه ببینن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه جاروبار لێكه‌هه‌ڵبه‌زینه‌وه‌و دژایه‌تیكردنیش له‌گۆڕێدابوو، له‌ڕه‌وتی دادگادا بڕوای دوو لایه‌نه په‌ره‌یسه‌ند كه ته‌واكه‌ری یه‌كتربوون. له‌كاتێكدا كه نوێنه‌رانی دادستانی به شێوه‌یه‌كی ئاسایی كاربه‌ده‌ستان‌و سیستمی لێكۆڵینه‌وه‌یان به ده‌سته‌وه‌بوو، سكاڵابه‌رانی خوسووسی ده‌یانتوانی زانیاری پترو له په‌راوێزدا له ئوپۆزیسیۆن داوابكه‌ن‌و وه‌ریشیبگرن. بۆ وێنه ژماره ته‌له‌فونه‌كانی ئێران كه له ده‌فته‌ری تۆماری گومانلێكراواندا دۆزرابویه‌وه هه‌ر له‌وێ روونكه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیداره ده‌وڵه‌تیه‌كاندا كه هه‌میشه ده‌بووا روو له‌به‌شی بڵاوكراوه ده‌وڵه‌تییه‌كان كرابا. سكاڵابه‌رانی خوسووسی به‌شێوه‌ی جۆراجۆر ده‌یانتوانی له گه‌ڵ ئامڕازی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كان په‌یوه‌ندیبگرن. هه‌ر بۆیه‌ش پشتگیری بیروڕای گشتی تواندرا په‌یتاپه‌یتا وه‌جووڵه بخرێت. ناتوانرێت ئه‌وه بسه‌لمێت به‌ڵام به بڕوای من ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌كان هه‌ر له سه‌ره‌تای لێكۆڵینه‌وه‌وه تا ڕاگه‌یاندنی حوكمه‌كه نه‌خشێكی زۆر گرینگ‌یان هه‌بوو. ئه‌وان ئامانجی وه‌زاره‌تخانه‌كانیان بۆ ده‌ربڕینی "ئیددیعانامه‌یه‌كی دیپلۆماتیك" له‌قاودا، په‌یتا په‌یتا خوازیاری روونكردنه‌وه سه‌باره‌ت به‌هۆكاری قه‌تڵه‌كان بوون، نه‌یانهێشت سه‌رنجی بیروڕای گشتی بخه‌وێت، نه‌خشی به‌رژه‌وه‌ندی ئابوورییان ده‌رخست‌و ئه‌وكات كه لێكۆڵینه‌وه‌كان، پیشانیاندا كه فه‌للاحیان وه‌زیری ئاسایشی ئێران له‌و كاره‌ساته‌دا ده‌ستی هه‌بووه، خوازیاری قه‌راری گرتنی بوون. ئازایه‌تی هه‌ندێك له كه‌سه‌كانیش جێی باسه به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر چاره‌نووسی سه‌لمان ڕوشدی‌و وه‌رگێڕ و بڵاوكه‌ره‌وانی كتێبه‌كه‌ی له‌به‌رچاوبگرین.
به‌م شێوه سرییه‌ك هۆكار له‌سه‌ركه‌وتنی ڕاسته‌قینه له دادگای میكۆنۆس‌دا گرینگ‌یان بوو. ئه‌و هۆكارانه‌ی كه به‌نی سه‌در سه‌رۆككۆماری پێشووی ئێران كه له دادگاشدا شاهیدیدا، له ساڵتێوه‌رسووڕانی حوكمه‌كه‌دا ئاوا سه‌ریه‌كیخستنه‌وه: ئه‌و سه‌ركه‌وتنه نه‌ده‌هاته‌ده‌ست ئه‌گه‌ر دادوه‌رو دادستان‌و لێكۆڵه‌رو پارێزه‌ره‌كان سه‌ربه‌خۆیی‌و ئازایه‌تییان نه‌بووایه. ئه‌گه‌ر ئێرانییه‌كان خۆیان له گیری خۆپارێزی رزگارنه‌كردبایه‌و شوێن دۆزینه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه نه‌كه‌وتبانایه تابیده‌ن به‌دادگا. ئه‌و ئێرانییانه‌ی كه له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی ئێران، گیانی خۆیان خسته‌مه‌ترسیه‌وه، ئه‌ویش نه‌بۆ لایه‌نگری یا دژایه‌تی سیاسی، به‌ڵكو بۆ ده‌ربڕینی ڕاسته‌قینه، ئه‌گه‌ر ڕاگه‌یاندراوه‌كان، به‌تایبه‌ت ڕاگه‌یاندراوه ئه‌ڵمانییه‌كان، بیروڕای گشتییان له ڕاسته‌قینه ئاگادارنه‌كردبایه، ئه‌گه‌ری ئه‌وه بوو كه ڕاسته‌قینه ببێته‌قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای ده‌وڵه‌ت. (انقلاب اسلامی در هجرت، شماره 435)
ئه‌و ئێرانییانه‌ی كه گیانی خۆیان خسته مه‌ترسیه‌وه‌و به‌نی سه‌در باسی ئازایه‌تییان ده‌كات، بۆ وێنه بۆ خۆیه‌تی‌و هه‌روه‌ها گه‌نجی‌و حسه‌ینی كه سه‌ره‌ڕای ترساندنیان به كوشتن له‌ژێر پارێزگاری تووندوتیژدا له‌دادگا شاهیدییانداو زیاتر له‌هه‌موان پیاوێك له‌به‌رچاوه كه به‌بۆنه‌ی محاكه‌مه‌كه‌وه وه‌كو یارمه‌تیده‌ری روونبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه، له دادگادا كه‌ڵكی لێوه‌رگیرا.
له به‌هاری ساڵی 1996دا یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ئێران له‌و وڵاته هه‌ڵات، ئه‌و زانیاری زۆر گرنگ‌و به‌رچاوی له‌سه‌ر" كومیته‌ی كاروباری تایبه‌تی" هه‌بوو، كومیته‌یه‌كی نائاشكراو له‌وپه‌ڕی یاسای بنه‌ڕه‌تی كه سه‌ركۆمار، سه‌رۆكی واواك، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌و رێبه‌ری مه‌زهه‌بی تێیدا ئه‌ندامن. جێژنی ئۆسته‌رنی 1996 من به هۆی به‌نی سه‌دره‌وه له هه‌ڵاتنی ئه‌و كه‌سه كه له پاكستان خۆی شاردبویه‌وه، ئاگاداربووم. هه‌وڵی من بۆ ڕاگواستنی ئه‌و بۆ ئه‌وروپا بێ‌ئاكام مایه‌وه. خوێندنه‌وه‌ی ئاخر داكۆكییه‌كان كه‌وتبووه ژوئێنی 1996. وا ده‌هاته‌به‌رچاو كه زانیارییه‌كانی ئه‌و كه‌سه بۆ دادگا ئیتر له ده‌ستچوون. دوایی شتێك قه‌وما كه من له دادگادا ناوی گێره‌شێوێنی ده‌وڵه‌تیم له‌سه‌ردانا: سه‌فیری ئێران به شمیت باوێری ڕاگه‌یاند كه دوو شاهید كه له ئێران ده‌ژین ئاماده‌ن كه له‌باڵوێزی ئاڵمان له تاران‌دا شاهیدی بده‌ن. به‌و شێوه دادگای دوایی چه‌ند مانگێك وه‌دواكه‌وت. به‌درێژه‌كێشانی دادگا به زیانی سه‌به‌بكاره‌كانی ته‌واوبوو. له ئوتی 1996 دا ئوپۆزیسیۆنی ئێران توانی پیاوی ناوه‌وه‌ی ئیتلاعات بێنێته ئه‌وروپا. هه‌روه‌كو به‌نی سه‌در له كاتی شاهیدیدان له دادگادا له شاهیدی c وه‌كو سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانی خۆی ناویبرد. دواتر له نێوان c كه به نهێنی ده‌ژیاو دادستانی باڵا، یوست پێوه‌ندی دامه‌زراندو سه‌رئه‌نجام c به‌بێ ئاماده‌یی گوێ‌گران له دادگادا شاهیدیدا. ئێران له دۆسیه‌یه‌كدا كه بۆ وه‌زاره‌تی دادی نارد ناوی میسباحی ئاشكراكرد. هه‌وڵی ئێران بۆ ئه‌وه‌ی میسباحی وه‌كو درۆزن‌و فشه‌كه‌ر ناوخراپ بكات زۆر لێكۆڵینه‌وه‌ی پێویست بوو، له پرسیار‌و وه‌ڵامی سیاسه‌توانانێك وه‌كو یوخن فۆگل، كوشینگ‌و ویشنۆفسكی تا دۆزینه‌وه‌ی كاغه‌زی پێناسه‌ی هوتێل له سویس. میسباحی هه‌ر چی گوتبووی ڕاستبوو. وته‌كانی ئه‌و بوونه یه‌كێك له ئه‌ستوونده‌كانی گرنگی حوكمه‌كه.
میسباحی دوای ڕاگه‌یاندنی حوكمه‌كه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك وته‌كانی خۆی وه‌رنه‌گرته‌وه. به بڕوای ئه‌و، كومیته‌ی كاروباری تایبه‌تی ئه‌گه‌رچی ئێستا ئیتر نه‌ماوه ئه‌گه‌ر راست بێت شتێك نییه بێجگه له سه‌ركه‌وتنی ئاشكراكردنی له هه‌موو جیهاندا به‌هۆی حوكمی میكۆنۆسه‌وه.
پاش ئه‌و حوكمه چ قه‌وما؟ له كاتێكدا كه قه‌راری ده‌سگیركردنی فه‌للاحیان وه‌زیری ئیتلاعاتی ئێران له ڕه‌وتی دادگای بڕلیندا له لایه‌ن دادگای هه‌ره به‌رزی وڵاته‌وه ده‌رچوو، قه‌راری تریش له مانگه‌كانی پاش ده‌رچوونی حوكمه‌كه بۆ عه‌لی كه‌مالی‌و ئه‌سغه‌ر ئه‌ڕشه‌د وه‌كو رێكخه‌رو هه‌روه‌ها بۆ عه‌بدوڕه‌حمان به‌نی هاشمی ناسراو به "شه‌ریف" موسه‌لسه‌لچی‌و سه‌رۆكی تیمی تیرۆر ده‌رچوو. بێجگه له‌مانه قه‌راری ده‌سگیری فه‌زلوڵڵا حه‌یده‌رو عه‌لی سه‌برا، لێخوڕو كڕیاری ماشێنی هه‌ڵاتن هێشتا به‌جێی خۆی ماوه. كه‌ی ئه‌م قه‌رارانه به‌رێوه‌ده‌چن، كه‌س نایزانێت.
دادستانی گشتی بۆ ئه‌ندامه‌كانی تری كومیته‌ی تایبه‌ت بێجگه له فه‌للاحیان – واته سه‌رككۆمار، رێبه‌ری مه‌زهه‌بی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و نوێنه‌رانی تری ئورگانی ئیتلاعات پاش لێكۆڵینه‌وه‌و وتووێژ له بۆن به‌و ئاكامه گه‌یشت كه لێپرسینه‌وه ده‌ستپێنه‌كات‌و هه‌ربۆیه‌ش قه‌راری ده‌سگیری داوانه‌كرد. تا ئه‌م قۆناغه دادستانی گشتی فیدڕاڵ به پێی بڵاوكراوه‌یه‌ك له ڕاگه‌یاندراوه‌كاندا له 15 ی مانگی مای 1997 دا ڕایگه‌یاند" به‌ربڵاوی پارێزراوی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌گشتی ناروونه. لێكۆڵینه‌وه‌ی پتر بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی كۆمیته‌و سه‌لماندنی به‌شداری سه‌لمێندراوی ئه‌ندامانی كۆمیته بێجگه له فه‌للاحیان وه‌زیری ئیتلاعات له تاواندا نه‌گونجاوه. له‌م بارودۆخه‌دا ده‌ستپێكردنی لێكۆڵینه‌وه دژی ئه‌ندامانی كۆمیته به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دژی به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه."
به‌وشێوه دادستانی گشتی له ئاست سێ ڕێگردا سه‌ریدانه‌واند: گرفتی یاسایی (یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی) گرفتی به‌كرده‌وه بۆ روونكردنه‌وه‌ی چۆنایه‌تی بڕیاره‌كانی كۆمیته( كه‌ی‌و به‌بوونی كێ ئه‌و بڕیارانه گیراون؟) و ئاخرین‌و نه‌كه‌م گرنگی خۆپارێزی سیاسی كه به‌ناوی "شێوه‌ی سه‌ره‌كی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی" به پێی ماده‌ی 153 ی به‌ندی پ ی یاسای حوكمی گشتی ناویبرابوو.
من ئه‌و بڕیاره‌ی دادستانی باڵای هه‌موو وڵات به جێی داكۆكی ده‌زانم. ته‌نانه‌ت به بێڕاگه‌یاندنی تاوانێكی ئه‌وتۆ، تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تی رێبه‌رانی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئێران له ساڵی 1992 دا له بڕیارێكی یاساییدا سه‌لمێندرا. گۆڕانكاری سه‌ره‌كی ده‌بێ له ئێران‌دا بێته‌گۆڕێ. ئایا ئه‌و حوكمه به‌شی له‌و كاره‌دا ده‌بێت؟
باشتر له من به‌نی سه‌در ده‌توانێ داوه‌ری بكات كه ساڵێك پاش ئه‌و حوكمه نووسی: دوای ساڵێك له ده‌رچوونی حوكمی دادگا، له دوو هه‌ڵبژاردندا كه ڕژێم بۆ خۆی به‌ڕێوه‌یبرد، خه‌ڵكی ئێران یه‌كپارچه دژایه‌تی خۆیان له گه‌ڵ ڕژێمی ویلایه‌تی فه‌قیه ده‌ربڕی: "هه‌ڵبژاردنی" 22ی مای 97 (خوردادی 1367)، له كه‌شوهه‌وایه‌كدا كه دادگا پێكیهێنابوو، هه‌لێكی به خه‌ڵكی ئێران‌دا تا دژایه‌تی خۆیان له گه‌ڵ ڕژێم ده‌ربڕن. له "هه‌ڵبژاردنی" نێوان ده‌وره‌یی 13ی مارسی 98 (22ی ئه‌سفه‌ندی 76)، خه‌ڵكی ئێران، به بایكوتكردنی خۆبه‌خۆ، جارێكی‌تر دژایه‌تی خۆیان ده‌ربڕی. خۆپیشاندانی خوێندكاران به هاواری "بمرێ فاشیزم"، "تاڵه‌بان له ئێران بڕۆ" ، "ئێمه ئازادیمان ده‌وێ" و جووڵانه‌وه‌ی حه‌وزه‌كانی دینی‌و خه‌ڵكی شاره‌كان، له‌نێوان دوو "هه‌ڵبژاردن"دا، بوونه بازنه‌یه‌ك‌و په‌تێكی پێكه‌وه‌لكاو له هه‌وڵی ئێرانییه‌كان بۆ دابینكردنی سه‌روه‌ری خه‌ڵك. له‌و ساڵه‌دا ڕاسته‌قینه‌یه‌ك ده‌ركه‌وت كه‌له ڕۆژئاوادا به پێچه‌وانه ده‌بینرا. ئه‌و مه‌یله توندڕه‌وانه‌ی كه له رۆژئاوا نازناوی "ئه‌نتیگریست"یان داوه‌تێ، له كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا پاڵپشتی پێنج له سه‌دیشی نییه.
ته‌نیا مێژوو ده‌توانێ وڵامبداته‌وه كه ئایا سه‌رۆككۆماری نوێی ئێران خاته‌می ته‌نیا مه‌لایه‌ك له جلوبه‌رگی مودێڕندایه یا ده‌بێته ئاوه‌ڵاكه‌ره‌وه‌ی ڕێگای دیموكڕاسی؟
میكۆنۆس تا سیپتامبری 1992 ته‌نیا ناوی دوورگه‌یه‌كی حه‌سانه‌وه له یونان بوو پاشان هاوناو له گه‌ڵ كوشتاری به‌ده‌ستووره. به‌ڵام پاش ده‌رچوونی حوكم، میكۆنۆس وه‌كو نیشانی ئازایه‌تی‌و سه‌ربه‌خۆیی قووه‌ی قه‌زایی، شكانه‌وه به‌ره‌و ڕووناككردنه‌وه به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی پرسی سیاسی‌و ڕاگه‌یاندنی ڕاسته‌قینه سه‌ره‌ڕای ته‌وژم، به كورتی نیشانه‌ی ئومێده.
جارێكی‌تر به‌نی سه‌در: "ئه‌مه یه‌كه‌مجاربوو كه حه‌ق به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیدا سه‌ركه‌وت."
هانس یواخیم ئێریك (پارێزه‌ری یه‌كێك له سكاڵاكه‌ران) ئوكتوبری 1998
دادگای باڵای جینایی به‌رلین
به ناوی میلله‌تی ئاڵمان
تیرۆری سێ ژنه سیاسه‌تمه‌داری كورد له فه‌ره‌نسا
له گه‌رمه‌ی هه‌واڵ‌و ده‌نگوباسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به دانیشتنی ده‌وڵه‌تی توركیا‌و پ ك ك بۆ دیتنه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌كی ئاشتیانه بۆ كێشه‌ی كورد له باكوری كوردستان‌و له‌حاڵێكدا جارێ هیچ هه‌واڵێكی باوه‌ڕپێكراو له ئه‌نجامی یه‌كه‌م گفتوگۆدا له‌به‌رده‌ستدانییه، ڕاست له‌وكاته‌دا ده‌ستێكی ڕه‌شی تیرۆریستی له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نساو له‌كردارێكی ناجوامێرانه‌ی دژی به‌شه‌ریدا 3 خه‌باتكاری كورد، 3 ژنه تێكۆشه‌ری ڕێگای ئازادی‌و به‌خته‌وه‌ری گه‌لی كورد، ده‌داته‌به‌ر هێرشێكی نامه‌ردانه‌و به‌داخه‌وه هه‌رسێكیان شه‌هیدده‌كرێن. جێگای ئاماژه‌یه ئه‌و 3 كه‌سه ئه‌ندام‌و لایه‌نگری پارتی كرێكارانی كوردستانن‌و یه‌كیان له ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری پ ك ك یه.
ئه‌و كرده‌وه دژی به‌شه‌رییه له كاتێكدا دێ كه زۆر كه‌س‌و لایه‌ن به‌جیدی ده‌رواننه ئاكامی یه‌كه‌م دانیشتنی كورده‌كان‌و حكوومه‌تی توركیا كه له ئیمراڵی‌و ده‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان سه‌ركرده‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان ئه‌نجامدراون. هیچ گومان له‌وه‌دانییه ئه‌و كرده‌وه هه‌ركه‌س‌و لایه‌نێك ئه‌نجامیدابێت ته‌نیا ئامانجی له‌باربردنی ئه‌و دانیشتن‌و دیالۆگانه‌یه كه لاپه‌ره‌یه‌كی تازه‌یه له‌مێژووی كورد‌و ده‌وڵه‌تی توركیادا. وێڕای مه‌حكوومكردنی ئه‌و تیرۆره وحشیانه‌یه ئومێده‌وارم خوێنی به‌ناحه‌قڕژاوی ئه‌و سێ تێكۆشه‌ره كورده ون نه‌بێت‌و پۆلیسی فه‌ره‌نسا هه‌رچی زووتر سیمای بكۆژان ئاشكرابكات‌و به‌دادگای ئه‌و وڵاته‌یان بسپێرێ‌و جیهانیش بۆی روونبێته‌وه كه كێن ئه‌وانه‌ی دژی هه‌رچه‌شنه دیالۆگ‌و ڕێككه‌وتنێكی كورد‌و ده‌وڵه‌تی توركیان.