11/11/2013 نوسەر: bzavpress

"کە لە تیمێک بوویت، تیمەکە پێکەوە دەیباتەوە و پێکەوە دەیدۆڕێنێت"


کە تەمەنم 11 ساڵ بوو، بۆ تیمێکی دووگۆڵی یاریم دەکرد، ناوی تیمی شەرابیەکان بوو ( واته ڕەنگی مارۆنی) (The Maroons) لە 'خولی بچووک' (Little League) بەشدار بووین. تیمەکەمان زۆر بەهێز بوو، چەندین یاریمان لەسەر یەک بردەوە و کەس دەرەقەتی ئێمە نەدەهات، هێنده له خۆمان گۆڕابووین واماندەزانی ئەگەر لەگەڵ لیڤەرپوول یاری بکەین دەیبەینەوە. (لیڤەرپوولی ساڵانی پێشوو وەک لیڤەرپوولی ئەمڕۆ نەبوو، وەک بەرشلۆنەی ئەمڕۆ وابوو!).

لە پڕ لە یارییەکدا لەگەڵ تیمی 'سوورەکان'، کە تیمێکی زۆر لاوازبوو، چاک دۆڕاین بە ئەنجامی (4-0) ، کەس چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد بەم شێوەیە لەگەڵ تیمێکی لاوازدا شکست بێنین. لە هەمووی ناخۆشتر، یەکێک لە ئامۆزاکانم بۆ تیمەکەی تر یاری دەکرد!
زۆر نیگەران ببووین لەناو خۆماندا، یەکترمان تاوانبار دەکرد، ئەم دەیووت خەتای تۆ بوو، ئەو دەیووت خەتای گۆڵچیەکەمان بوو، دوو یاریکەر لە یەکتریان دا، منیش ئەوەندە پەست ببووم قسەم لەگەڵ کەس نەدەکرد.

دوای ئەو هەمووە هات و هاوار و فەرتەنەیە، مامۆستاکەمان هەموومانی بانگ کرد و ئێمەش لێمان پرسی، چۆن یاریەکەمان دۆڕاند؟ لەوەڵامدا هەموومانی وەک یەک تاوانبار کرد. هەرگیز قسەکانیم لەبیر ناچێتەوە، وتی" کە لە تیمێک بوویت، تیمەکە پێکەوە دەیباتەوە و پێکەوە دەیدۆڕێنێت، ئێمە ئەمڕۆ هەموومان دۆڕاندمان" دوا قسەکانیشی زۆر سەرنجی ڕاکێشام، کە وتی: "پێم خۆش بوو کە دۆڕاندمان و بە تایبەت بەو شێوەیەش، لەبەرئەوەی، یەک: لەخۆبایی و بێمنەت ببوون، دوو: پێم خۆش بوو چونکە تا نەیدۆڕێنیت، قەدری بردنەوە نازانیت". ئەم قسانەی دوو وانەی گرنگی فێرکردم، لە لایەک فێربووم دۆڕاندن مانای شکست و بێ هیوایی نیە بەڵکو هاندەرێکی گرنگە بۆ بە خۆداچوونەوە و خۆباشترکردن و لە لایەکی دیکەوە گەر دۆڕاندنیش نەبێت ئەوا سەرکەوتن مانا نابەخشێت یاخود شتێک نیە پێی بووترێت سەرکەوتن و چێژی سەرکەوتن. لەهەمان کاتدا هیچ تیم و گرووپ و حزب و مرۆڤێک نیە تەواو بێگەردبێت و هەرگیز نەدۆڕێت، تەنها دیکتاتۆرەکان نەبێت کە ئەمەش سەرکەوتنیان بە زۆرەملێ و بە سەپاندنە.

کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی 21/9 دەرچوون، و بە داخەوە لە لایەن هەندێکەوە گلەیی و گازەندە و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی هاتە ئاراوە، ڕاستەوخۆ قسەی مامۆستاکەم هاتەوە بیر. بێ گومان باوەڕ ناکەم هیچ ئەندامێکی دڵسۆزی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رازی بووبێت بە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە، جا ناوی دەنێیت دۆڕاندن، پاشەکشەکردن یاخود هەر ناوێکی تر، گرنگ ئەوەیە، نەمان بردەوە. کە نەمان بردەوە، پێویستە هەموومان، هەر ئەندامێک، یان دڵسۆزێکی یەکێتی بە پێی بەرپرسیارێتی و قەبارەی ئەو رۆلەی کە هەیبووە خۆی بە بەرپرسیار بزانێت. لە جێگرەکانی سکرتێری گشتییەوە، تاکو ئەندام کەرتێک، ئێمە هەموومان بەرپرسین لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە و کەس نابێت خۆی جیا بکاتەوە لەم راستییە و لە هەمانکاتیشدا هەموومان بەرپرس دەبین لە هەستانەوە و گەشەدان بە یەکێتی.

دەبێت ئەو ڕاستیەش لە بەرچاوبگرین کە ئەم ئەنجامە، کۆتایی دونیا نیە و کۆتا هەڵبژردانیش نیە، وەک چۆن ئاماژەم بە وتەکانی مامۆستاکەم کرد ئێمە گرنگە وانەی لێ فێربین و ئەوەی کە بەسەر یەکێتیەکەمان هات بکەینە هۆکارێک بۆ سەرکەوتنەوەمان.

هەر چەندە، پێم وایە نەمانتوانی دەرس وەر بگرین لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٠، بە هۆی هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ پارتی چونکە یەک-لیست بووین، ئەمەش تا ڕادەیەک ئەم هاوپەیمانێتیە ڕاستیەکانی ئەو هەلبژاردنانەی شاردبووەوە، ئێستا خۆدزینەوە لەم دەرئەنجامە ناکرێت. بۆیە با سوودی لێوەربگرین، دەرسی لێ وەر بگرین و با ئێمە ئەم دەرئەنجامە بکەین بە هۆیەک بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی راستەقینە و واقیعبینانە و بێ سانسۆر بکەین. با بێتەوە بیرمان چێژی بردنەوە چەند خۆش بوو و ئەو هەستەش کە دوای 21ی 9 هەمان بوو چەند ناخۆش بوو. با ئەم هەستە بکەین بە هۆیەک بۆ پێداچوونەوەی سەرتاسەری حزبەکەمان، لە پەیکەری ڕێکخراوەیی حزبەکەمان، تاکو شێوازی کارکردنی حزبەکەمان، لە فەرهەنگ و ئایدیۆلۆجی حزبەکەمان، تا سیاسەت و بۆچوونمان.

دڵنیام، ئەگەر دەرس وەر بگرین لە ڕابردووی ئەم چەند ساڵەمان، نەک تەنها دەتوانین یەکێتی بکەینەوە بە هێزی کاریگەر و خەمخۆری گەلەکەمان، بەڵکو دەتوانین یەکێتی بگەیێنینەوە ئەو ئاستە کە شایستەیەتی، ئاستی دارێژەری سیاسەت و ستراتیجی کوردستان بۆ بەدیهێنانی خواستی گەلەکەمان. نوێکردنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەک تەنها بە هێنانە پێشەوەی روخساری نوێ، بەڵکو بە دەستپێکردنی گۆڕانکاریەکی سەرتاسەری حزبی، بە سوود وەر گرتن لە رابردوو، لە پێناو ئایندەیەکی گەش و دووبارە هاتنەوە ناو خەڵک و گرنگی دان بە ڕای گشتی، چونکە دروستبوونی یەکێتی دەرئەنجامی ئازار و نەهامەتی خەڵکەکەی بوو. وەک چۆن هێزی هیوا بەخشبووین دڵنیام دەبینەوە بە هێزێکی خاوەن هیوا بۆ گەلەکەمان بە گشتی نەک تەنها کادر و ئەندامەکانمان.

تێبینی: پاش دۆڕاندنمان لەگەڵ تیمی سوورەکان، دەرسمان وەرگرت و خۆمان کۆکردەوە و دەست لە ناو دەست وەک یەک تیم یاریمان کرد و خولەکەمان بردەوە.
س. فەیسبوك،خەندان