ژووری لێكۆڵینەوەی ئابووری بزووتنەوەی گۆڕان ناوی ئەو بەرپرسانە ئاشكردەكات كە بەپارەی غەرامە ئۆتۆمبیلیان بۆ كڕاوە.
14/11/2013 نوسەر: bzavpress

ژووری لێكۆڵینەوەی ئابووری بزووتنەوەی گۆڕان ناوی ئەو بەرپرسانە ئاشكردەكات كە بەپارەی غەرامە ئۆتۆمبیلیان بۆ كڕاوە.


ژووری لێكۆڵینەوەی ئابووری بزووتنەوەی گۆڕان ئاشكرایدەكات، وەزارەتی ناوخۆ پارەی غەرامە‌و سەرپێچی هاووڵاتیان، لەكڕینی ئۆتۆمبیل بۆ بەرپرسانی‌ وەزارەتەكەی ‌و بەڕێوەبەرایەتییەكانی‌ خەرجدەكات، لەكاتێكدا بەپێی یاسای بودجە دەبێت (50%)ی ئەو داهاتانە بخرێتە خزمەتی ژێرخانی هاتوچۆوە.

بەپێی بەڵگەنامەیەك كە دەست ژووری لێكۆڵینەوەی ئابووری بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووەو سایتی سبەی سەر بەبزووتنەوەكە بڵاویكردووەتەوە، لەسەرەتای‌ ساڵی‌ (2013)ەوە تاوەكو پێش هەڵبژاردنەكانی (21)ی ئەیلول، لەسەر داهاتی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ هاتووچۆی‌ سلێمانی‌ بڕی‌ (2) ملیار‌و (383) ملیۆن‌و (837) هەزار‌و (400) دینار بۆ كڕینی‌ ئۆتۆمبیل بۆ بەرپرسانی‌ پۆلیس‌‌و بەڕێوەبەرایەتییەكانی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ تەرخانكراوە، بەم بڕە پارەیەش تەنیا (44) ئۆتۆمبیل كڕدراوەو هەندێك لەو ئۆتۆمۆبیلانەش چەندینجار ئاڵوگۆڕ لەنرخەكەیدا كراوە.‌

ئەوە لەكاتێكدایە كە دوێنێ‌ رۆژنامەی‌ هاووڵاتی‌ بڵاویكردەوە بەداهاتی‌ غەرامەی‌ هاتووچۆو لەسەر داوای‌ خۆی‌ ئۆتۆمبیلێكی‌ جۆری‌ تۆیۆتا لاندكرۆزەر بۆ قایمقامی‌ سلێمانی‌ (بەوەكالەت) كڕدراوە كە بەهاكەی‌ زیاتر لە (60) هەزار دۆلارە.