14/11/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
چۆن سەیرى ئەرکى تایبەتى ژن ئەکرێت ؟
زۆرن ئەو ژنانە کە لە ناو ئارامى و هەبونێکى بێ وێنەدان بەڵام لە ژیانى خۆیان ڕازى نین ، ئەوانەش زۆرن کە شەو و ڕۆژ ڕەنج دەدەن و ئازار دەچێژن بەڵام چێژ لە ژیان وەرناگرن بە هەر هۆکارێکى دەرونى بێت یان هێزى و فشارى لە ڕادەبەدەرى دەهەق پێى یان زۆر دوورکەوتنەوەى پیاو لە بەردەم داخوازى و ئەو حەز و چێژانەى کە ژن هەیەتى و بەردەوام خەونیان پێوە دەبینێ ، ڕێگا چارەى ئەو تەنهایى و هەبوونە بێ حەسانەوەیە چیە؟
کەم نین ئەوانەى کە ئەمڕۆ کەوتوونەتە بەر شەپۆل و تەوژمى هاوسەرگیریەکى ناکامڵ !.
کچانى ئەمڕۆ بگرە زیاد لە نیوەى هیچ جۆرە کارێکى ناو ماڵ نازانن ، نازانن چێشت لێ بنێن ! ، دەستەجلێک بدرون! ، تەنانەت دروینەوەى گۆرەویەکیان پێ کارێکى ئەستەمە ئەوەش هەرایەکى گەورەى ناوەتەوە بۆیە پیاو و لە بەردەم ئەو لێشاوە ناکامڵیەى ژنان دا وەک کرێکارێک سەیر دەکرێت بۆیە ئەوەى جێگەى ڕامان و هەڵوێستە لە سەر کردنە ئەوەیە کە زۆر جار گوێ بیست دەبین کە دەڵێن کوڕ ئاوا بێ دەبێ نەوەکەى چۆن بێ ؟!
ژنێک دەتوانێ لە ناو ناخى پیاودا جێگەى خۆى بکاتەوە کە لە بوارى کار و بارى ناو چێشتخانە و جل شۆرین دا دەست گەرم و توند و تۆڵ بێت و بیر لە شتێکى تر نەکاتەوە کە دوور بێت لەو مەبەستانەى ئێمە دەمانەوێت .
سەیرتر لەمە ئەوەیە کە لە زۆربەى سەرچاوەکانى دونیا تەنانەت لە بوارى هونەرى و گەڕیدەیش دا ئازایەتی و لێهاتووى ژنانیان بەوە دەست نیشان کردووە کە بتوانێ کارى قورس و گرانى پیاوان ئەنجام بدات نەک ئەوەى کە لە گەڵ مێردەکەى تەواو کەرى یەکتربن ، بە پێوەرى ژن بە تواناى خۆى و پیاو بە تواناى خۆى دانەڕێژراوە ، بەڵکو وا لێک دراوەتەوە کە ژن بەڕێوەبەرى هەموو کار و پیشەى ناو ماڵ و خێزانە تەنانەت لەوە کەمتریش مافى بۆ دانراوە.
سەیر کە چۆن کارى ژن لێک دراوەتەوە کە دەڵێن کاتێک ئادەمى باوکە گەورەمان خەوى لێ کەتووە و ئاگاى لە خۆى بڕاوە ، فریشتەکان بە فەرمانى خواى پەروەردگار هاتوون لە پەراسوى ئادەم مرۆڤێکى تریان دروست کردووە کە دایکە [ حەوا ] یە کە ئەوە خەڵاتە گەورەکەى پەروەردگار بوو بۆ مرۆڤ ، بۆ ئەوەى ئافرەت ببێتە خزمەتکار و ئاتاجى پیاو دابین بکات .
ژن لە یەکێک لە دەسکەوتە هەرە کۆن و مێژووییەکاندا ئاوا باسى لێوە کراوە ، بە ڕاستى ئەگەر مەبەست لە دروست کردنى ژن ، خزمەتکردنى پیاو و بێ نیاز کردنى خۆراک بێت بۆى دەبێ بۆ چارەڕەشیمان بگرین .
باشە بۆ دەبێ مەبەست لە دروستکردنى مرۆڤێک [ ژن ] چێشت لێنان بێت؟!
باشە مەبەست لە دروستکردنى ئادەمیزاد وا بێ نرخ و بەهایە؟
کەواتە ئافرەت دەبێ کاتێک پیاوەکەى لە ماڵ نیە ، چێشت لێ بنێت و لە پەنا تەباخ دا ڕابوەستێ و گەسک لە ماڵ بدات و جام پاک بکاتەوە بۆ ئەوەى کاتێک پیاوەکە گەڕایەوە بە سەر و پرچى تۆزاوى یەوە بیبینێ و بۆنى دووکەڵ و چێشتخانەى لێ بکات ، پیاو نابێ کارى ناو ماڵ ئەنجام بدات بەڵکو دەبێ سالارى بکات و کاتێک گەڕایەوە ، خزمەتگوزاریێکى شۆخ و شەنگ لە ماڵەوە پێشوازى لێ بکات .
تۆزێک لەو ڕستەیە تێبفکرن و بڕیار بدەن ئەوە لە لاى کامتان پەسندە ، وەک ئەوە وایە ژن هاوکارى بیر و هۆشى پیاو نەبێت ، بە داخەوە زۆرێک لە ماڵەکانى ئەمرۆ بەو جۆرەن کە ژن و کچ لە ماڵەوەن و هەموو دەم و ساتیان بریتى یە لە دورین و لێنان و دووکەڵ و تۆز و خۆڵ و کارکردن ، ئەگەر چى لە ڕاستی دا ژنى خاوەن داهێنەر و لێهاتوو یەکجار زۆرە و لە دەست ڕەنگینى دا هاو شێوەى نیە و لە زیرەکیەکەى دا نکۆڵى ناکرێت کە دەکرێ پیاو بیکات بە هاوبەشى سەروەریەکانى ژیانى و بۆ ئایندەیەکى ڕۆشن و بەختەوەر سودى لێ وەربگرێت و لایەنى دەرونى خۆى پێ ئاسودە و هێمن بکات .
ئەگەر بە وردى سەرنج بدەین ، پیاو کاتێکى زۆر کەم لە ماڵەوەیە و بە زۆرى لە دواى کار و کاسبى و سەرگەمى بازاڕ و پەیدا کردنى بژێوى ژیانە ، لەوانەیە بڵێین ئەو کاتە کەمەى کە لە ماڵەوەیە ، پڕ بایەخترین نرخى ژیانە ، ئەو قسەیە زۆر ڕاستە ، باشە دەچێتە عەقڵى کێ کە مرۆڤ بە نرخترین ساتەکانى ژیانى لە لاى خزمەتکارێک بە سەر بەرێت !!
ئەو کاتە کەمەى پیاو لە ماڵەوەیە ، گرنگترین ساتە بۆى ، بۆیەش کاتێکى گرنگە چونکە لە لاى کەسێکە کە هاوبەشە لە گیان و هزر و بیر و خەیاڵ و جەستە و خەم و خۆشى و شادى دا ، هاوبەشە لە بچووکترین بەشەکانى ژیانى دا مایەى ئارامى و ئاسوودەیى و سەبووریە بۆی و لە دیدى ژیان دا واتا و مەبەستیێکى قوڵ و پڕ ماناى پێ دەبەخشێ کە ژیان بریتى یە لە گیان و جەستە و ماددە نەک ئارەزوو و ورگ و ڕەفتارێکى خزمەتکارانە .
بە ڕاى من ، پیاوێک کە بڵێت بەختەوەرى لە بێ نیاز کردنى گەدەوەیە ئەوە بەندەیەکى دەستەوەستانى ورگ و گیپاڵە و ژن وەک خزمەتکارێک سەیر دەکات کە بخوات و خزمەت بکات نەک وەک مرۆڤ سەیرى بکرێت ، یان ئەوەتە مرۆڤێکى زۆر خۆر و نەوسینە کە هیچ مانا و مەبەستى جوانى ژیانى پێ لێک نادرێتەوە .