14/11/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
گه‌شتی زاهیدانه‌ی خه‌یاڵ
(2)
پێناسه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه بۆ سه‌رله‌به‌ری كایه‌كانی ژیان.
نۆڤلێت
سه‌حراناس كه بڕیاره له شوێن و كاتی دیاریكراودا ئاماده بێت و پێكه‌وه بچینه سه‌فه‌ر به‌ره‌و باشوور!، به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی ئێستا گۆمی خوێنه و كه‌س له كه‌س به‌رپرس نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه له جوانی ته‌نها هه‌ر وشه‌ی جوانی خۆیه‌تی نه‌ك بوونی جوانی وه‌ك وجود و هه‌بوونی جوانی!، بۆ ئه‌وه ناشێت ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه بدوێم و بمه‌وێت به‌م سه‌ره قه‌ڵه‌مه كاڵه‌وه به‌خوێنی خۆی مێژووی خوێنینی بنووسمه‌وه، له‌وه‌ش سه‌یرتر نه‌مده‌وێرا سه‌یری ئاسمان بكه‌م، شه‌رمم له‌خۆم ده‌كرد، ئه‌ستێره‌م لێبووبوو به‌و شته‌ی كه زاتم نه‌بوو سه‌یری بكه‌م، وه‌ك چاوی ئه‌و لاسه‌ی كه هه‌رگیز نه‌موێرا نیگای كه‌م!، وه‌ك ئه‌و چاوه سیحراویانه‌ی كه هه‌ركات ده‌یانبینم ده‌مكوژێت!، چیبكه‌م ڕه‌نگه هه‌ر من وابم كه به ته‌ماشاكردنێكی لاسێ سه‌دجار بمرم!، مانگم لێبووبوو به‌و شته‌ی كه جورئه‌تی ده‌ویست ته‌ماشای بكه‌ی، وه‌ك مابه‌ینی ئه‌و برۆیانه‌ی كه چاوم هه‌میشه له نابه‌ینیاندا ده‌خه‌وتن یان ونده‌بوون له جوانیدا و ئه‌وه‌ی خۆشیی و ئومێد هه‌یه له‌وێدا ده‌بینرێت، من هه‌ر وابووم، ته‌نانه‌ت له ته‌مه‌نمدا بۆ جارێكش نه‌متوانیوه سه‌یری برۆی ئه‌ستێره‌یه‌ك بكه‌م، ئه‌مه‌م زۆر سه‌یر له ژیانمدا ڕه‌نگی دابوویه‌وه، ده‌مزانی له‌هه‌ر وڵاتێك ئاسمانێكی جیاواز هه‌یه له جوانیی و ئه‌ڤین، ئاسمان هه‌یه مرۆڤه‌كان ئه‌ستێره‌كانیان به‌شبه‌شكردووه له نێوان خۆیاندا، مانگه‌كانیان به‌خشیوه‌ته‌وه به‌سه‌ر یه‌كدیدا و هه‌موو شتێكیان به ڕه‌وا ده‌بینن بۆ قۆرغكردنی حه‌زه قێزه‌ونه‌كانیان، هه‌موو شتێكیان به‌شبه‌شكردووه و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیان ته‌فره‌داوه و بۆ شتی تر ده‌گه‌ڕێن ناشیرینی بكه‌ن، به‌رقه‌رارییه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌بێت بۆ ژیانی ناو عه‌داله‌ت ئه‌وه هه‌وڵی كه‌مه كه‌سانێكن كه شاعیرانه بیرده‌كه‌نه‌وه، له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق ده‌نگۆی پیاوسالاریی و ژنسالاریی و شتی تڕۆهاتی له‌و جۆرانه په‌یدا بوون و ده‌یان ڕێكخراوی له‌و جۆره درووستبوون و شتی زۆر به فه‌زیحه و ناماقول هاتنه‌كایه‌وه!، من ده‌مزانی ئه‌وانه‌ی كه هه‌ڵگری وه‌ها بیروبۆچون و جموجوڵێكن ئه‌گه‌ر دوای وه‌همیش كه‌وتبن به‌جۆرێك له جۆره‌كان ئه‌مڕۆ پشتگیریان زۆر و زه‌وه‌ند و ده‌ستڕۆیشتوون، له‌لام ببینه وڵاتانی دیكه‌ی پێشكه‌وتووخواز و مرۆڤدۆست كه هه‌رگیز غه‌در له یه‌كتری ناكه‌ن، من ده‌مزانی هه‌موو شته‌كانی ئه‌وان زمانی گوڵیان هه‌یه، چاویان هه‌یه بۆ ماچی بینین، ئاسمانیان هه‌یه به‌یانیان جریوه ده‌به‌خشێت به‌گه‌ڵاكان و نه‌سیم ده‌بارێنێت به گوریسی ڕێگای ڕێبواره دوور مه‌ودا و زاهیده‌كان، من نه‌مده‌ویست سه‌یری هیچ ئاسمانێك له‌و ئاسمانانه بكه‌م، شه‌رمم ده‌كرد له هه‌ر شتێك كه به موڵكی خۆمم نه‌ده‌زانی، شه‌رمم له خۆم ده‌كرد كه موڵكی خۆم نه‌بووم!، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه هێشتا دڵارامم نه دۆزیبووه‌وه، من به خه‌یاڵ ئه‌وم وه‌ك عاشقترین مه‌خلوق سه‌یر ده‌كرد، خۆمم وه‌ك بێ ناكامترین عاشق، ئه‌وم وه‌ك نگینترین جوانییه‌كان سه‌یر ده‌كرد، خۆمم وه‌ك بێ ڕه‌نگترین ڕه‌نگه‌كان ته‌ماشا ده‌كرد، ده‌موت مه‌ده‌د یا گوڵ من به‌م ئاسمانی بێ ڕه‌نگییه‌وه تكا..تكا.. تكا ئه‌كه‌م، له ڕه‌نگدانی ڕه‌نگاڵه‌ییتم بده‌یه ده‌ست، عاشقانی بێ وڵات و بێ خاك و بێ ماڵ ڕوو له كوێی ئه‌م زه‌مینه بنێن و به‌ره‌و كوێ بڕۆن!، ده‌موت مه‌ده‌د یا ئیحساس، مه‌ده‌د یا ماجه‌رای عیشق، من به‌م بێ تۆییه‌وه كه زه‌مبیله‌ی عه‌شقم دڕاوه و به‌رچینه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی سێوه‌كانم لێ دزراوه، قه‌راره بۆ كوێم به‌ریت، بڕیاره له كوێی ئه‌م چیرۆكه‌دا كۆتایم پێبهێنی، چیت وتووه له‌سه‌ر چاره‌نوسیی نادیاری من!؟، به‌رده‌وام سه‌یری خاكم ده‌كرد، سه‌یری به‌ر پێم، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌مانه‌م له بیر بچێته‌وه، به‌رده‌وام بیرم به شتی تر ده‌كرده‌وه، هه‌میشه لای ئه‌وم كه نه‌ئه‌زانم كێیه و نه قوودره‌تی ئه‌وه‌م هه‌بوو كه‌شفیبكه‌م و نه‌بۆم هه‌بوو بیدۆزمه‌وه..!.
ئای خودایه چه‌ند سه‌خته.. سه‌خته ژیان.. سه‌خته عیشق.. سه‌خته ئه‌وین، هه‌میشه لای خۆمم، كه خۆمم لێ ونبووبوو، هه‌ر كه بیرم ده‌كرده‌وه مه‌ست ده‌بووم له بۆن و به‌رامه‌ی ئه‌و!، ئه‌وێك كه مه‌گه‌ر خودا بزانێ كێیه و چه‌نده پڕم ده‌كات له جوانییه‌كانی خۆی!؟، هه‌میشه لای ئه‌وم، هه‌میشه مه‌ست وه‌ك مه‌ستییه‌كه‌ی قوبادی جه‌لیزاده‌ی شاعیری عیشق، سه‌یری خاكم ده‌كرد، هه‌نگاوه‌كانم ئاسته‌نگتر ده‌بوون، ده‌موت خۆڵ و عه‌شق بۆ ئه‌وه‌نده نزیكن له یه‌كه‌وه!، به‌ڵام هه‌ر زوو په‌شیمان ده‌بوومه‌وه و ده‌موت زه‌مین و فڕین بۆ ئه‌وه‌نده ناته‌بان و بۆ ئه‌وه‌نده من ده‌كه‌نه قوربانی ناكۆكییه‌كانی نێوانیان، ئه‌م زه‌مینه‌ی ژێر پێی من شێوه‌ی له ڕه‌نگی چ سه‌فه‌رێكه، وه‌ك ئه‌و ئێوارانه‌ی له باشور كه به‌دیار خۆره‌وه سه‌حه‌رم ئاوا ئه‌كرد، چ شیوه‌نێكی عه‌سرانه و چ جۆره تامێكی گۆیژه!، وه‌ك ئه‌و كاتانه‌ی ته‌مه‌نی پێشمه‌رگه‌یه‌كی شاخ كه ته‌نها توتڕك و كۆیژی بۆ كۆچ!، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی من له ڕه‌نگی چ دارسنه‌وبه‌رێكه!، وه‌ك سوسه‌ی ئه‌و دیدارانه‌ی كه هه‌ر گیز ڕوویان نه‌دا له دوای سه‌فه‌ر!، سه‌فه‌رم بیستووه هه‌میشه پڕبووه له بۆنی هه‌رمێ و پڕ له تامی هه‌نار و هه‌میشه سه‌رشاره به ڕه‌نگه كوشنده‌كانی عه‌شق!، به بۆنه كوشنده‌كانی دیدار و یار!، وه‌ك غوربه‌تی من و ئه‌و هه‌موو خه‌ون و خولیا و خه‌یاڵانه‌ی كه هه‌رگیز نه‌بوونه واقیعی ڕۆژگارێكی كه‌م!، مرۆڤ ده‌بێ ئه‌و بۆنانه له یه‌كدی جیا بكاته‌وه، له به‌رامه‌ی نوێ خاكی تازه بناسێ و له خاكی تازه‌تره‌وه، له زه‌مینی نوێوه، بۆنی عه‌نتیكه درووست بكات، من به دوای ئه‌و عه‌نده‌لیبه‌ی خۆمه‌وه بووم، ئه‌موت ئه‌م خاكه‌ی منی تێدام په‌ندێ هه‌ڵده‌هێنێ هه‌میشه مرۆڤه‌كان به‌یه‌كدی ده‌ڵێن ئای خودایه ئێمه چ مرۆڤێكی خاكساری بووین، خاك هه‌یه به‌رده‌كانی نه‌رمن ته‌نانه‌ت بۆ سه‌رینی شێوانی ڕێبواران له سه‌رینی ماڵه‌وه‌ش نه‌رمترن!، ڕێبواران ده‌بنه پێوه‌ند و هه‌میشه سه‌رمه‌ستن به ڕێگاوه بۆ خه‌وتن ته‌نها به‌ردیان هه‌یه له ژێر سه‌رینێن، ته‌نانه‌ت به‌رد هه‌یه ده‌بێته جێ په‌ناگه‌ی مرۆڤه په‌ڕا گه‌نده‌كان، له‌خاكدا كانیله هه‌یه شیرینه وه‌ك شیری مه‌مكی مه‌خلوق، له‌و ڕێگادا ڕووه‌ك هه‌یه ده‌فته‌رێكه هه‌ر لاپه‌ڕه‌و هه‌زاران وشه و سه‌دان پیت و ده‌یان حه‌رف و چه‌ندین فاریزه و بزوێنی هه‌یه، هه‌ر لاپه‌ڕه‌و چه‌ندان میل درێژه، هه‌ریه‌ك له‌مانه ده‌بنه باپیرۆسی كۆن و نوێی یاداشتی مرۆڤه گه‌ڕیده‌كان، ئه‌و مرۆڤانه‌ی هه‌میشه له ڕیزی نوسه‌رانی به‌هه‌شتن، ته‌نیا ئیشیان ئه‌وه‌یه په‌رداخی عیشقی وه‌ریوو كۆبكه‌نه‌وه!، یان به گاڵۆن ئاوی هه‌میشه‌یی ده‌ده‌ن به نوسه‌رانی سه‌فه‌ری گه‌ڕیده‌ی گومناو!، ئه‌مانه و چه‌ندین هه‌نگاو، چه‌ندین خه‌یاڵاتی بێ شوومار، به دڵه‌ترپه‌وه منیان گه‌یانده فولكه‌ی عومه‌ری خاوه‌ر، ئه‌و شوێنه‌ی كه هه‌ندێ نه‌فسنزم و بێقیمه‌تی شاری شه‌هوه‌ت و ڕه‌شه‌با پێی ده‌ڵێن گۆڵچییه‌كه‌ی شار!.