20/11/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
ئه‌ی ره‌قیب و فه‌تواكه‌ی یه‌كێتی زانایان
ده‌رباره‌ی ئه‌و مشتومڕه‌ی دینییه‌ی له‌سه‌ر سروودی ئه‌ی ره‌قیب لهئاردایهو ئه‌و داوایانه‌ی ئاراسته‌ی یه‌كێتی زانایان كراوه كه وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن داوای روونكردنه‌وه‌ی لایه‌نی شه‌رعی سرووده‌كه‌یان كردووه ئه‌م چه‌ند تیچبینی و ره‌خنه‌یه‌م هه‌یه:
1- هه‌ست به‌وه ده‌كرێت زمان و ده‌ره‌نجامی كۆتایی فه‌تواكه‌یان خاتری خاترانی تیایه‌و بڕیاری پێشوه‌خت یان دروستتر بڵێین فه‌توای پێشوه‌خت وجودی هه‌بووه.
2- له‌روونكردنه‌وه‌كه‌دا كه فه‌توایه هاتووه ده‌ڵێت: به‌فه‌رمی داوای روونكردنه‌وه‌ی لایه‌نی شه‌رعی سروودهكهی له لیژنه‌ی باڵای فه‌توا كردووه..
بێگومان روونكردنه‌وه‌ی شه‌رعی ده‌ق و به‌ڵگه‌ی ئایینی و دیدگای ئیسلامی ده‌وێت نه‌ك وته‌و دیدگای فڵان ناوهندو ئهكادیمیاو كه‌سایه‌تی ئه‌ده‌بی بكرێته مه‌رجه‌ع بۆ فه‌تواو حوكمێكی شه‌رعی، یان ته‌نانه‌ت له‌به‌رئه‌وه‌ی سروودی سه‌رده‌می قازییه‌و مه‌لاو زانایان گوێبیستی بوون.. ئه‌م زانا به‌ڕێزانه به‌ئاماژه‌ی راستهوخۆو ناراسته‌وخۆ به‌ڵگه‌یه‌كی شه‌رعی و ئاینییان بۆ فه‌تواكه‌یان نه‌هێناوه‌ته‌وه، بگره هه‌ندێ له‌قسه‌و بۆچوونه‌كانیشیان ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ده‌قی ئایه‌تی سه‌ریحی قورئانه، كه له‌خاڵی دواتردا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌م.
3- ئه‌وه‌ی ئه‌و زانا به‌ڕێزانه روونیان كردووه‌ته‌وه روونكردنه‌وه‌ی شه‌رعی نییه‌و زیاتر لێكدانه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌سازی ئه‌ده‌بییه كه كاری ئه‌وان نییه..
4- ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قه‌و ئه‌م زانا به‌ڕێزانه‌ی لیژنه‌ی فه‌توای تێكه‌وتووه ئه‌و بۆچوون و لێكدانه‌وه‌ی خۆیانه ده‌رباره‌ی به‌یتی (دینمانه ئایینمان هه‌ر نیشتیمان) كه لێكدانه‌وه‌كه‌ی ئه‌وان قوڕه‌كه‌ی خه‌ستر كردووه‌ته‌وه‌و ئه‌چێته خانه‌ی عوزر له‌قه‌باحه‌ت خراپتره!.
ئه‌وان ده‌رباره‌ی مه‌به‌سته‌كه‌ی دڵداری شاعیر له‌م به‌یته شیعره‌دا ده‌ڵێن: (ئه‌سڵی شیعره‌كه به‌م شێوه‌یه‌یه: دینمان ئایینمانه نیشتیمان. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه بڵێت: به‌هێنده‌ی دین و ئاین نیشتیمانمان خۆش ده‌وێ..)
من له‌زانا به‌ڕێزانه ده‌پرسم به‌كام پێوه‌ری ئایینی و شه‌رعی نیشتیمان هێنده‌ی دین و ئایین خۆشه‌ویسته؟ ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ده‌قانه‌ی قورئان و فه‌رمووده كه‌خۆشه‌ویستی خوا‌و پێغه‌مبه‌ر كه خاوه‌نی دینی ئێمه‌ن و دینه‌كه‌یان ده‌خاته پێش خۆشه‌ویستی خۆمان و ماڵ و منداڵمان و سه‌رمایه‌و شوێنی نیشته‌جێ و ژیانمان چی لێ ده‌كه‌ن؟
دیاره ئه‌گه‌ر به‌ها ئاینییه‌كان و خۆشه‌ویستی ئایین پێش نیشتیمان بخرێت كه‌مكردنه‌وه‌ی بایه‌خی نیشتیمان نییه، ژیان به‌بێ نیشتیمان بوونی نابێت، به‌ڵام نیشتیمانی بێ ئاینیش بۆ ئێمه‌ی موسڵمان بایه‌خێكی نییه، له‌پێناوی دین و سه‌روه‌ری ئایین و عه‌قیده‌شدا پێغه‌مبه‌ران ده‌ستبه‌رداری نیشتیمانی خۆیان بوون له‌كتێكدا نیشتیمانیشیان خۆش ویستووه..
فه‌لسه‌فه‌ی هیجره‌تیش له‌ژیانی پێغه‌مبه‌ران و باوه‌ڕداراندا هه‌ر له‌پێناوی دیندا بووه، ته‌نانه‌ت خوای گه‌وره لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ ئیماندارانیشدا ده‌كات ئه‌گه‌ر دین نه‌خه‌نه پێش نیشتیمانهوهو له‌پێناوی دین و ئه‌دای دینداریدا به‌جێهێشتنی نیشتیمان واجبه:(يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ آمَنُوا إِنَّ أَرْضِي وَاسِعَةٌ فَإِيَّايَ فاعبدون).
یه‌كسانكردنی خۆشه‌ویستی دین و نیشتیمان جۆرێكه له‌دانانی(ند) بۆ خوای گه‌وره: (وَمِنْ النَّاس مَنْ يَتَّخِذ مِنْ دُون اللَّه أَنْدَادًا يُحِبُّونَهُمْ كَحُبِّ اللَّه وَاَلَّذِينَ آمَنُوا أَشَدّ حُبًّا لِلَّهِ)
به‌كورتی دین پێش نیشتمان كه‌وتووه له‌هه‌موو شتێك‌دا.. خۆشه‌ویستی نیشتیمان و گوێڕایه‌ڵی خوا‌و پێغه‌مبه‌ریش(صلی الله علیه‌وسلم) پێش خۆشه‌ویستی نیشتیمان كه‌وتووه.
ئه‌و یهكسانكردنهی خۆشه‌ویستی دین و نیشتیمان ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ده‌قی ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزه‌ی سوره‌تی تهوبهشه كه ده‌فه‌رموێت:( لْ إِن كَانَ آبَاؤُكُمْ وَأَبْنَاؤُكُمْ وَإِخْوَانُكُمْ وَأَزْوَاجُكُمْ وَعَشِيرَتُكُمْ وَأَمْوَالٌ اقْتَرَفْتُمُوهَا وَتِجَارَةٌ تَخْشَوْنَ كَسَادَهَا وَمَسَاكِنُ تَرْضَوْنَهَا أَحَبَّ إِلَيْكُم مِّنَ اللَّهِ وَرَسُولِهِ وَجِهَادٍ فِي سَبِيلِهِ فَتَرَبَّصُواْ حَتَّى يَأْتِيَ اللَّهُ بِأَمْرِهِ وَاللَّهُ لاَ يَهْدِي الْقَوْمَ الْفَاسِقِينَ).
ئه‌م تێبینیانه‌م به‌و واتایه نییه كه منیش كوفر له‌شیعره‌كه‌ی دڵداردا ده‌بینم باوه‌ڕم وایه دڵدار شاعیرێكی موسڵمانی كورده‌و كوفر ناكات و ههڵهتێگهیشتنێك هه‌یه له‌شیعره‌كه‌ی چونكه ئه‌م شاعیره شیعره‌كه‌ی بۆ سروودی نیشتیمانی نه‌نووسیوه تا به‌روونی واتاكانی شیعره‌كه‌ی ده‌رببڕێت، ئه‌وه ئێمه‌ین شه‌ڕی پێ ده‌فرۆشین و به‌زۆرو (له‌رقی یه‌كتر) ده‌ڵێین هه‌ر ئهبیچ سروودی نیشتیمانی بێت.
من وای ده‌بینم دڵدار كاتێك وتوویه‌تی (دینمان ئایینمانه نیشتیمان) له‌رووانگه‌ی ئه‌و فه‌رمووده هه‌ڵبه‌ستراوه باوه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌وه (صلی الله علیه‌وسلم) كه‌وتراوه(حب الوطن من الإیمان) ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی به‌كار هێناوه‌و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بووه كه خۆشه‌ویستی نیشتیمانیش دین و ئایینه‌و به‌شێكه له‌ئیمان. دیاره(حب الوگن من الإیمان) له‌و سه‌رده‌مه‌ی دڵداریشدا ساغ نه‌بووبوویه‌وه كه حه‌دیس نییه. ده‌بوو زانا به‌رێزه‌كانیش ئه‌م ته‌فسیره‌یان بۆ شیعره‌كه بكردایه نه‌ك كێشه‌یه‌كی تری بۆ بخوڵقێنن و بمانخه‌نه ناو مشتومڕێكی تره‌وه!.