سەردانەکەی نەوشیروان بۆ لای بارزانی
25/11/2013 نوسەر: bzavpress

سەردانەکەی نەوشیروان بۆ لای بارزانی


ئەمڕۆ، مێژو لە هەرێمی کوردستان دا، بەعەمەلی پێینایە قۆناغێکی نوێی ململانێ و ژیانی سیاسیی؛ گرنگە ئەو ململانێ و پێکەوەکارکردنە سیاسییە وەک ئەزمونی سێ دەیەی رابردوی نێوان یەکێتیی و پارتیی هەوڵێک نەبێ بۆ یەکترسڕینەوە و ملشکاندنی یەکتر، بەڵکو گرنگە ببێتە سەرەتای ململانێیەکی شەریفانە لەسەر باشترکردن و پێکەوەکارکردن لەپێناو ئامانج و ستراتیژیی نیشتیمانیی.
پارتی لە دە ساڵی رابردو دا، سەرکەوتوانە توانی زۆرترین تەنازول بە یەکێتیی بکا، بەڵام تەنازولکردن بە نەوشیروانێک کە خۆیی و تەنها دو سەیارەی مۆدێل ٢٠٠٧ دەچێتە پیرمام، نەوشیروانێک کە هیچ خەونێکی شەخسیی و بنەماڵەیی نییە بۆ وەرگرتنی پۆست و بون بە Oil Lord، ئاسان نییە.
وەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی نەوشیروانیش لەپێناوی دا گۆڕانی دروستکردوە، زۆر زەحمەتە لەگەڵ پارتیی دا وەدەستیبێن. 
لەم گەڕەی ململانێکان دا، نەوشیروان پێویستی بە پشودرێژیی زیاتر هەیە. بارزانییش، پێویستیی بە تەنازولکردن هەیە؛ هەر هیچ نەبێ جێبەجێکردنی بانگەشەکانی.
یەکێتی و سێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکە کە کۆکن لەسەر سنوردارکردنی هەژمونی پارتی، دەرفەتێکی زێڕینیان لەدەستدا بۆ سنوردارکردنی ئەو هەژمونە لە هەرێمی کوردستان دا. تا چوار ساڵی تر، ئەو دەرفەتەی لە پێکهێنانی حکومەت دا هاتبوە پێشیان بۆ سنوردارکردنی هەژمونی پارتی، ناگەڕێتەوە. بۆیە نەوشیروان گرنگە پشت بەوان ببەستێ بۆ بردنەوەی ئەوەی کە لەسەر مێزی گفتوگۆکان دا لەگەڵ بارزانی نایباتەوە؛ بۆ نمونە، رێککەوتن لەسەر دەستوری هەرێمی کوردستان، بەنیشتیمانیکردنی سیاسەتی نەوتیی و هێزەکانی ئاساییش.
سەرەڕای هەمو ئەوانە، کێشە و قەیرانەکانی کوردستان، کێشەی کارگێڕیی و گەندەڵیی و دونیابینیی سیاسیین بۆ بەڕێوەبردن، نەک کێشەی ئێثنی و مەزهەبی و تائیفیی و تێرۆر و برسییەتی و داتەپینی ئابوریی تا چارەسەرکردنیان زەحمەت بێ.
عەیبێکی گەورەیە چوار ملیۆن ئینسان لە سێ هەرێمی بچوک دا کە چارەنوسی هەمویان بەیەکەوە بەندە، نەتوانن لەسەر هەندێک پرس رێکبکەون کە زۆربەی وڵاتانی دونیا، دەمێکە ئەو پرسانەیان یەکلاییکردونەتەوە.