واشنتۆن هەڕەشەی کێشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکات
26/11/2013 نوسەر: bzavpress

واشنتۆن هەڕەشەی کێشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکات


حکومەتی واشنتۆن هەڕەشەی کێشانەوەی هێزەکانی دەکات لە ئەفغانستان، ئەگەر بێتو لە نزیکیترین وادەدا رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئەفغانستان واژۆنەکرێت.
سۆزان رایس، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دوابەدوای کۆبونەوەی لەگەڵ حامد کارزای سەرۆکی ئەفغانستان رایگەیاند: کارزای چەند مەرجێکی نوێی بۆ رێککەوتنەکە داناوە، تاوەکو بە شێوەیەکی رێکخراو هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان بکشێنەوە و  ئەوەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی رێککەوتنەکە.

رایس لەو کۆبونەوەیەدا پەیامی ئەمەریکا بە کارزای گەیاندوە و ئاماژەی بەوەکردوە،کە ناکرێت لەوە زیاتر ئەو رێککەوتنە دوابخرێت، بەتایبەتیش وادەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکی ئەو وڵاتە نزیک بوەتەوە و هەروها ئەگەر بێتو لە نزیکترین وادەدا ئەو رێککەوتنە ئەنجامنەدرێت، ئەوا ئەمەریکا تا ساڵی (2014) سەرجەم هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە.
ئەو هەڕەشەیەی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە حامد کارزای، سەرۆکی ئەفغانستان رایگەیاندبو، کە چەند مەرجێکی هەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا، لەوانەش بەرقەراربونی ئاشتی لە ئەفغانستان و ئەو رێککەوتننامەیەش دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی ئەنجام دەدات.