27/11/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
دووربینی یه‌کێتی و سه‌ردانه‌که‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ پیرمام
لێپرسراوی ده‌سته‌ی کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی ڕایگه‌یاند که سه‌ردانه‌که‌ی ڕێکخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ لای سه‌رۆکی هه‌رێم دووربینانهبوونی بڕیاره‌کانی لایه‌نه‌که‌ی له‌سه‌ر سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم سه‌لماند.
له ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کدا که ماڵپه‌ڕی فه‌رمی یه‌کێتی بڵاوی کرده‌وه، مه‌لا به‌ختیار ڕایگه‌یاند: سه‌ردانی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ لای مه‌سعوود بارزانی سه‌لماندی بڕیاره‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی له‌سه‌ر سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و ئێستاش لەسەر هاوپەیمانی ستراتیژی یەکێتی و پارتی، چەند دوربینانە بوون و هەن.
نه‌وشیروان مسته‌فا، ڕێکخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر داوه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم دووشه‌ممه سه‌ردانی پیرمامی کرد و له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی دیداری کرد.
زانیارییه‌کی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی سه‌ردانه‌که بڵاو نه‌کرایه‌وه، به‌ڵام هه‌واڵه نافه‌رمییه‌کان باسیان له‌وه کرد که پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌م و باشترکردنی پێوه‌ندییه‌کانی گۆڕان و پارتی که له ماوه‌ی ڕابردوودا له کێشه و ململانێیدا بوون له‌گه‌ڵ یه‌ک، به ته‌وه‌ری گفتوگۆکان ڕاگه‌یێندراوه.
وته‌کانی مه‌لا به‌ختیار پاش ئه‌وه دێت که له ماوه‌ی دواییدا ڕه‌خنه له یه‌کێتی ده‌گیرا که سیاسه‌ت و بڕیاره‌کانی له به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دایه به تایبه‌ت مه‌سه‌له‌ی درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی بارزانی له په‌رله‌مان له 30ی حوزه‌یران.
له هه‌ڵبژاردنه‌کانی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی کوردستان پارتی 38 کورسی به‌ده‌ستهێنا و یه‌کێتی هاوپه‌یمانی به شکستێکی قورس 18 کورسی په‌رله‌مانی مسۆگه‌ر کرد.
یه‌کێتی له خولی سێهه‌می په‌رله‌ماندا 29 کورسی بوو و هه‌ندێ چاودێری سیاسی و ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی باڵای یه‌کێتی ئه‌و شکسته بۆ هاوپه‌یمانێتی ناهاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ پارتی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.