28/11/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
دەرکەوتەکانی پۆپولیزم وئاسەوارەکانی
ئەگەر زاراوەی پۆپولیزم ( populism ) لە مانا سادەکەیدا بریتی بێت لەو ڕێبازە سیاسیەی کە لە ناوەڕۆکدا داکۆکی لە گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵاتی ئابوری ئەکات پشت بەست بە خواستی جەماوەر و پشتگیری لە ماف و دەسەڵاتەکانیان ئەکات لە دژی دەستەبژێرێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە، جا ئەو دەستەبژێرە سیاسی بێت یان ئابوری یان کۆمەڵاتی. ئەوا لەسەردەمی ئێستاماندا هێزگەلێک هەن لە هەرێمی کوردستاندا " ئەو هێزانەی هێزی ئایدیۆلۆجی نین" کە بە مەبەست و بێ مەبەست بونەتە هێزی پۆپولیست، بە جۆرێک ئەوەی کە لایەنگران و هەوادارانی هێزەکە داوای ئەکەن، دەستبەجێ ،سیاسیەتی هێزەکەش لەسەر ئەو بنەمایە دادەڕێژرێت و پەیڕەو ئەکرێت.
لێرەدا مەبەستەکە ئەوە نیە بوترێت هەموو پابەندبوونێکی هێزێکی سیاسی بەو پەیامەی کە لایەنگر و هەوادارانی لێی داوا ئەکات هێزەکە ئەکاتە هێزێکی پۆپولیست پابەندبونەکەش ئەکاتە کارێکی نەشیاو، چونکە لە بەرامبەردا هەرگیز هیچ هێزێک ناتوانێت سەرکەوتوو بێت گەر حسابێکی تایبەت بۆ داواکاری و داخوازی لایەنگرەکانی خۆی نەکات. وە تەنها بەمەش ئەو هێزە ئەتوانێت گرەنتی مانەوە و بەردەوامبونی خۆی بکات..بەڵکو ئەوەی لێرەدا مەبەستە بوترێت ئەوەیە قولبَونەوەی پارتی سیاسیە لەسەر گرتنەبەری ڕێچکەی پۆپولیستی لە هەموو کات و بارێکدا و دروستکردنی کاریزمای پۆپولیستی، مەرج نیە هەموو کات دەر ئەنجامی پۆزەتیڤی لێ بێتەدی ،بگرە هەندێک جار دەر ئەنجامی زۆر نێگەتیڤی لێدەکەوێتەوە،بە تایبەتیش لەم بوارانەدا :
1. ئەگەر بناغەی کاری هێزێکی پۆپولیست بریتی بێت لە بەرەنگاربونەوەی دەستەبژیرێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە پشت بەست بە داواکاری و داخوازی زۆرینەی زەمینە جەماوەرییەکەی ئەو هێزە سیاسیە، کە ئەم دەستەبژێرەش زۆرجار گروپە سیاسیە دەسەڵاتدارەکەی وڵاتدا خۆی ئەبینێتەوە، ئەوا لە دەرئەنجامدا ئەم هێزە ئەبێتە هێزێک بۆ دژایەتیکردنی دەستەبژێرەکانی ناو خودی پارتە سیاسیەکەش.، چونکە لە ڕووی لۆژیکەوە ناکرێت تەسەوری هێزێکی سیاسی بکرێت،کە لەلایەن نوخبەیەکەوە بەڕێوە نەبرێت(بە چاوپۆشین لە سروشتی ئەو نوخبەیەی کە ئەو هێزە بەڕێوە ئەبات)..کەواتە ئەگەر ئەم هێزە تا ڕادەیەک توانی سەرکەوتوو بێت لە پشتگیریکردن و داکۆکی کردنی لانی کەمی ماف و دەسەڵاتی زۆرینەی خەڵک لە بەرامبەر دەسەڵاتدا کە خۆی لە دەستەبژێرێکدا ئەبینێتەوە، ئەوا ئەم هێزە بۆ قۆناغی دواتر دێتە سەر بەرەنگاربونەوەی دەستەبژێرەکەی خۆی دیسانەوە پشت بەست بە داواکاری لایەنگران و جەماوەرەکەی...چونکە ڕەنگە لە قۆناغی داهاتودا لایەنگرانی ئەو پارتە وا بخوازن ئەو دەستەبژێری پارتە پۆپولیستەکەی خۆشیان لا ببەن...بەمەش ئەستەم ئەبێت هیچ هێزێکی سیاسی بتوانێت دەستەبژێرێکی جێگیری هەبێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو...هەر ئەمەش جۆرێک پشێوی لەو هێزەدا دروست ئەکات...وە ئەم پشێوییەش هەر لە پارتەکەدا نامێنێت، بەڵکو لەگەڵ پارتەکەدا دێت بۆ کۆمەڵگە...دەر ئەنجام جۆرێک لە پشێویش یەخەی کۆمەڵگە ئەگرێت...چونکە ڕەنگە لە یەک کاتدا زیاد لە هێزێکی پۆپولیست هەبن لە هەمان کۆمەڵگەدا، هەر یەکێکیش لەو هێزانە ناچار کرابێتن لە لایەن جەماوەر و لایەنگرانیانەوە بە جۆرێک کار بکەن کە تەواو جیاواز بێت لەگەڵ هێزە پۆپولیستەکەی تردا...ئەمەش بۆ خۆی خوڵقێنەری پشێوی کۆمەڵگە و سیستەمەکەیەتی.
2. ئەو هێزە کە بە تەواوەتی ئەبێتە بارمتەی داواکاری جەماوەر لە گوفتار و چالاکیەکانیدا...خاڵی ئەبێتەوە لە هەموو بنەماو پرەنسیپەکانی دروستکاری خۆی، کە خۆی لە مانبفێست و کارنامەو بەرنامەکانیدا دەبینێتەوە...بەمەش هەموو تیۆریست و مەبدەئگەرەکانی ناو ئەوهێزە یان ئەبێت بچنە ژێر کاریگەری جەماوەرەکە لە هەموو گەورە و بچوکێکدا، وە یان ناچار ئەبن لە پارتەکە هەڵبێن...بەمەش ئەو هێزە سیاسیە ئەکەوێتە ناو گێژاوی پرسیارێکی دژیەک لەناوەخندا : پرسیارەکەش ئەمەیە : ئایا خەڵک لەبەر کارنامە و بەرنامە ئەبێتە لایەنگری هێزێکی دیاریکراو یاخود لەبەر ئەوەی ئەم هێزە هەموو ئەو شتانە ئەنجام ئەدات کە خەڵک لێی داوا ئەکات.... ئەزمونی ڕابردووی هێزەکانی کوردستانیش ئەوەمان پێدەڵێت لەم قۆناغەدا هەیە هیچ هێزێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا "بە تایبەتیش ئەو هێزانەی کە ئایدیۆلۆژی نین" ناتوانێت هاوسەنگی بکات لەنێوان بنەما سەرەکیەکانی کارکردنی خۆیی و داواکاری جەماوەرەکەیدا.
3. مەرج نیە هەموو کاتێک هێزە پۆپولیستەکان هێزی پێشکەوتنخواز بن، بگرە هەندێکجار ئەم هێزانە ئەبنە هێزێکی ڕاستڕەوی کۆنزێرڤاتیزم...ئەمەش لەبەر ئەوەی مەرج نیە هەموو کات لایەنگرانی ئەو هێزە پیۆپلیستە داواکاریەکانیان لە پێناو برەودان و پێشکەوتن و گۆڕانکاریدا بێت....بەڵکو هەندێک جار ئەوان ڕەنگە تەنها داوای مانەوەی ئەوە بکەن کە هەیە، داوای پاراستنی ئەو شتە ڕەسەنە بکەن کە هەست ئەکەن بەرەو لەناوچون ئەچێت.
لە هەموو بارێکیشدا ئەم وتارە لێرەدا بەو مانایە نایەت کە لە بەرامبەردا هێزێکی ئەنتی- پیۆپلیست (Anti-Populist) هێزێکی سەقامگیر و سەرکەوتووە...بگرە ئەو هێزانە هەندێکجار لە قەیرانێکدا ئەژین زۆر قوڵترە لە قەیرانی هێزە پۆپولیستەکان...