29/11/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
ئێمه‌و ئه‌وروپیه‌كان -25-
دووراو دوور قسه فرۆشتن و شه‌رح و له شه‌قه‌ی باڵدان له بابهتیكدا كه مرۆڤ تێدا نه‌بێت و له نێویدا نه‌ژیابێت كارێكی قورسه‌و حه‌تمه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته شتێكی نه‌زه‌ری بێت، خۆ ئه‌گه‌ر شتگه‌لێكی عه‌مه‌لی و لهمسكراو بێت ئه‌وه دیسان قورسه به‌ڵام له تیۆریه‌كه زۆرتر .
ئێمه زۆرجار ده‌بینین له كه‌ناڵه‌كاندا یان ده‌بیسین و ده‌خوێنینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وروپیه‌كان كه چۆن ده‌ژین و گوزه‌ر ده‌كه‌ن به‌م زه‌مینه‌دا و هێشتا هه‌ر یه‌كسانه به مهزوزوعێك كه‌له خه‌یاڵدا بێت و بروات چونكه نه‌مانتوانیوه برۆینه ناو ژیانی رۆژانه‌یان، بۆ خۆم وابووم ، نازانم بۆ خهڵكیتر چۆنه ، هه‌ر كه‌سێك برواته ناویان ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش بێت هه‌ندێك به‌رچاو رۆشنی بۆ دروست ده‌بێت كه ژه‌می ژه‌هراوی و ژه‌می شیرینی ژیانیان له كوێدایه! .
بۆ ده‌رچوون له دونیای نه‌زه‌ری و قسه‌ی بێ به‌ڵگه ئه‌وروپیه‌كان دههرێكه چوونه‌ته ناو جیهانی ئه‌زمونكردنی شته‌كان و كات به‌سه‌ر بردن له ناو جه‌رگه‌ی ژووره‌كانی موختهبهرهكاندا بۆ ئه‌و شتانه‌ی ده‌چنه ژێر میكرۆسكۆپ و كامێره ووردهكانهوه . یان ئه‌گه‌ر بۆ نزیكبوونه‌وه له شته‌كان و شوێنه‌كان بێت چه‌ندێك دوور بێت مرۆڤی ئه‌وروپی ملی بۆ ده‌نێت ده‌یه‌وێت له نزیكی نزیكه‌وه بیبینێت و وێنه‌ی بگرێت و یاسا‌و یادگاریه‌كانی ئه‌و شتانه تۆمار بكات، گه‌ران و وڵات به وڵات كردن و چوونه شوێنه ترسناك و تاریك و دووره ده‌سته‌كان هۆكارێكی گه‌وره بوون بۆ دروست بوونی ته‌ماعی ئیستیعماریانه بۆ دابڕ و داگیركردنی وڵاتان و سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی ئیستیسراقیش كه بوونه كه‌وا سور (جاسوس)ی به‌رله‌شكری رۆژئاواییه‌كان باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ تێگه‌یشتن له رۆحیه‌تی دونیا خۆرانه‌ی ئه‌وان .
منیش ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی له ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا بووم زۆر شتم بۆ روون بوویه‌وه و تێگه‌یشتنم بۆ واقیعه‌یان جیاواز بوو له‌وه‌ی له كتێبه‌كان خوێندوومه‌وه و له كه‌ناڵه‌كان نیشانیان داوین، له‌و وڵاتانه‌دا ئه‌وانه‌ی لای ئێمه‌ی موسڵمان ناوی حه‌رامه‌و موسڵمانێتی ده‌له‌قێنێ و كه‌می ده‌كاته‌وه‌و دوایش وێرانی ده‌كات، لای ئه‌وان بووه‌ته خوونه‌ریت و كه‌لتورو شانازی و زۆر عاده‌تی و پێیان غه‌ریبه خۆمانی لێ گێل ده‌كه‌ین و دوور ده‌گرین !!.
هه‌ر كه‌سێكی موسڵمان له‌و ناوچه‌دا ژیانێكی كه‌م یان زۆر بهڕێكات پێویستی به جیهادێكی گه‌وره‌ی نه‌فس و خۆپارێزیه‌كی زۆر هه‌یه كه جیاوازه له خۆپارێزی ناوچه‌كانی خۆمان، ئه‌و حه‌رامانه‌ی له‌وێ به‌رده‌سته‌و هیلاك بوونی ناوێت بۆ گه‌یشتن و ئالوده بوون پێیه‌وه(خوای گه‌وره په‌نامان بدات) وه‌كو سیفه‌تی پیسی زینا و پێشه‌كیه‌كانی زینا و گۆشتی به‌رازو عه‌ره‌ق به هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه له هه‌موو كون و كوڵان و كانتۆنێكدا ڕێگریه‌ك نیه (به نیسبه‌ت خه‌ڵكی وڵاتانی موسڵمان) جگه له ئیمان و ته‌قوا و غیره‌تی ئیسلامه‌تی. له‌وی هه‌موو شتێك رووت و قوته، ئافره‌تان له هه‌موو شوێنێكدا، وێنه‌و ریكلامه‌كان، په‌یكه‌ره‌كانی سه‌رجاده و شۆسته‌كان ته‌جسیمی حه‌قیقه‌تی ئافره‌ت ده‌كه‌ن، ته‌نها پیاوان پۆشته‌ن!!.
له ناخی خۆمدا زۆر ئه‌م بابه‌ته‌م ده‌شێلا كه بۆچی هه‌موو شتێك تایبه‌ت به دونیای مێینه‌وه وه‌كو رۆژی له‌دایك بوونیان بێ به‌رگن؟!، دهشموت تۆ بڵێی بیانه‌وێ و له دایك بوون بكه‌نه پاساوی رووتی، گوایه كه مرۆڤ به رووتی هاتبێته دونیاوه بۆ خۆی بشارێته‌وه؟!، ئه‌گه‌ر واشه خۆ پیاوانیش هه‌روان، به‌ڵام بۆ ئافره‌تان رووت و پیاوان پۆشته‌ن؟!، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه دافیعێكی سێكسی په‌تی وێرانكه‌ر نه‌بێت؟!، دیاره به كاڵاكردنی ئافره‌تان فهلسهفێنراوهو ده‌بێت ته‌نها ئه‌وان ئه‌و باجه گه‌وره گه‌وره‌یه بده‌ن!.
به‌و ئه‌زمونه كه‌مه‌ی خۆم ئه‌گه‌ر موسڵمان رۆیشته ئه‌و وڵاتانه و نه‌یتوانی رۆڵی داعیهك ببینێت لای كه‌می ده‌بێت زۆر وریای ئه‌م چه‌ند خاڵه بێت : 1- كردنی نوێژه‌كانی له كات و ساتی خۆیاندا به قه‌سرو جه‌مع یان حازری ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌وێ ئیقامه‌ی هه‌بوو 2- خۆپارێزی له خواردن و خواردنه‌وه‌ی حه‌رام به گشتی و به تایبه‌ت گۆشتی به‌رازو چه‌وری به‌راز و هه‌موو جۆره‌كانی مه‌ی و مه‌شروب(عه‌ره‌ق) كه زۆر كات تێكه‌ڵ ده‌كرێت له گه‌ڵ خواردنی حهڵاڵێشدا و پێشی نازانرێت مه‌گه‌ر پێش وه‌خت پرسیار بكه‌ی هه‌تا مه‌علومات وه‌رگری و تێنهكهوی. ئه‌مه كه‌مترین واجبه كه موسڵمان پێی هه‌ستێت له غه‌ریبی وڵاتانی غه‌ربدا 3- سلوكی موسڵمانانه نیشاندان له هه‌موو شوێنێكدا به تایبه‌تی ده‌ست و ده‌م پاكی و راستگۆیی و نهرمرۆیی له كار‌و كرداردا، شتێكی تایبه‌تیش به ئافره‌ته‌وه جگه له‌و سێ خاڵه پۆشته‌و پهرداخیهتی و ته‌سلیم نه‌بوونه به‌و رووت و قووتیهی ئه‌وێ !.
له‌وێ مرۆڤ هه‌موو مرۆڤه‌كان به عه‌قڵیه‌ت و رۆحیه‌تی یاخی بوون گۆشكراون، یاخی بوون له هه‌موو شت!، له هه‌موو ئاینێك، له خوای تاك و ته‌نها و له خه‌ڵك به‌گشتی، یانی هه‌ر مرۆڤه‌و له مرۆڤهیكهیتر یاخیه !. بۆیه‌ش ئه‌و مرۆڤانه زۆر حه‌زیان له (موجازه‌فه) و ( موغامه‌ره) و (موفاجه‌ئه) و ( مههالیك) و خۆههڵدانن له ئاسمان و زه‌وی و شاخه به‌رزه‌كان و تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌ر شتێك تاقینهكرابێتهوه ئه‌گه‌ر زه‌مانی مانه‌وه‌شیان كه‌م بێت .
ئه‌م یاخی بوونه هه‌ندێك جار ((خێر))ی لێبووه‌ته‌وه بۆ خۆی یان خۆیان، به‌ڵام زۆربه‌ی جار شه‌ڕێ لێ بووه‌ته‌وه، گه‌وره‌ترین شتێك كه بتوانێت سنورێك بۆ ئه‌وان دیاری بكات و مرۆڤه‌كانیان زه‌بت بكات یه‌كه‌مین شت قازانج و خێری مادی و ئۆرۆ كۆكردنه‌وه‌یه!، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ت زانی نابێته جێی سه‌رسامبوون كاتێك ده‌بینی هه‌موو ژیانیان و هه‌موو كارێكیان و هه‌موو پرۆژه‌یه‌كیان به‌ستراوه‌ته‌وه به بانك و بازار و بۆرسه‌وه !. به كورتی قازانج و قازانج خوازیی (خوا)ی ئه‌وانه. رۆح و پێویستیه‌كانی رۆح له ناو پێویستیه‌كانی جه‌سته‌دا وون بووه و كهلالا كه‌وتووه !!.
به‌پێی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یان كه هه‌یانه بۆ ژیان و ده‌یانه‌وێت زۆرترین و قه‌به‌ترین جێژ له ژیان وه‌رگرن به بێ خوێندنه‌وه‌ی حه‌رامه ئاینیه‌كان به تایبه‌تی حه‌رامه‌كانی ئاینی ئیسلام .
باسهیرێكی خۆمانیش بكه‌ین نه‌ك خه‌ریكه به‌ڵكو ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك به باری ئه‌واندا كه‌وتوون و خۆپارێزی له حه‌رامه‌كان نه وه‌كو دینداری پێیه‌وه پاپه‌ندن و نه وه‌كو كه‌لتوری كۆمه‌ڵایه‌تی، رووت و قوتیهكه و به كاڵا و كه‌ره‌سته‌كردنی ئافره‌تان گه‌یشتووه‌ته پله‌یه‌كی ترسناك و نمونه‌ش له پێش چاوی هه‌مووتانه، ئه‌وه‌تا گه‌یشتووه‌ته سنوری فرۆشتنی لاشه‌ی ئافره‌ت له گه‌ڵ لاشه‌ی سه‌یاره پێكه‌وه و له گه‌ڵ یه‌كدا له مهعرهزو كۆمپانیاكاندا نیشان ده‌درێن !، سه‌یره‌و جێی خه‌مه كه له شارێكی وه‌كو سلێمانی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان بڵێن نزیكه‌ی 400 چوار سه‌د شوێنی له‌شفرۆشی هه‌یه !!. ده‌بێت شوێنه ناره‌سمیه‌كان چه‌ند بن و چه‌ند كه‌سی نێر‌و مێی وڵاتی ئێمه‌یان له به‌ڵاوه تلاند بێت؟!.
لای ئێمه یاخی بوون فرسه‌تی هه‌یه‌و ده‌رگای بۆ كراته‌وه به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له ئیبسلام و به‌رژه‌وه‌ندیه گشتیه‌كانی هاوڵاتیان بێت، ئه‌م یاخی بوونه‌ی لای ئێمه هیچ به‌رهه‌مێك و ئیبداعێك و تازه‌گه‌ریه‌كی عه‌قڵانی لێ نه‌بووه‌ته‌وه و كه‌سیش ناپرسێت له چاره‌نوسی عه‌قڵ و ماڵ و ده‌روونی ئه‌و كه‌سانه‌ی له عه‌رز و ئاوی یاخی بووندا خۆیان داوه به زه‌ویدا .
عهرهقخانهو عه‌ره‌ق فرۆشییش كراوه‌ته هه‌رزانترین كاڵا هه‌تا هه‌موو هه‌ژارو نه‌دارێك و ده‌وڵه‌مه‌ندێكی یاخی ده‌ستیان پێبگات و دواتر خێزانیش لایان سروشتی بێته‌وه‌و وه‌كو بووه‌ته باو‌و له‌سه‌ر ئاستی دایك و باوك و منداڵه‌كانیان سفره‌ی عه‌ره‌ق ده‌رازێننه‌وه. بۆ حه‌رامه‌كانی خوای گه‌وره كه له ئه‌وروپا حهڵالكراوه ده‌رگاكان هه‌مووی واڵایه و به‌ڵام بۆ زانسته ته‌جریبی و ئینسانیه‌كان بۆ هه‌ندێك هه‌یه و بۆ زۆرێك نیه و بۆ ئه‌و هه‌نده‌ش تا ئێستا هیچمان نه‌بینیوه ئیتر نازانم داهاتوومان له سایه‌ی ئه‌و جیله‌دا به چی ده‌گات و هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر به بینینی ئێستامان بێت تاریكایی رێگه‌مان نه‌دات داهاتوو ببینین !. ههڵةبجه 25-11-2013 .