بنیاتنانی خەونی دەوڵەت لەسەر ئێکسسن مۆبیل
29/11/2013 نوسەر: bzavpress

بنیاتنانی خەونی دەوڵەت لەسەر ئێکسسن مۆبیل

ئەمریکا دۆستەکانی بێهیوا دەکا. ئیسڕائیل و سعودیە نیگەرانن لە هەڵوێستەکانی ئەمریکا. بە رادەیەک ئیسڕائیلییەکان کەوتونەتە دروستکردنی کامپەینی ئۆنلاین بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئیدارەی ئۆباما تا بە ویستی ئیسڕائیل مامەڵە لەگەڵ ئێران بکا.

ئیسڕائیل بێهیوا دەردەکەوێ و بەدوای دۆستی نوێیە لە ناوچەکە دا. ئەم ویستەیان لە میدیاکان دا چەند جارێک نیشانداوە، زیاتر ئاماژە بۆ کوردستان دەکەن. لە هێزە ناودەوڵەتییەکانیش، نزیکبونەوەکانی ئەم دواییە لەگەڵ فەڕەنسا دا، هەردو وڵات دەیانەوێ پەیوەندییەکانیان پتەوتربکەن.
ئەمریکا بە تورکیای راگەیاندوە گرێبەستەکانی گواستنەوەی نەوت لەڕێی بۆڕیی کوردستان-تورکیا بێ گڵۆپی سەوزی عێراق نەبێ. تا ئێستا ئەمریکا پشتیوانیی 'کوردی دۆست'ی نەکردوە لە بەرامبەر بەغدا دا.
روسیا لە ناوچەکە دا جارێکی تر بۆتەوە هێزێکی کاریگەر و تا ئێستا لە سوریا رژێمی دیکتاتۆریی ئەسەدی راگرتوە. کورد نازانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دەرکەوتنەوەی روسیا بکا.
ئەمریکا چیتر پێویستیی بە نەوتی ناوچەکە نییە، یان هەر هیچ نەبێ وەک جاران پێویستیی پێنییە بەهۆی دۆزینەوەی شێیل (shale) لە ناوخۆی وڵاتەکەی دا. وڵاتانی کەنداو ترسی ئێرانیان لێنیشتوە بەو پێیەی ئەگەری هەیە چیتر ئەمریکا وەک جاران لە مەترسیی ئێران نەیانپارێزێ.
هەمو وڵات و گەلانی ناوچەکە خەریکی رێکخستنەوەی سیاسەتی دەرەکیی و ناوخۆیی خۆیانن تا لەگەل گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بگونجێنن.
بۆ کورد ئەمە تەواو پێچەوانەیە؛ کورد بەهۆی هەبونی نەوتەوە، خەریکە هەمو خەونێکی لەدەستدەدا. نەوت لێناگەڕێ سەرکردایەتیی کورد لە ناوخۆی وڵات دا شەفاف و عادیل و دیمۆکرات بێ. لە دەرەوەش، هەمو هێلکەکانی خۆیان خستۆتە سەبەتەی تورکیاوە. نەوت چاوی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردی لێڵکردوە و ناتوانن شتەکان بەڕونی ببینن.
تەواوی جەختی کورد لە نەخشەکێشکردنی سیاسەتی ناوچەکە دا، نەوت و بۆڕیی گواستنەوەی نەوتە بە تورکیا دا.
تەواوی سیاسەتکردنی کورد پشتبەستوە بە هێنانی کۆمپانیای نەوتیی زیاتر وەک ئەوەی ئەو کۆمپانیانە هۆکاری پاراستنی کورد و زامنی دەوڵەتی سەربەخۆ بن.
ئێکسسن مۆبیل بۆ کورد بۆتە ئەو عەصا موساییەی لە زوترین دەرفەت دا دەوڵەت بۆ کورد دروستدەکا.
سەرکردایەتیی سیاسیی کورد، لەو پرسانە بێئاگایە. لەبری داڕشتنی ستراتیژێکی نەتەوەیی، خەریکی ملشکاندنی یەکترن.
بەشێکی دیکەی کوردستان ئازاد بوە، لەبری قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە، بەشێک لە کوردانی باشور خەریکن ئەزمونەکە لەباردەبەن. لە تورکیا دا شۆڕشی کوردان لە هەر رۆژێک پێشکەوتوترە، کەچی کوردانی ئێرە خەریکە دابەشیان دەکەن.
لە ئێران دا، حیزبە کوردییەکان تاکە خەونیان ئەوە بو کە ئەمریکا لە ئێران دەدا و لەو رێیەوە خۆیان رێکدەخەنەوە و سود لە دەرفەتەکە وەردەگرن، یان ئەمریکا پشتیوانییان دەکا، کەچی ئەو خەونەشیان مرد. ئێستا لە هەر رۆژێک زیاتر پێویستە بزانین ئەو هێزانە بەتەمای چین؟
کورد ئەگەر نەتوانێ لە ناوخۆ دا سەرکەوتو بێ، هەرگیز ناتوانێ لەو گەمە سیاسییانە دا سەرکەوتوانە لێی دەرچێ. سەرکردایەتییەک نەتوانێ بڕیاری پێکهێنانی حکومەتێک بدا و گارەنتیی چاکسازیی و گۆڕانکاریی ریشەیی نەکا، زەحمەتە بتوانێ لەو گەمانە دا سیاسەتێکی سەربەخۆ و نیشتیمانییانەی هەبێ. کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان، هەمیشە هێزە کوردییەکانی، دواجار، دابەشکردۆتە سەر هێزە ئیقلیمییەکان و هەرگیز نەیانتوانیوە لە سیاسەتی پاشکۆیەتیی خۆیان رزگاربکەن.
f: کەمال چۆمانی