نەتەوە یەکگرتووەکان لە رەوشی منداڵانی سوریا نیگەرانە
03/12/2013 نوسەر: bzavpress

نەتەوە یەکگرتووەکان لە رەوشی منداڵانی سوریا نیگەرانە


بەھۆی ھاتنی وەرزی زستان نەتەوە یەکگرتوووەکان نیگەرانی لەبەرامبەر رەوشی پێنج ملیۆن و نیو منداڵی سوریا راگەیاند.

بەھۆی نزیکبوونەوەی سەرما و سۆڵەی وەرزی زستان و بەردەوامی شەڕو پێکدادانەکان  لە سوریا، نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی لەبەرامبەر خراپبوونی رەوشی ژیانی منداڵانی ئەو وڵاتە راگەیاند.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئۆفیسی جنێڤ، باسی لە خراپبوونی رەوشی منداڵانی سوریا کرد.

لەکۆنگرەکەدا گوتەبێژی فۆنی یارمەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان UNICEF ماریکسیس مێرکاد، ئاماژەی بەھاتنی مانگی ساردی کانونی دووەم کرد گوتی: شەڕو پێکدادانەکانی سوریا پێ دەنێتە چوار ساڵەوە، لەئێستادا ٤.٣ ملیۆن کەس لەناوەوەی وڵات و  ١.٢ ملیۆن لەدەرەوەی سوریا ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون. لەنێوانیاندا ٤٣٦ ھەزار منداڵی سوری کە تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵدایە.

مێرکاد لەدرێژەی گوتەکاندا باسی لە نیگەرانیەکانی رێکخراوی یونیسێف کرد لەبارەی مەترسیەکانی نەخۆشکەوتنی ئەو منداڵانە، کە لە ژێر چادرەکان بەشێوەیەکی ناتەندروست ژیان بەسەر دەبەن.

مێرکاد رایگەیاند: ئێستا خەریکی دابەشکردنی جلی زستانەن بەسەر ٨٨ ھەزار منداڵی کەمپەکانی لوبنان. ھەروەھا سێتی بەتانی و پێداویستییەکانی خۆپاراستن بەسەر ٢ ملیۆن منداڵی ناو سوریا دابەش دەکرێت، دابەشکردنی یارمەتیەکانیش لە وڵاتانی ئوردەن عێراق تورکیا بەرێوە دەچێ.

مێرکاد لە بانگەوازێکدا رایگەیاند رێکخراوەکە بۆ بەدەمەوەچوونی منداڵانی سوریا پێویستی بە یارمەتی ھەیە و داوای ھاوکاریی بەپەلەی لە وڵاتان کرد