دەربارەی پشتیوانیکردنی سیاسەتی نەوتیی یەکێتیی و پارتیی
03/12/2013 نوسەر: bzavpress

دەربارەی پشتیوانیکردنی سیاسەتی نەوتیی یەکێتیی و پارتیی


داهاتو و سەربەخۆی کوردستانیان کورتکردۆتەوە لەو چەند گرێبەستە نەوتییەی لەگەڵ تورکیا و چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی ئەنجامدەدرێ.
ئەوەی تا ئێستا لە سیاسەتی نەوتیی حکومەتی هەرێم تێبینیدەکرێ، دروستکردنی نوخبەیەکی بچوکی پاوانخوازە کە دەبنە لۆردی نەوت Oil Lord. لۆردانی نەوت، وێنەی وەک شای ئێران و عەبدوڵا بن عبدالعزیز آل سعودی مەلیکی سعودیە و سەرۆکی دیکتاتۆری پێشوی لیبیا، قەزافی و بنەماڵەکانیانە.
بێگومان یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەوڵەت، ئابورییەکی بەهێزە. بەڵام لەوە گرنگتر، ئیدارەیەکی باش و عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و وەکیەکییە لە بەرامبەر یاسا و وەدەستهێنانی هەلی کار و بەشداریی سیاسیی لە کوردستان دا. لەوە هەر گەڕێ، بێ هەبونی شەفافییەت لە گرێبەستە نەوتییەکان، وڵات بەرەو مەترسییەکی نادیار ئاراستەدەکا. جگە لە هەمو ئەوانە، دەبێ بیریش لەوە بکرێتەوە نەوت لە بەرژەوەندیی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بەکاربێ، یان لانیکەم بۆ دژایەتیی ئەوان بەکارنەیەت.
وڵاتانی کەنداو دەیان ساڵە گرێبەستی نەوت دەکەن و نوخبەیەک تێیدا سودمەند دەبێ و زۆرینەش دەبێتە قوربانیی. هەرچەندە دەوڵەتانی وەکو قەتەر و ئیماڕات لە دابەشکردنی سامانیش تا رادەیەک سەرکەوتو بونە لە دابەشکردنی سامانی نەوت، بەڵام دیسان سیاسەت لەو وڵاتانە دا تاریکە و ئازادیی رادەربڕین و مافی مرۆڤ کەمترین بایەخیان پێدەدرێ.
٢٣ ساڵە حکومەتی هەرێم دامەزراوە. هەرچەندە نەوەدەکان ئێمە منداڵ بوین، بەڵام زۆرێک لە رۆشنبیر و رۆژنامەنوسانی کورد رەخنەیان لەو حکومەتە گرتوە. لەوەتەی بیریرشدەکەمەوە، رەخنەم لە سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم و حیزبە حوکمڕانەکان گرتوە. هیچ یەکێک لە ئێمە ئامانجی روخاندنی حکومەتی هەرێم نەبوە، تەنها ئامانجمان چاکسازیکردن بوە. ئەم رۆژانە، کە باسی نەوت و گازی هەرێم گەرم بوە، زۆرێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و نوسەر و رۆژنامەنوسانیش، شەرمنانە دەیانەوێ جۆرێک لە پشتیوانییەکی گەمژانە بۆ سیاسەتە نەوتییەکانی پارتیی و یەکێتیی نیشانبدەن (بێگومان زیاتر پارتی، ئەگەر تێبینیتان کردبێ، عیماد ئەحمەد لە وتارەکەی دا زمانی تەتەڵەی دەکرد و پێناچو ئاگاداری هیچی نەوت بێ). ئەو پشتیوانییە کوێرانە، زۆر مەترسیدارە چونکە بەر لەوەی لۆردانی نەوت دروستبن، دەبێ رێبگیرێ لە دروستبونیان -هەرچەندە تا رادەیەک دروستبونە-.
رەخنەکردنی سیاسەتی نەوتیی یەکێتی و پارتیی، دژایەتیکردنی نییە بەڵکو رێگرتنە لێی تا بەرەو ئاراستەیەکی خراپ هەنگاونەنێ. خزمەتکردن نییە بە مالیکی، بەڵکو رێگریکردنە لەوەی سیاسەتی نەوتیی کوردستان بۆ خزمەتی ئاژێندای دەرەکیی بێ. 
بێگومان پێویستە دژایەتیی تەواوی حکومەتی بەغدا و مالیکیی بکرێ و بە هەمو جۆرێک حکومەتی هەرێم تەنازول لە سەربەخۆیی خۆی نەکا بۆ بەڕێوەبردنی نەوتی کوردستان، بەڵام ناکرێ بەهۆی گوتاری درۆیینەی ناسیۆنالیستیی یەکێتی و پارتیی و ئەو گرژییانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا بونیان هەیە، ئێمە مەترسییە گەورەکانی ئەو سیاسەتە نەوتییە فەرامۆشبکەین.