دەزانن گریانی من بۆ جیە...؟!
08/12/2013 نوسەر: bzavpress

دەزانن گریانی من بۆ جیە...؟!


گریانی ئەم جارەم بۆ تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە نیە لە کەرکوکی دابڕاو،بۆ ڕفاندن و کوشتنی سەردەشت عوسمان و فڕێدانی لە خاکی عارەبان نیە،بۆ لە ناو بردنی عەبدالستار شریف نیە،ئەم گریانەم بۆ ساڵڕۆژی شەهید کردنی سەیداکەی دهۆک و هاوەڵانی نیە...

بەڵکو گریانی ئەم جارەم بۆ ئەو دایکەیە کە بە بەرچاویەوە رۆڵەکەی دەکوژرێت و سەردەمی بەعثی دەخاتەوە یاد!

پاشان بۆ ئەو ڕۆژنامەنوسەیە کە لە بەرامبەر ئاشکراکردنی دزی و گزی و تاڵانی و حوکمی عەسکەرتاریانەی دەسەڵاتداراندا  خەڵتانی خوێن دەکرێت و لە خوێنی خۆیدا دەگەوزێنرێت!

بۆ ئەو سمێڵ فشانەیە کە هێشتا بە عەقڵی شاخ و زمانی هەڕەشە و گورەشە و سوکایەتی و جنێودان مامەڵە دەکەن!

بۆ ئەو هەرێمەیە کە بکوژەکانی دواین بزماریان لە تابووتی دیموکراسی جەقاند!

بۆ ئەو منداڵەیە کە لەدەرەوەی ووڵاتەوە نامە بۆ باوکە ڕۆژنامەنوسەکەی دەنێرێت و دەڵێت: بابە گیان کوردستان جێ بهێڵە نەوەک تۆش رەوانەی لای سۆران و کاوە و سەردەشت و سەیدا و عەبدالستار و هاوەڵانی بکەن...!!!

بۆ  کەسانێک دەگریم کە ئەقلیان هێندە بڕ دەکات وا دەزانن بەم جۆرە دەتوانن دەنگی دلیری حەق و بانگی ئازادی و دادپەروەری  کپ بکەن!

ئاخر نازانم هیچ مەملەکەتێک هەبیت هێندەی کوردستانی گۆڕستانی خاوەن دەسەلاتێکی تیرۆر زمان گیان تیایدا بێ بەها بیت..!!!

بڕوابکەن پڕ بە دڵ گریانم دێت.....

2013-12-8 

دەربەندیخان