09/12/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
پارتى : قبوڵمان نیە د. نەجمەدین كەریم سەرۆكی لیست بێت
دوای كۆبوونەوەكەی دوێنێ 2013/12/8، حزبو لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك، كە بڕیاردرا كورد بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەپارێزگای كەركوك بكاتو د. نەجمەدین كەریم-یش سەرۆكی ئەو لیستە بێت، بەڵام رۆژێك بەسەر ئەو بڕیارەدا تێنەپەڕیو پارتی دیموكراتی كوردستان پەشیمان بووەوەو، محەممەد كەمال بەرپرسی لقی 3 ی پارتی لە كەركوك، دەڵێت: ئەوان وەك سەركردایەتی پارتی، نەجمەدین كەریم-یان قبووڵ نییە كە بڕیارە بكرێتە سەرۆكی لیستی كەركوكی كوردستانی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی عیراق.
سەبارەت بەو بڕیارەی پارتی، رەوەند مەلا مەحمود، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، راگەیاند: هەموو حزبە كوردستانییەكانی كەركوك، لەبارەگای مەڵبەندی 2 ی كەركوك كۆبوینەوەو لەوێ، دوای گفتوگۆ بە تێكڕای دەنگ سەرجەم حزبە كوردستانییەكان لە لیستێكدا كۆببنەوەو ناوی لیستەكەش (كەركوكی كوردستانی) بێت، هەر لەو كۆبوونەوەشدا رێككەوتنین كە سەرۆكی لیست بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت، وتەبێژ بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، پارتی-ش نوێنەری كۆمسیۆن بن، لەوێ هەموومان ئیمزامان كردو هاتینە دەرەوە.
وتیشی: هەر لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ ئەوەی دەرگای لیستەكە كراوە بێت بۆ هەر حزبو لایەنێكی تر كە بیەوێتو بێتە ناو لیستەكەوە، من خۆم لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامیو بزوتنەوەی ئیسلامیو حزبی شیوعی سەردانی چەند حزبێكمان كرد بۆ ئەوەی بێن لەگەڵماندا هاوپەیمان بن.
راشیگەیاند: دوێنێ 2013/12/8، هیچ كێشەیەك نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ 2013/12/9، لە ناكاو برادەرانی پارتی پەشیمان بوونەوەو وتیان (قبوڵمان نیە د. نەجمەدین كەریم سەرۆكی لیست بێت).
روونیشیكردەوە: خۆم چووم قسەم لەگەڵ برادەرانی لقی پارتی كرد، پێم وتن پێمان ناخۆشە ئەگەر ئێوە قسەی وابكەن، هەق نیە كەسمان ڤیتۆ لەسەر ئەوی ترمان بكەین، ئەم لیستە بۆ هەموو كوردی كەركوكە، باشترە هەموومان پێكەوە كار بكەین، لەبەرامبەردا محەمەد كەمال بەمنی وت، (وەك پارتی دیموكراتی كوردستان رازی نین د. نەجمەدین سەرۆكی لیست بێت) وتم كاك محەمەد ئەمە هەر بڕیاری لقە لێرە یان بڕیاری سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە، پێی وتم (لە سەری سەرەوە تا خواری خوارەوە نامانەوێت د. نەجمەدین سەرۆكی ئەو لیستە بێت، ئەگەر سەرۆكی لیست بێت ئێمە بەسداری ئەو لیستە ناكەین، لەبەر ئەوەی نارازین د. نەجمەدین)
لەبارەی هەڵوێستی لیستەكانی ترو، جارێكی تر پەرتەوازیی كورد لە كەركوك، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 2 ی كەركوك، رایگەیاند: ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەكانی تر ناو لیستەكە قسەمان كرد، هەموویان ئەو هەڵوێستەی پارتی-یان پێ ناخۆش بوو، وتیان كارێكی باش نیە، پێشمان ناخۆشە حزبێكی كوردستانی هەڵوێستی وای هەبێت.