23/12/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
بزانن چی یان بۆ کەرکوک کردووە.؟.
یەکەم: ماددەى (140)،لەهەرە دەستکەوتە گرنگەکانى ئەم دوحزبەیە بۆ مەزادکردنى ماڵى کوردیی لەبەغدا،ئەوکاتەى پڕ بە ئیجتیهادى خۆیان و بە زۆر ئەم ماددەیان چەسپاند،لەم عێراقە یەک جوندى چییە لەسەر شەقام و بیابانەکانیش نەبون،نە شیعە هێز بوو،نەسوننەژمارە بوو لەگۆڕەپانەکە.ئێستا (4) ساڵە ماددەکە بەسەرچووە،هێشتا قۆناغى یەکەمیشى جێبەجێ نەکراوە،ئەڵێن دوو ساڵى تریش هەر بودجەى (قەرەبوو) لەپەرلەمانى عێراقەوە دابین دەکرێت.!. لەکاتێکدا ڕێژەى عەرەبى هاوردە لەبرى کەم بکات،زیادى کردووە،لەشارەکەو دەورو بەرى.ئینجاش هەموویان دەنگ ئەدەن.
من ئەوکاتە زانیم،ماددەى (140) جێبەجێ ناکرێت،کە لەدواى ساڵى (2006) ەوە.(قادر عەزیز) کرا بە نوێنەرى سەرۆکایەتى هەرێم،بۆ جێبەجێ کردنى ماددەکە،ئاخر ئەگەر تاڵەبانى و بارزانى بیانزانیایە ماددەکە جێبەجێ دەکرێت و،سەروەرییەکى گەورەیە هەریەکەو کوڕێکى خۆیان دا ئەنا،نەک هاوڕێ قادر عەزیز ..!.واتە: تائێستا یەک سانتیمەتر لەخاکى کوردستان نەگةڕاوەتەوە،بگرە کوردەکان چۆڵیشى ئەکەن،ئەوان لەسەردەمى یاریزانە بەهێزەکانى کوردد و لاوازى عەرەبەکان لەبەغدا هیچیان نەکرد،ئەبێت ئەمانەى لە داهاتوو دەچنە بەغدا چى بکەن ..؟.
دووەم: لەڕووى ئامارو نفوسی کوردەوە: چونکە ئەم میللەتە، تائێستا دەستکاریی فکرو دەماخى خۆى نەکردووە،بۆیە هەمیشە بێ پلان و بێ دەرەتانە،هەمووپلانێک لەسەر بنەماى ئامارو زانیارى وردو ڕاست دائەڕێژرێت.پرسیاردەکەین،ئەرىًَ کورد چەند نەفەرە ؟.ئەى دوز چەند کوردى هەیە؟.ئەى هەموو ناوچە دابڕاوەکان؟.کەس نازانێ .ئەوەى ژوورى توێژینەوەى ناوچەدابڕاوەکانى گۆڕان و،بەسی زانیارییەکانى پارێزگاش بەخەمڵاندن کراوەو،ناکرێت پشتى پێ ببەستین. (10) ساڵە لەکەرکوکن،نازانن ساڵ بەساڵ ڕێژەى کوردو عەرەب و تورکمان چەنە ؟.
سێهەم: هەستەکەم،بەهۆى داخراوى کۆمەڵگەى کەرکوکەوە، وابەستەیی لەڕادەبەدەریان بۆ شەڕەپەڕۆ و حزبایەتى و کەس پەرستى،خودى زۆرینەى کەرکوکیەکان و خزمان،بۆخۆیان بەهۆى ناهوشیارییانەوە،تۆمەتبارن لەو ژیانەى کە ساڵانێکى زۆرە تیاى گوزەر ئەکەن.
ئەدى پێمان بڵێن،دکتۆر نەجمەدین چى بۆ کەرکوک کردووە.؟ وە کەرکوک چى هەیە؟.کەرکوک،هەموو ڕۆژێ (3750000$) سێ ملیۆن و حەوت سەدو پەنجا هەزار دۆلارى ،لەپارەى پترۆدۆلار هەیە،بۆمانگێک دەکاتە (112500000$) سەدو دوانزە ملیۆن و پێنج سەد هەزار دۆلار.بۆساڵێکیش (حاسیبەکە جێگاى نابێتەوە) ئەوەندە ژمارەیەکى دۆلاراوى گەورەیە.
کەرکوک،بێجگە لەپترۆدۆلار، جگە بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان و دەست و دیارییەکانى یەکێتى و پارتى و ئیدارەى ئەمریکا،خۆى بەتەنها بودجەکەى لە (2013) دا،بڕى (843) ملیار دینار بووە.چەن عەیبە دوو ڕاستە شەقام و چوار پردو گڵۆپتان بۆ کەرکوک کردووە،کەناڵێکى ئاسمانیشتان بەپارەى خەڵک داناوە،تەریب بەهاتوهاوارى چەند مورتەزەقەیەک مێشکى خەڵک دەشۆنەوە.!.
بەعس لەم شارە،پردو جادەى نەڕوخانوە،تا تۆ بێیت دروستى بکەیتەوە.بەڵکو مرۆڤى کوردى ڕوخاندووە،دەبێت گەشەى مرۆیی هەبێت،ئاخۆ لەچوارچێوەى ئەم ئاسایشەى کەرکوکدا تواناى مرۆیی هەیە ؟.عەیب و شورەیی مێشکتان بردین،بۆخۆتان و پارێزگارتان،خۆ ئەستێرەى دانەگرتوەتە زەوى ؟.ئەوە کێیە ئەڵێت شت بۆ کەرکوک کراوە .؟.ئەوانەى زەوى تەجاوز دەکەنە موڵکى خۆیان و مانگانە (30) ملیۆن دینار وەرئەگرن و،کاغەز بەخەسار ئەدەن ؟.
چوارەم: لەشەڕى ئێران-عێراق.. ئێرانیەکان، ساڵێک بوو"فاو"یان گرتبو،حکومەتى عێراقى دەنگى نەکرد،کەس نەیزانى گیراوە،دوای ساڵێک کە "فاو" ڕزگار کرا،کردیان بەهەرا " ڕزگارمان کرد !" بۆ گیرابو،تا ڕزگار بکرێت ؟.هێزەکانى دیجلەش سێ ساڵە بەگۆشت و ئێسقانەوە لەکەرکوکن، لەکەیوانن،لەدەوروبەرى ئەم شارەن،لەناکاو پارێزگار کردى بەهۆسە "دیجلە هات؟". بۆ کوێ هات ؟.ئەى تۆ (19) دەزگاى ئەمنى لەکەرکوک چۆن وەگەڕ ئەخەیت ؟.ئەى چۆن گرەنتى سەلامەتى ئەدەى بەهاوڵاتیان ؟..
پێنجەم: لەهەموو شتێک کارەساتتر،لەکەرکوک هەموو شت هەیە،تەنها (لێ نەپرسینەوە) وە (چاودێریکردن).کە دوو ڕەگەزى گرنگى بوارى ئیدارەن. هەموو ڕۆژێک،،هەفتەیەک،مانگێک،دەیان هاوڵاتى لەنەخۆشخانەکانى کەرکوک،بەتایبەت (نەخۆشخانەى ئازادیی) بەهۆى کەمتەرخەمى و ئامادەنەبونى پزیشکەوە، گیان لەدەست ئەدەن.لەم شارە دکتۆرەکانیش کورد ئەکوژن !.هەیانە (100-120) نەخۆش لەئێوارەیەکدا،بەڕێ دەکات،هەیە دەوام هەرناکا،لە عیادەیە.تەنانەت دواى (12)ى شەو خەفەریات نییە،بۆ مناڵبونێکى ئاسایی،ئافرەتێک دەکوژن .!.
شەشەم: ئەوان نەتوانن بۆیەک ڕۆژ لەکەرکوک پێکەوە بن،چۆن کۆنگرەى نەتەوەیی لەچوار پارچەى کوردستان سەرئەخەن ؟.
تاقەتم،چوو..چى دیکە ناڵێم ،ئەوەنە نەبێت کورد لەکەرکوک کوردایەتى بکات، بەڵکو ئەجێندەى ئیقلیمى جێبەجێ دەکەن .