یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی بۆ ئاسایش: به‌ شێوازی ناشارستانی‌و ئیستیفزازیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مزگەوت‌و مامۆستایان‌و قوتابیانی ئایینی مه‌كه‌ن
23/12/2013 نوسەر: bzavpress

یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی بۆ ئاسایش: به‌ شێوازی ناشارستانی‌و ئیستیفزازیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ مزگەوت‌و مامۆستایان‌و قوتابیانی ئایینی مه‌كه‌ن



دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ به‌یانی مامۆستا مەلا عوسمان سەید ئەحمەد له‌لایه‌ن ئاسایشی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌ستگیركرا، یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئاسایش چیدیكە بەم شێوازانە مامەڵە لەگەڵ زانایانی ئایینی‌و فەقێ‌‌و مزگەوتەكان نەكەن، چونكە ئەمە شێوازێكی ناشارستانی‌و ئیستیفزازیە بۆ مزگەوت‌و مامۆستایان‌و قوتابیانی ئایینی، كە تاكو ئێستاكەش هیچ شتێك لەم بارەوە ساغ نەبۆتەوە .

له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئەمڕۆ كاتژمێر 9ی بەیانی لە شاری هەڵەبجەی شەهید ئاسایشی هەڵەبجە مامۆستا مەلا عوسمان سەید ئەحمەدی دەستگیر كرد، كە پێشنوێژ‌و وتارخوێنی مزگەوتە‌و، ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامیە، بە هۆی ئەوەی مامۆستا هانی گەنجانی داوە بۆ رۆیشتنە سوریا، بەڵام مامۆستا مەلا جەمال بەرپرسی ناوچەی هەڵەبجەی زانایان بە رایگەیاند: ئێمە‌و مامۆستایانی دیكەی هەڵەبجە شاهێدی پاكی‌و دڵسۆزی مامۆستا دەدەین‌و، پێمان وانییە مامۆستا هیچ كارێكی لەم شێوەی كردبێت، هەر بۆیەش بەخۆی بە پیر داواكاری ئاسایشەوە چووە، ئەو تۆمەتانەی بۆ مامۆستا دروست كراون زیاتر گومانن.

مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان جارێكی دیكە داوا لە ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكات چیدیكە بەم شێوازانە مامەڵە لەگەڵ زانایانی ئایینی‌و فەقێ‌‌و مزگەوتەكان نەكەن، چونكە ئەمە شێوازێكی ناشارستانی‌و ئیستیفزازیە بۆ مزگەوت‌و مامۆستایان‌و قوتابیانی ئایینی، كە تاكو ئێستاكەش هیچ شتێك لەم بارەوە ساغ نەبۆتەوە .

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ده‌شڵێت: وێڕای نیگەرانی زیاترمان داوا دەكەین هەرچی زووە مامۆستا ئازاد بكرێت‌و، ئەم شێوازی هەڵمەتی هەڵكوتانە سەر رابگرن، چونكە بەپێچەوانەوە مامۆستایانی ئایینی بە ئەركی خۆیانی دەزانن پشتیوانی ئاسایش‌و دام‌و دەزگا ئەمنیەكانی كوردستان بن بۆ پاراستنی ئارامی‌و ئاسایشی كوردستان. هەر كاتێكیش شتێكی گوماناوی هەبێت بە رێگا‌و شێوازی یاسایی‌و شارستانی مامەڵەی لەگەڵدا بكەن‌و، وەزارەتی ئەوقاف‌و دەزگا پەیوەندیدارەكان ئاگادار بكرێنەوە‌و، لە پێگەی مامۆستایانی ئایینی‌و مزگەوت كەم نەكاتەوە .