24/12/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
ئیسلام چی یە ؟
ئیسلام ئایینی پیرۆزی خوای گەورەی كردگاری بونەوەرە ، سەرچاوەكەی بریتی یە لەقوڕئانی پیرۆز كەوتەی ئەزەلی و هەمیشەیی خوای گەورەیە كە لەڕێگەی سروشەوە لەڕێی فریشتە جبریلی پەیامنێری خوای گەورە بۆپێغەمبەرمان محمدی كوڕی عبداللە هاتووە سەلامی خوای گەورەی لەسەربێ تا لەژیاندا ببێتە تاكە یاساو دەستورو بەرنامەی ژیان ، خەڵكی سەرگۆی زەوی پەیڕەوی لێبكەن و، بەپێی ئەو یاساو بەرنامەیە بەڕێووە بچن و لەهەموو كات و قۆناغ و كاروبارەكانی ژیانیاندا پەیڕەوی لێبكەن ولەسەرخۆیاندا پراكتیزەو بەرجەستەی بكەن .
ئیسلام بریتی یە لەقورئان و سوننە كەهەردوكیان پاك و بێ كەموكوڕی و تەواون ، پارێزراون لەدەست لێدانی ئادەمیزاد ، لەبەرئەوەی قورئانی پێرۆز قسەو فەرمودەی خوای گەورەیەو، خوای گەورە بۆخۆی بەڵێنی پاراستنی داوە وەك دەفەرمووێ : ئێمە ئەم قوڕئانەمان دابەزاندووە ، وەئێمەش بۆخۆمان لەگۆڕین و لەدەستی دوژمنان دەیپارێزین ، سوننەش بریتی یە لەفەرموودەی پێغەمبەری خوای گەورە سەلامی خوای لەسەربێ ، ئەویش هەموو وتەو فەرمودەكانی لەڕێی سروش و پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵا خوای گەورە فەرموونە ،
وەك خوای گەورە سەبارەت بەوە دەفەرموێ : پێغەمبەر محمد (صلی اللە علیە وسلم) هیچ شتێكی لەخۆوە نەگووتوە ، بەڵكو ئەوەی كەگوتویەتی سروشی خوای گەورەیەو بۆی سروش كراوە ، دوای ئەوە ئیسلام بریتییە لەشەریعەت ، شەریعەت واتە یاساو ڕێساو فیقە ، فیقە واتە هەوڵا وهەڵهێنجانی زاناو پێشەوایانی ئیسلام لەدەقەكانی قورئان وسوننەت ، بەپێی زانست و زانیاریو تێگەیشتنی خۆیان ، لەوە بەولاوە ئیسلام بریتی یە لەكۆدەنگی زانایان لەسەر دەق و ئیجتیهادێك ،
پاشان ئیسلام بریتی یە لەپێوانە (قیاس) واتە : قیاس كردنی شتێكی ئەم سەردەمە یاهی داهاتوو بەپێی دەقێكی بڕاوەی قورئان وسوننە ئەگەرچی ئەوشتەش لەسەردەمی هاتنە خوارەوەی قوڕئان و ژیانی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دانەبێ ، بۆ وێنە : پێغەمبەر( صلی اللە علیە وسلم) دەفەرمووێ : كل مسكر حرام . واتە : هەموو سەرخۆشكەرێك و بێهۆشكەرێك حەرامە ، كەواتە ئەگەر لەسەردەمی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم ئارەق هەبووە كەئینسانی بێهۆش كردووە ، ئەگەر لەئێستادا لەدوای ئەو ماددەی تلیاك و حەشیش وهیرۆین دۆزراونەتەوەو، لەداهاتوشدا هەرماددەیەكی تربدۆزرێتەوەو ، باهەر ڕەنگ و تامێكی هەبێ ، ماتوو سیفەت وكاریگەریەكەی بێ هۆشكەرە ، ئەوەش حەرامە باناویشی نەزانرێ و لەسەردەمی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) یش نەببێ .
ئیتر ئەوە ئیسلام و سەرچاوە سەرەكیەكانی یاسا دانانینی ، ئەوەی گرنگە سەرچاوەی قوڕئان و سوننەتە كە پاك و بێگەردن ولەڕێ سروشەوە هاتوون، لەوە بەولاوە وەك فیقهەكە ئیجتیهاد وتێگەیشتنی ئینسانە ، ڕەیی ئینسانە بەئاین وئیسلام دانانرێ وشایستەی هەڵەو كەموكوڕی یە، بۆیە هەر ڕەیی و دەقێك پێچەوانەی قوڕئان وسوننەبێ ، نابێتە یاساو شەریعەت و ئایین . ئیتر ئیسلام خێَرو ڕەحمەت وبەركەت ویاساو دەستورو شەریعەت وڕزگاركەر وئاڕاستەكەری ئادەمیزاد و هەموو شتێكی چاك و شایستەیە. ئیسلام چراو ڕوناكی یە ، چارەسەری هەموو كێشەو گیروگرفتەكانی پێیە ، ئیسلام شیفای دڵا و دەرونەكانە .