گۆڕانی‌ ئاخر زه‌مان و ئاخر زه‌مانی‌ گۆڕان
27/12/2013 نوسەر: bzavpress

گۆڕانی‌ ئاخر زه‌مان و ئاخر زه‌مانی‌ گۆڕان

                                                                                           
له‌دوای‌ (17) ی‌ شوباته‌وه‌،ڕه‌نگه‌ من كه‌مترین قسه‌م ده‌رهه‌ق به‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كردبێت،ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر هۆكارێكی‌ هه‌بێت ئه‌وه‌یه‌:ئێمه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ قسه‌ی‌ خۆمان كرد و،ئه‌وانیش له‌ نیشاندانی‌ ڕووی فاشیزمانه‌و پۆپۆڵیستانه‌ی‌ خۆیان،له‌جنێونامه‌و ته‌شهیرنامه‌ و په‌رواێزخستن ده‌نگ و ڕه‌نگمان له‌میدیاكانی‌ خۆیان كه‌میان نه‌كرد.ئه‌توانم بڵێم: یه‌كه‌م قوربانی‌ ده‌ستی‌ گۆڕانێكی‌ بی‌ هزرو ستراتیژ بووم ...
ئێستا گۆڕان كۆنگره‌ ده‌كات،ئه‌یه‌وێ‌ هه‌رچۆنێك بێت،بڕوا به‌ڕای‌ گشتی‌ بكات،كه‌ كۆنگره‌ مه‌رج نییه‌ سه‌رۆك و سه‌ركردایه‌تی‌ تیا بگۆڕێت ..!.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ به‌دیدی‌ زانستی‌ سیاسیی و پره‌نسیپی‌ حزبایه‌تی‌،یه‌كه‌م كاری‌ هه‌ر كۆنگره‌یه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "گۆڕان "نه‌فی‌ ده‌كات .قسه‌كه‌ له‌سه‌ر كۆنگره‌یه‌ك نییه‌ كه‌ زیاتر له‌ (600) كه‌س به‌ ته‌زكیه‌ چونه‌ته‌ ناوییه‌وه‌،مه‌سه‌له‌كه‌ ئه‌وه‌ش نییه‌ كه‌ چۆن ده‌بێت هه‌ر لیژنه‌یه‌ك (250) كه‌س بن و پێكه‌وه‌ (عه‌دوفه‌رز) بكه‌ن..نا ..ئه‌وه‌ش نییه‌ كه‌ به‌و هه‌زار و چه‌ند كه‌سه‌ ناتوانن شتێك له‌به‌رنامه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ بگۆڕن .
 گۆڕان: مانای گواستنەوەیە لەحاڵەتی ئێستاوە بۆ داھاتوویەکی باشتر.بۆنمونە: کەسێک کێشی خۆی لە (١٤٠ کگم) دادەگرێتە (٧٥کگم).لێرە گۆڕانێکی ھەستپێکراوی بەرچاو ڕووی داوە، لە ڕێگەی چەند ئالیەتێکی تەندروست،لەماوەیەکی دیاریکراودا،کەسەکە (٦٥کگم) ی لەکێشی خۆی دابەزاندووە.ئەوەی کەبووەتە ھۆی ئەم گۆڕانە پێش چاوە لەکەسەکەدا،یەکەمجار بیرکردنەوەو ئیرادەی کەسەکەبووە،ئەوسا بەرنامەو میکانیزمێکی گونجاو.واتە گۆڕان بابەتێکی ھەڕەمەکی نییە،ئەمە بۆ گروپێک و بۆ حزبێکی شۆڕشگێر و...ھەتادوایی.بەم شێوازە دەق ئەگرێت.
کورد،بەشێکە لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و گەلانی ناوچەکە،ڕاستەوخۆ ئاڵوودەیە بەکلتورو زمان و سیاسەت و جۆری بیریی سیاسیان.ھەقمانە پرسیارو ڕەخنە لەئۆپۆزسیۆنێکی بێ پلان و بێ بەرنامەو بیکردنەوە بکەین،چونکە ھەموو ئەو ھێزە چاکسازیخوازانەی لەناوچەکەدا دروست بوون، دواجار ئەوەی پێش خۆیان تێنەپەڕاندووە.؟.ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەم ھەرێمەی ئێمە پرسیاری نوێ سەرھەڵئەدا،لەھەرێمێک حزبێک تیایدا یەکێتی و نیشتمانیی نییە، یەکێکی ترپرەنسیپەکانی پارتی دیموکراتیی نییە،لەبری یەک ھێزی ئیسلامی چەندین مەددی ئیسلامی ھێدی ھێدی چەکەرە دەکەن،بەپێچەوانەیشیەوە کایەی نوسین و چینایەتی و باس و خواسی ھاتنەوەی کۆمۆنیزم بازاڕی کۆمەنیستەکانی گەرمکردووە،ئەرێ پێم ناڵێن گوتاری ئەقڵانیەت و ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەوێتە کوێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی کوردییەوە؟. ئەری دەکەوێتە کوێی سەلەفی و ئوسوڵیەکانی کوردستان،ئەرێ نەتەوەیی بون لای کۆمەنیستەکان چی دەگەیەنێت بۆ گەلێکی ژێر دەستە..؟.لەوەھا حاڵێکدا کە بەقەد ھاتنەوەی مەسیحێک پێویستمان بەوەیە ئەم وڵاتە لەدەستی جەھالەت و خود داگیرکاریی قوتاربکەین،ھێزێکی گۆڕانخواز لەولاوە وێنای ئایندەمان بۆدەکات لەسەر ھەمان نەمەتی ڕابردوو!!!.
وەزیفەی ھەرە مەزنی تاکی کورد ئەوەیە، ئەو کۆدانە بشکێنێت کە ڕەمزو ھێما دروست دەکەن لەکۆمەڵگەدا،کەچی لایەنگرو پیاوە ڕۆشنبیرو موجامل و ماستاوچیەکانی گۆڕان خەریکی دروستکردنەوەی ڕەمزێکی ترن بەناوی " نەوشیروان مستەفا".دووری نابینم ھەر جەماوەرو دەوروبەر لەئایندەدا ڕێگەبگرن لە ئۆجەلان تا " ماندیلا" بێت.!.
پێم ناڵێن،گوتارو پرۆژەی فکریی و ستراتیژیی گۆڕان بۆ ئایندە چی یە؟؟. ئەری لای ئێوە سنوری کوردستان تاکوێیە..؟.گۆڕانێک بۆ ڕەخنە گرتن دروست بوبێت،عەجەبا ڕەخنە لەکەس قبوڵ ناکا.؟.ھەموو پرۆژەی چاکسازیی ئابوریی سیاسی گۆڕان خۆی لەوەدا ئەبینێتەوە،کەشەوانەو ڕۆژانە پێمان دەڵێن: بودجەکە سەدا حەفتاو پێنجی بەکاربردن و تەشغیلیەو سەدا بیست و پێنجی وەبەرھێنان وئاوەدانکردنەوە!!.ئەرێ بۆچی خۆتان لەقەرەی دانا غازو دیارنەمانی پارەی ووشکەساڵی و مۆڵ و میترۆکانی شارو...ھتد. نادەن.کە باسی گەندەڵی کرا،گۆڕانخوازەکان ووتیان: جا ئەوە وەک تەپ و تۆز وایە ھەموومان ھەڵمان مژیووە،بەخەڵک دەڵێن: نابێت حزب ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆنی ھەبێت خۆیان ھەیانە.باسی میکانیزم و بەرنامەی چاکسازیی لەکوردستان دەکەیت،نییانە!.ھەموو کاری ھێزێکی گۆڕانخواز لەوەھا ساتێکدا ئەوەیە بڵێت: یەکێتی و پارتی گەندەڵن.ئەگەر دوو ڕۆژ یەکێتی و پارتی گەندەڵی نەکەن، ئیدی ئەمان قسەیەکی تریان بۆ ووتن نییە!!.
گۆڕانکردن لەھەرێمی کوردستان لەسەردەستی نەوشیروان مستەفا،بەم شێوازە ئینتھازییە،جگە لەدرۆیەکی گەورە ھیچی تر نییە،کۆی ڕۆشنبیرانش ئەم ھەقیقەتە باش دەزانن،جورئەتیان نییەو موجامەلە دەکەن، تاوەکو مینبەرو میدیاکانی گۆڕان بەسەریاندا دانەخرێت،یان لەوەدەچێت ئالودەی قسەکانی مەلا کرێکار بوبن کەدەیوت" گۆڕانەکە بەنەوشیروان دەکرێت،چونکە شەقوەشێنی لەگەڵە". بێئەوەی بزانن کاری شۆڕشگێڕیی و بیریی ئیسلاحخوازیی لەسەدەرمی مۆدێرنەو داھێنانە سەرسوڕھێنەرەکانی مرۆڤدا،زۆر جیاوازە لەساڵانی حەفتاو ھەشتاکان.لەئێستادا خەڵکی چاوەڕوانی کڵاو ڕۆژنەیەکی ترن تا کامی ئارەزووەکانی خۆیانی تیا بخەن،چونکە فەلسەفەیەکی گۆڕانخوازیی لەناو ھێزێکی وەک گۆِراندا بونی نەماوە،ئەوەنەبێت :لەفەیسب بوک و سایتەکاندا ورتە وورت بکەیت دژی حوکمی بنەماڵە لەکوردستان.دواجار گۆڕانیش لەوە بەدەرنین کەبیانەوێ ڕۆشنبیران و چینی نوخبە دەستەمۆ بکەن،لەنوکتە ئەچێت (٨٧٦٥) مامۆستا لەزانکۆکانی کوردستان وانە دەڵێنەوە،ھەریەکەیان بەجۆرێک کلکە لەقێی مووچەو دەرماڵە بکات و لەولاشەوە تابخرێتە سەرشاشە.؟.
لەھەموو دونیا ڕۆشنبیران تەلەفزیۆن ڕاگەیاندن و جەماوەر دێننە قسەو ئاڕاستەیان دەکەن،بەڵام لای گۆڕان نەوشیروان مستەفا بەتاقی تەنھا ھەمووی ئاڕاستە ئەکا..؟؟.بچن بگەڕێن لەشۆِرشی (ئەمریکا-١٧٧٣) دژی ئینگلیزەکان،لەشۆڕشی فەڕەنسا (١٧٨٩) کە تەواو شۆڕشێکی مانابەخشە و مێژووی کرد بەدوو بەشەوە.تاڕاددەیەک شۆڕشی ئۆکتۆبەری (١٩١٧).بۆچی وا گرنگ بون،چونکە ڕۆشنبیران پلانی ژیرانەیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتە کۆنکرێتیەکانی کۆمەڵگە ھەبوو،لەڕێگەی شتی پڕو پوچی وەک سیدی و گرتەو پۆستەرەوە دەستی پێنەکرد وەک شۆڕشی ئێران (١٩٧٨).دواجار ھەر بەسیدیەک و پۆستەرێکیش دەڕوا.لەعێراق (١٩٥٨) سیستەمەکەش گۆڕاو لەمەلەکیەوە بۆ کۆماری،ئێ دواجار ھەیکەلی سیاسی و ئیداری و ھەموو شت وەک خۆی مایەوە،لەپرۆسەی ئازادی (٢٠٠٣) سەدام و بەعس بەڕواڵەت نەمان،کەچی دامودەزگاکانی ئێستا پڕن لەسەدام و بەعس.ئەم ھوڕینەیەی نەوشیروان و ھەندێ خەڵگ ساڵانێکە گرتویانەتە بەر لەناوچەگەرێتی و شارچێتی یەوە دەقی گرتوە،بەناوچەگەرێتی و شارچێتیش ئاوا دەبێت، وە ئەوەی ئێستا وەک تاوانێکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەلایەن گروپێکی ناو یەکێتی و لەگەڵیدا پارتیش ،بەرامبەر شاری سلێمانی دەیکەن ،بۆ تێکدانی ھەموو سیما شازەکانی، ھەر لەناوچەگەرێتی یەوە دەقی گرتووە.
باشتر نەبو، نەوشیروان مستەفا لەبری نوسینەوەی کتێبی ئەدەبی و شیعری،ستراتیژی کارکردنی بزوتنەوەکەی بۆ ئایندە بنوسیبایە،".ئەرێ باشتر نەبوو نەوشیروان مستەفا "ئینسکلۆپیدیای شەڕی ناوخۆ" ی بۆ نەوەکانی ئایندە بنوسیایەو بیانکردایە بە زنجیرە فلمێکی دۆکۆمێنتاریی؟؟.یان ھەروەک لەدیدارێکی گۆڤاری لڤینی ساڵی (٢٠٠٩) ڕوونی کردۆتەوە کە "شەڕی ئەمان لەگەڵ پارتی و یەکێتی شەڕی پارەو دەسەڵاتە..ئێستاش دوای‌ (4) ساڵ له‌باسكردنی‌ تالاَنی‌ نه‌وت و غاز،وا باڵبشتی‌ سیاسه‌تی‌ نه‌وت و نه‌خشه‌ی‌ نوێی ووزه‌ ده‌كه‌ن ..!.
ئێمە پێمانوایە،لەکوردستان بەناوی ڕووخانی دەسەڵاتی تۆتاڵیتارو گەندەڵەوە،ھەمان ئەزمون بەھۆی بێ بنەمایی و تێنەگەیشتن لە فەلسەفەو چەمکی گۆِران دووبارە دەکەینەوە،ھەرسیاسەتێک بەبێ باگگراوەندێکی تیۆریی میزڵدانی پڕە لەھەواو دواجار بەنوکی دەرزییەک دەتەقێت.ئێستا کوردستان پێویستیەکی مێژوویی گەورەی بەگروپێکی گۆڕانخوازی ئەقلانی و مەنتقی و شارەزا ھەیە،تا ڕێنسانسێک لەکوردستان بەرپابکەن ، لە ھونەرو ئەدەب ،لە کایەی پەروەردەو فێرکردن،لە سیستەمی سیاسی و ئابوری وکایەی میدیایی و پرسی دین و لتورو زمان و ...ھتد.ھەموو ھەڵتەکێنێت و بیداتە بەر نەشتەرو بێژەنگی توێژینەوەو تێفکرین ونۆژەنی بکاتەوە، ئێمە ئا ئەم جۆرە گۆڕانەمان دەوێت...بەپێچەوانەوە ھەرچەندە وورد دەبیتەوە ھەستەکەیت فاشیزم ڕێک لەھەناوی ئەم ھێزە گۆڕانخوازانەی کوردستانەوە سەرھەڵئەداتەوە،ئەنجامەکەشی تەنھا ئەوە دەبێت نەوازد ھادی و نەجمەدین کەریم دەگۆڕێن بە دانی ئەحمەد مەجیدو عەلی باپیر،خەسرەو نەزھەت دەبن سەرکەوتی کوببەو مام رۆستەم،ھوشیار عەبدولاو عەدنان عوسمان دەبن بە عەبدلوەھاب و سلیمان عەبدوڵا....ھتد.چەقۆ کێشەکانی ئاسایش و پاراستن دەبن بەچەقۆکێشەکانی دەوری مەنەسەکەی (١٧) ی شوبات.بەھێزە نەشازەکانی پێشویان ووت: نابێت حزب تەلەفزیۆنی= و ڕاگەیاندنی ھەبێت،ھەر لەئێستاوە خۆیان ھەیانە،بەخەڵکیان ووت شەڕی ناوخۆ ئەمە لێکەوتەکانی بوو،کەچی خۆیان ئاسایشی کۆمەڵگەیان تێکدا،لەبری ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی سیاسەت و میکانیزمی کار لەناوخودی کوردستاندا بێت،دیسانەوە دەیبەنەوە بۆ ئێران و تورکیا. کەواتە گۆڕان بەم ھەناسەیە درۆیەکی شاخداری گەورەیە.