شەھید لە نێوان ئێمەو ئەواندا
28/12/2013 نوسەر: bzavpress

شەھید لە نێوان ئێمەو ئەواندا


چەمک و زاراوەی شەھید لەگەڵ ھاتنی ئیسلام و درووست بوونی دەوڵەتی ئیسلامیی لە مەدینە ئەویش ھاتە ئاراوە، بۆ ئەو بەڕێزانە تەرخان کرا کە لە پێناوی بەرز ڕاگرتنی پەرچەمی یەکتاپەرستی خواداو لە ژێر ئەو پەرچەمەدا گیانی خۆیان دەبەخشی و دەگەڕانەوە بۆ لای خودا، لەوەشەوە دەتوانین ئەو حوکمە وەربگرین کە پێغەمبەری خودا لە پەسنی نییەتدا دەفەرمووێـت: ئەگەر کەسێک کۆچ بکات بۆ لای خوداو پێغەمبەرەکەی ئەوە بۆی دەنووسرێت، وە ئەگەر کەسێکیش بۆ لای ئافرەتێک کۆچ بکات ئەوا ئەوەی بۆ دەنووسرێت کە بۆ لای ئافرەتەکە ھەنگاوی ھەڵھێناوەتەوە، ھەر ئەوەشە ھاوەڵان پەسنی پیاوێک لەلای پێغەمبەری خودا دەکەن و باسی ئازایەتی و نەبەردی دەکەن، کە پێش کوژرانیشی گوتویەتی من لەبەر بەرزکردنەوەی شانس و گەورەیی ھۆزەکەمدا جەنگاوم، کەچی پێغەمبەری خودا بە ئەھلی ئاگر دەیناسێنێت.!
زۆر سەیرە دوای کاڵبوونەوەی حەقیقەت و ڕۆحی ئیسلام لای تەواوی مرۆڤایەتی و شوێنکەوتووەکانی خۆشی، ھەرچی جوانی و سیفەتی بەرزو ئەخلاقی ڕەسەن و پەسەند ھەیە لە موسڵمانانیان داڕنی و بردیان بۆ خۆیان و ئێستا کەش و فشی پێوە دەکەن و، موسڵمانانیش وەک دارێکی بۆشی بێ کەڵکی ھەڵپەسێردراو ماونەتەوە، بۆیە ھیچ جێگەی نەنگی و سەرسوڕمان نییە ملیۆنان موسڵمان ببینی بەبێ ئیسلام وەک سەید قوتبیش وا دەفەرمووێت، ھیچ نەنگی نییە موسڵمان بێ بەڵێن و بێ وەفا بێت تا کۆتایی...
یەکێک لەو شتانەی لە ئیسلامیان داڕنی و بردیان چەمک و زاراوەی "شەھید" بوو، زۆر سەیرە، ھەر زۆریش نەک کەم، کە ئەمڕۆ ھەرکەسێک لە مرۆڤایەتی دەکوژرێت، با لە نادی و باڕەکانیشدا ڕۆژی کردبێتەوە، یا لە سەنگەری دژە ئیسلامدا وەستابێت، با لە دیداری خانمە بێگانەکاندا کاتی بەسەر بردبێت، یا لە مۆرکردنی گرێبەستی ناشەرعی و بە ھەدەردانی سامانی گەلدا گیانی دەرچووبێت، ھەر سیفەتی شەھیدی بەسەردا دەبڕێت و پسووڵەی بەھەشتی دەدرێتێ، بەڵام موسڵمانان خۆیان و ئەھلی کوفریش ناھێڵن و قبووڵیشی ناکەن بە موجاھیدە دەست بە دەست نوێژەکانی خۆیان، بە قارەمانە قورئان لە باخەڵەکانی خۆیان بڵێن شەھید..! زۆر بەداخەوە
ئادەی ھەر ھەموو ئەھلی کوفرو دوژمنانی پەیامی خودایی کۆ بکەرەوە، بزانە یەک کەسیان قبووڵی ئەوە دەکەن پێیان بگوترێت: تاغووت، ئەھلی ئاگر، دووڕوو، موشریک، فاسق...ھتد، باشە خۆ ئەمانەش ھەر چەمک و زاراوەی ئیسلامیین، بەڵام بۆچی بۆ چەمکەکانی تر کە باق و بریقی و جوانی و خۆشییان پێوە دیارە خۆیانی پێوە ھەڵدەکێشن و بەسەر خۆیانیاندا دەبڕن و شانازیشی پێوە دەکەن، وەک: شەھید، ئەھلی بەھەشت، مرۆڤ دۆست، یەکتاپەرست..؟! 
ئاخر چۆن جیاوازی نییە موجاھیدێک لە سەنگەری قورئان و ئیسلامدا بجەنگێت، قورئان لە باخەڵ بێت، دەستی بە دەست نوێژەوە بێت، مەبەستی بەرزکردنەوەی پەرچەم و درووشمی یەکتاپەرستی بێت، ماڵ و نیشتمانی داگیر کرابێت و ئەم بەرگرییان لێ بکات، لەگەڵ جەندرمەو جەلادێکی تردا کە لە پێناوی تاغووتدا دەجەنگێت و ھەوڵ بۆ سڕینەوەی بەرنامەی خودا دەدات و، دواتر ئەم نەگبەتە بەدبەختە بکرێتە شەھیدو ھۆڵ و باخچەی ساوایانی بەناوەوە بکرێت و، ئەوەی ئەھلی ئیسلامیش ناوی لەسەر سەھۆڵ بنووسرێت و بۆ ھەتا ھەتایە ناوی نەمێنێ و تەنانەت ئێمەش ڕوومان نەبێت ناوی بھێنین.؟! ئەمە چ شیرازە پسان و ڕێ ون کردنێکە بۆ خاتری خوا..؟!
خۆ ئەگەر ئێمە لە بەردەم ئەم شاڵاوە نەگریسەی دوژمناندا خۆمان نەگرین و، بە دەم لافاوەکەیانەوە ڕێ بکەین و تەبەڕا لە شەھیدە سەربەرزەکانمان و لە مێژووی پاکیان بکەین، ئەوە لای خوای گەورە ھەر سەربەرزو زیندوون بە ویستی خودا... بەڵام خەجاڵەتی و شەرم بۆ ئێمە دەمێنێتەوە، ئەوان خوێنی خۆیان کردە ژیلەمۆو مەشخەڵی ڕێی پڕ لە دڕک و داڵی ئێمە، ھیچ نەبێت دەبێت ئێمە بە وەفا بین بەرامبەریان و سەربەرزانە بیانناسێنین..!
پێمخۆشە لێرەدا دوو وێستگە تۆمار بکەم، با ھەم لە دەمی منەوە ببێتە مێژوو بۆ ئەوانەی پاش خۆمان و، ھەمیش بێنازی و بێ کەسی ئیسلامییەکان و دڕندەیی نەیارەکانیان بزانرێت، ھەروەھا ڕاستی و درووستی ئەو خەباتە بێ وچان و پڕ بەرھەمەی ڕەوتی ئیسلامییش بزاندرێت و خەڵکی نزیک بین کەم بە چەکوشی دەستی پێیدا بکێشێت و، وا بزانێت ئەم ئیسلامەو ئەم بانگەوازە ھەروا بە ئاسانی و بە ھەوانتە گەیشتووە پێمان...
یەکەم: جەنابی مامۆستا کرێکار - خودا ئازادو سەرکەوتووی بکا - دەگێڕێتەوە کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ناوچەی حاجی ئۆمەران ھێزێکمان کردبوویەوە، پیاوێکی عەرەبی خەڵکی ڕومادی ھاتبوویە لامان و، بووبووە پێشمەرگە لامان، ئەم پیاوە زۆر ڕوو لە خواو لە خواترس و پاک بوو، شەوانی بە شەو نوێژو قورئان خوێندن و گریان و زیکر بەڕێ دەکرد، ڕۆژانیش بە ڕۆژوو و کارووباری ھێزەوە، منیش بە حوکمی ئامر ھێزی و سەرکردەی ئیسلامیی دەبوو واقیع بین بم و زۆر بڕوا بەم کابرایە نەکەم و، تەواویش لێکدانی سفری نەکەم، بەڵکو دەبو لە سەدا پەنجای لێ وەرگرم و لە سەدا پەنجاش ئاگام لێی بێت، چونکە ئەو کاتە مەترسی موخابەراتی سەدام و ناردنی سیخوڕ زۆر بوو بۆ ناومان، ھەمووجار کە لێمان دەپرسی چی تۆی ھێناوەتە ئێرە، دەیگوت نایڵێم، بەس خەوێکم دیتووەو ئەو خەوە پاڵپێوەنەری ھاتنم بووە..! شەوێک زۆرمان بۆ ھێناو داوامان لێکرد کە خەوەکەمان بۆ بگێڕێتەوە، ئەویش گوتی: بە مەرجێک باسی دەکەم، ھەر کە گێڕامەوە ئیتر من دەگەڕێمەوەو لێرە نامێنم، ئێمەش قبووڵمان کرد.! ئەویش دەستی کرد بە گێڕانەوەی خەوەکەی و گوتی: لە خەونمدا پێغەمبەری خودام بینی، بە پێی پەتی و سەرو قژی تۆزاوی و خۆڵاوییەوە ڕێی دەکردو زۆریش ماندوو بوو، پرسیارم لێکرد ئەی پێغەمبەری خودا ئەوە خێرە، تەشریفت بۆ کوێ دەچێت.؟! ئەویش فەرمووی: دەچم بۆ لای برا موجاھیدەکانم لە باشوور..! ئیتر منیش زانیم کە ئەو برایانە ئێوەن و منیش ھاتم بۆ لاتان..! مامۆستا کرێکار دەڵێت: ئەو پیاوە بە کوڵ دڵ و لەسەر خۆ دەگریاو ڕیشی بە فرمێسک تەڕ بوون، ئیتر لێی داو گەڕایەوە بۆ مەنزڵی خۆی ھەرچەندە زۆر تکامان لێکرد نەگەڕێتەوە..! دواتریش کە لە ووتاری عەرەبیدا ئەو بەسەرھاتەمان باس کردەوەو ناوی کابرامان ھێنا، ڕاستەوخۆ یانزە کەسی تری ئەھلی ڕومادی ھاتن و پەیوەندیان پێوە کردین و بوونە موجاھید لێمان و، کە پرسیارمان لە کابرای پێشوو کرد: گوتیان یەکێکە لە پیاوە سەر ڕاستەکانی ناوچەکەمان..!
دووەم: نۆ زانای گەورەو موجاھیدی پەرێز خاوێن و دەست نەمانی مامۆستا مەلا عوسمانی پڕ شەرم و حەیا بە دیلی کەوتنە دەست یەکێتی نیشتمانی کوردستان و، لە دیمەنێکی زۆر تراژیدی و نا مرۆڤانەدا شەھیدی کردن و، دواتر خوای گەورە بۆ فەزح کردنیان و گێڕانەوەی ئەو دیمەنە قێزەونە یەکێک لەو بەڕێزانەی بە زیندوویی و بە برینداری ھێشتەوە، کە مامۆستا حەسەن بابەکر بوو، کە دواتر نازناوی "شەھیدی زیندووی" لێنرا، ئەم بەڕێزانەی ئەھلی ئیسلام کە کەوتنە دەست جەبار فەرمانی بەرپرسی مەکتەب عەسکەری ئەوسای یەکێتی بریتی بوون لە مەلا وریاو مەلا مەغدیدو زوبێری مامۆستا مەلا عوسمان و مامۆستا حەسەن بابەکرو کۆمەڵێکی تر، خراپترین و زۆرترین سووکایەتیی بە ڕیش و بەرنامەو ڕێبازیان کرابوو و، دواتریش بە دار بەڕوو ھاتبوون بەسەرو چاویانداو شەھیدیان کردبوون و گولە باران کرابوون، تەنھا مامۆستا حەسەن بابەکر نەبێت کە خۆی بە شەھید لە قەڵەم دابوو، تا سەربازەکانی یەکێتی دوور کەوتبوونەوەو دواتر بە "سکە خشێ" خۆی دەرباز کردبوو و، ئەم مەئەساتەی بۆ برایان گێڕابوویەوە... بۆیە ئەم مێژووە پاک و پڕ لە خوێنەی ئەھلی ئیسلامییانی کورد بەم شێوەیە تۆمار کراوەو گەیشتووەتە دەست ئێمە...
لە ساڵیادی شەھیدانی ئیسلام لە کوردستان، پێویستە چۆن شەھیدە سەر بڵندەکانی خۆمان دەناسێنین و باسیان دەکەین و دڵنیاین کە بە ویستی خودا پلەکەیان بە دەست گەیشتووەو شەھادەکەیان لە مل کراوە، دەبێت ئا بەو چەشنەش، بەو ڕێژەیەش کوژراوی دوژمنانی بەرنامەی خودا داگرینە خوارەوە... خوای گەورە بە باشترین شێوە پاداشتی بەخێری شەھیدە سەر بڵندەکانی ئیسلام بداتەوەو پلەی شەھیدیان پێ ببەخشێت... والسلام علیکم...