28/12/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
راوێژکاری ئاسایشی ئابووریی ھەرێم دەڵێ ھەرێمی کوردستان کار بۆ راکێشانی دوو بۆری دیکەی گواستنەوەی نەوت و غاز بۆ تورکیا دەکا
راوێژکاری ئاسایشی ئابووریی ھەرێم دەڵێ ھەرێمی کوردستان کار بۆ راکێشانی دوو بۆری دیکەی گواستنەوەی نەوت و غاز بۆ تورکیا دەکا کە ساڵی ٢٠١٦ دروستکردیان تەواو دەبێت.
بەپێى هەواڵێکى " بزاڤ پرێس " بە گیرانەوە لە " A A " د.بێوار خەنسی راوێژكاری ئاسایشی ئابووری ھەرێم ، ھەرێم خاوەنی زیاتر لە ٦٠ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە، بەڵام بەهۆی كەمی پشكنینەكان تا ئێستا هەبوونی ٤٥ ملیار بەرمیل پشتڕاستكراوەتەوە.
راوێژكاری ئاسایشی ئابووری ھەرێم د.بێوار خەنسی لە لێدوانێكدا وتی: "ئەگەر كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت و غاز رووپێوی زیاتر بۆ نەوت و غازی ھەرێم بكەن، پێشبینی دەكەین یەدەگی نەوت بۆ زیاتر لە ٦٠ ملیار بەرمیل بەرزببێتەوە. ئەگەر لەئایندەدا كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی دیكەی نێوان عێراق و ھەرێم بگەڕێنەوە سەر ئیدارەی هەرێمی كوردستان، یەدەگی نەوت بۆ دوو ھێندە بەرز دەبێتەوە."
خەنسی كە بەیەكێك لەدیارترین شارەزا جیۆلۆجییەكانی نەوت و غازی ھەرێم دادەنرێ و بەشێك لەپسپۆڕییەكانی لەزانكۆكانی ھۆڵەندا تەواوكردووە، لەمبارەیەوە دەڵێ: "ژمارەی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت و غاز ئەوانەی لەھەرێم كاردەكەن ٥٢ كۆمپانیایە، بە رووپێوی جیۆلۆجی و جیۆفیزیایی و پێكھاتەی جیۆلۆجی و ستراتیگرافی و ھەڵسەنگاندنی ئەمباری نەوت، گەیشتوونەتە ئەوەی كە یەدەگی نەوتی ھەرێم ٤٥ ملیار بەرمیل دەبێ و ئەمەش ئەنجامی كاركردنی پێنج ساڵمانە."
خەنسی پاساوی زانستیشی بۆ شیكردنەوەكانی دەھێنێتەوە و بەبێ دوودڵی وتی: "ئەو كۆمپانیایانە بەقوڵایی سێ هەزار و ٧٠٠ مەتر بەدوای نەوتدا دەگەڕێن و دەریدەھێنن، بەڵام گەر لە قوڵاییەكی زیاتر لێگەڕان ئەنجام بدرێ ئەوا رێژەیەكی زیاتری نەوت لەھەرسێ پارێزگاكەی ھەرێم دەدۆزرێتەوە و پێشبینی دەكەم ھەرێم زیاتر لە ٦٠ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی ھەبێ."
ئەو پسپۆڕە جیۆلۆجییە لەدرێژەی قسەكانیدا گوتی: "لەھەرێمی كوردستان لەكۆی ٤٦ بلۆكی نەوتی، ئێستا كۆمپانیا بیانییەكان لە ١٤ كێڵگەدا نەوت بەرھەم دەھێنن كە رۆژانە دەتوانرێ ٣٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم بھێنرێ."
باس لەوەش دەكا كە بە ھاتنی ساڵی ٢٠٢٠ ھەرێمی كوردستان دەتوانێ ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ ٢ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز بكاتەوە.
ئەو قسانەی خەنسێ لەكاتێكدایە كە چوارشەممەی رابردوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و ھەرێم لەناویاندا دۆسییەی نەوت و غاز، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لەبەغدا لەگەڵ مالیكیدا كۆبوەوە و دواتر ھەردوولا ئاشكرایانكرد كە لەسەر ئەو دۆسیە گەیشتونەتەوە رێككەوتنێك.
هەرچەند ماوەی دەساڵە رژێمی پێشووی رووخاوە؛ بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی ھێز و پێكھاتەكان عێراق نەیتوانیوە یاسای نەوت و غاز دابڕێژێ و لەدەستوورە ھەمیشەییەكەشیدا بەروونی باس لەدەسەڵاتەكان بۆ گەڕان بەدوای نەوت و دەرھێنانی لەنێوان حكومەتی ناوەند و ھەرێم نەكراوە.
سەرەتای مانگی رابردوو ھەرێمی كوردستان سێھەمین كۆنفڕانسی نەوت و غازی بە ئامادەبوونی وەزیری وزەی توركیا تانەر یڵدز بەست كە تێیدا تەواوبوونی راكێشانی یەكەمین بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لەسەر زاری نێچیرڤان بارزانییەوە راگەیەنرا و ئەوەش نیگەرانیی حكومەتی عێراقی لێكەوتەوە.