ڕازی دەروون
31/12/2013 نوسەر: bzavpress

ڕازی دەروون


ئەی ئەو كەسەی وەك تریفە ڕژایتە نێو بیرەوەریم
بەتیشكی چاو ڕۆشنت كردگشت ژیانی كوێرەوەریم
ئەی ئەو كەسەی وەكو نەسیم هاتیتە نێو باخی دڵم
بووی بەئاونگی ئەوین و ستارت گرت لەسەر چڵم
ئێستا لەگەڵ وێنەكەتا ڕازی دەروون ئەدركێنم
بەئەسپایی پەیامی عەشق بەگوێی تۆدا ئەچرپێنم
تۆ باڵندەی ئاسمانێكی ئەفڕی بۆ هێلانەی هەستم
ئەبیت بەئاوازی ڕۆح و ئیلهامی شیعرو هەڵبەستم
تاڤگەی وەفای ، هەموو كاتێ‌ هاژەت دێ‌ لەعیشق و جوانی
باخچەی صەفای ، كەئەتبینم پڕ ئەبم لەكامەرانی
هەموو شەوێ هەتا ئەنووم چاو لەوێنەكانت ئەبڕم
لانكەی حەزم ڕائەژێنم لەنێو ژووری ساردو سڕم 
ئەی هاودەمی ڕازی دەروون ، ئەی هاوخەمی تەنیای ژینم
ئەی كانیاوی خۆشەویستی ، ئەی نەوبەهاری ئەوینم
ئاسمانی تەمەن ببینە بەستێرەی خەیاڵی تۆ
یەكپارچە بۆتە چراخان بەڕوناكی جەماڵی تۆ 
هەتا بەكامی دڵ ئەگەم ، عەشقت ئەكەم بە پێناسەم
لەگەڵ وێنەكانتا ئەژیم ، هەتا دووا چركەی هەناسەم.