23/06/2013
•
نوسەر: bzavpress
•
حيزبى شیوعی" داوای یاسایی لەسەر نەوشیروان مستەفا تۆمار ناكات
وتەبێژی حیزبی شوعی كوردستان رەتیكردەوە كە لەسەر رووداوەكەی پشتئاشان داوای یاسایی لەسەر نەوشیروان مستەفا تۆماربكات.
لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ شار پرێس بابە عەلی وتەبَیژی حیزبی شیوعی كوردستان ووتی "ماوەیەكە لەنێو ڕاگەیاندنەكان وا بڵاودەكرێتەوە گوایە حیزبی شوعی بەنیازە لەدادگای نێودەوڵەتی داوای یاسایی لەسەر نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان تۆماردەكات لەسەر ڕووداوەكەی پشتئاشان، ئێمە لەم مینبەرەی ئێوەوە سەرلەبەری ئەم هەواڵە ڕەتدەكەینەوە".
هەروەها وتی "لەئێستادا پەیوەندییەكی باشمان هەیە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانو خودی نەوشیروان مستەفاو بەهیچ شێوەیەك بیرمان لەم بابەتە نەكردووەتەوەو ئەوە دەنگۆی هەندێك لەڕاگەیاندنەكانە".
بابە عەلی روونیشیكردەوە رەنگە وەك شوعی ئەو بەشەی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەكەمانی بەلاوە پەسەندنەبێتو پشتئاشان بووەتە بەشێكی نەخوازراو لەمێژووی گەلەكەمانو پێویستە هەموو لایەكمان سوودی لێوەربگرین بۆ دووبارەنەبوونەوەی كارەساتی لەو جۆرە.
هەروەها رایگەیاند "ئێمە لەحیزبی شیوعی كوردستان ئاواتەخوازین بەهەموو لایەكمانەوە، هەوڵەكانمان لەپێناو چەسپاندنی ئارامیو سەقامگیریو پێشخستنی پرۆسەی دیموكراسی لەهەرێمی كوردستاندا، یەكبخەینو ڕۆڵكانی گەلەكەمان بەئامانجەكانیان شادببنەوە".
رووداوی پشتئاشان لەساڵی (1983) ئەنجامدراو تێیدا نزیكەی (70) كەسی سەر بەحیزبی شیوعی عێراقی لەو رووداوەدا لەناوچوون.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان ڕووداوەكە لەئەنجامی ناكۆكییەكانی نێوان دووبەرەی ئەودەمە ڕوویدا بەناوەكانی (بەرەی جودو جەوقەد)، (بەرەی جەوقەد) لە (12) تشرینی دووەمی ساڵی (1981) لەشام لەنێوان هەریەكە لەحیزبی شیوعی عێراقو یەكێتی نیشتمانی كوردستانو حیزبی سۆسیالیستو حیزبی بەعسو مۆركرا.