12/01/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
حاكم قادر: یەكێتی كارتێكی بەهێزە و پێویستە بە لاوازی نەچێتە ناو حكومەتەوە
حاكم قادر حەمەجان :تاوەكو ئێستا باس لە دابەشكردنی پۆستەكان نەكراوە،یەكێتی كارتێكی بەهێزە و پێویستە بە لاوازی نەچێتە ناو حكومەتەوە.
حاكم قادر حەمەجان، كارگێڕی مهكتهبی سیاسیی یهكێتی و سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای ئامادەكاریی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی لەگەڵ لیژنەی پێشمەرگە و تێكۆشەرە دێرینەكان كۆبووەوە.
كارگێڕی مهكتهبی سیاسیی یهكێتی باسی لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عیراق كرد و سەبارەت بە دانوستاندنەكانی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش روونیكردەوە،
كە یەكێتی بڕیاریداوە بەشداری حكومەت بكات و گوتی: تاوەكو ئێستا لە دانوستاندنەكاندا باس لە وەرگرتنی پۆستەكان نەكراوە". ئەو تۆمەتانەشی رەتكردەوە كە لە چوارچێوەی هەڵمەتی راگەیاندن دژ بە یەكێتی دەدرێنە پاڵی و بەهۆكاری دواكەتنی پێكهێنانی حكومەتی دەزانن، جەختیشیكردەوە كە یەكێتیی كارتێكی بەهێزە و پێویستە بە لاوازی نەچێتە ناو حكومەتەوە.