بەخوا هەرێمێکی سەیرە.!
12/01/2014 نوسەر: bzavpress

بەخوا هەرێمێکی سەیرە.!

       
لە هەرێمێکدا ژیان دەگوزەرێنین کە ووشەی(دیموکراسی)هێندەی درۆی بەرپرسەکان لە گوێچکەماندا دەنگ دەداتەوە.!
لەم هەرێمەدا  تا ئێستا کاروانی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان و فیشەک بەخشینەوە بەسەر خۆپیشاندەران و شەوانەش هەڵمەتی ڕەشبگیری نەوەستاوەو بەردەوامە.!
هەر لەم هەرێمەدا کە تەنها سێ پارێزگایە یەک نەفەر توانیویەتی سەرۆکایاتییەکەی ببینێت و یەک نەفەریش تا ئێستا جێگری بوە،سەرۆکی ڕاسپێردراوی حکومەتیش 16 ساڵە سەرۆکی حکومەتە و سی ساڵیش جێگربوە.!
ئەگەر بێت و گوزەرێک بەناو وەزیرەکاندا بکەین ئەوا یەکسەر خەیاڵت بۆ ئەوە دەڕوات کە بەرپرسان خەمی نەوەی داهاتویانە وا بەکەمی کەسەکان دەگۆڕن بۆ ئەوەی لە وانەی مێژوودا ناوەکان کەم بن و بە ئاسانی بۆیان لەبەربکرێت! ئەوەتا وەزیری دارایی 13 ساڵ! و وەزیری سامانە سروشتیەکانیش 12 ساڵ! و وەزیری پێشمەرگەش! بەهەمان شیوە خاوەنی ئەزموونێکی زۆری وەزیریە.!
هەر لەم هەرێ مەدا لابردنی بەرپرسەکان یەکجار قورسە،بەدەگمەن لابردن و گۆڕانکاری دەبینیت تەنانەت (قائیمقام)ێک تا بە ئاشکرا دزی نەکات ،یان جەند ڕۆژێک خەڵک لەو سەرجادە نەکەون و چەند کەسێک نەکوژرێن و بریندار نەبن ئەوا مەگەر تەنها مەرگ لە کورسییەکانیان بکات.!
لەم هەرێمەدا حیزبی وا پەی پێ دەبەم کە ئەندامی ئینتەر ناسیۆناڵی جیهانیە  و دیموکراسی  دروشمیانە، بەڵام داوا دەکات لە پیکهێنانی حکومەتدا بە سەنگ و دەنگ و قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت و بە ئەرشیفی مێژوو خەباتی پۆستی پێبدرێت.!
هەر لەم هەرێمەدا حیزبەکانی دەستیان کردوە بە دروستکردنی کاریزما و لە گۆڕنانی هەڵبژاردن کەچی ناویان ناوە مۆدێلی نویی کۆنگرە.!
سەیرییەکان حیزبە ئیسلامییەکانیشی گرتووەتەوە،ئەوەتا لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ شوعی و مارکسی و چەپ و لیبڕاڵەکاندا دادەبەزن،بەڵام هەتا ئێستا جورئەتی  ئەوەیان نەکردوە کە بەیەکەوە و بە یەک لیست دابەزن.!
هە ر لەم هەرێمەدا چەند کیلۆمەتریەدا سەدان هێلێ سور و بڤە هەیە و کەس بۆی نیە دەم و دەستی بۆ بەرێت و هەندێ کەسیش هێندە پیرۆز کراون کە دەبێت  بە دەستنوێژ و لەگەل ناوە پیرۆزەکاندا بێت بە زارتدا.!
سەیرترین و مەهزەلەترین مەزهەلەی ئەم هەرێمە بریتیە لەوەی کە سووتەمەنی دەیان ووڵات دابین دەکات بەڵام  هاوولاتییەکانی چەندین شەو ڕۆژ بەسەر دەبەن بۆ وەرگرتنی چەند لیترێک بەنزین.!
ئیدی ئەمە سەرگوزەشتەی سەرسامییەکانی ئەم هەرێمەیە!