زرنوجی ... باوكی پەروەردە و فێركردن
13/01/2014 نوسەر: bzavpress

زرنوجی ... باوكی پەروەردە و فێركردن

زرنوجی بناسە 
باوكی پەروەردە و فێركردن 
..................................... 

خاوەنی یەكەمین كتێبە لە چۆنیەتی پەروەردە كردن و پێگەیاندنی نەوەی ئیسلامی و شێوازەكانی فێركردن و وانەبێژی 

ناوی ئیمام ( برهان الدین الزُّرنوجی )یە،  ڕەچەڵەكی دەگەڕێتەوە بۆ ( زُرْنوج ) كە یەكێكە لەشارەكانی ناوچەی توركستان . ژیاوە لە خوراسان لە كۆتاییەكانی سەدەی شەشەم بۆ سەرەتاكانی سەدەی 7ك.
ئیمام زرنوجی شارەزا بووە لەبواری فیقه ، زانستە شەرعیەكان ، ئەدەب و پەخشان ، ... لەو بوارەشدا خاوەنی چەندین دانراوە، بەڵام خاوەنی كتێبێكی زۆر ناوازەیە لەبواری وانەبێژی و پەروەردەدا ئەویش ( تعلیم المتعلم طریق التعلم ) ئەمەش لەپاش مومارەسە و بەردەوامی لەوانەوتنەوەدا و تاقیكردنەوەی ڕێگاكانی وانە وتنەوە لەو بوارەدا.  بەرادەیەك لەلایەن مێژونوسانەوە وەسفكراوە كە دەڵێن "زرنوجی تاكی نێو مێژوی پەروەردە و فێركردنە و خاوەنی بیری پەروەردەیە لەجیهاندا".
زرنوجی جگە لەم كتێبە كە شوێنگەیەكی باشی داگیركردووە لەبوار پەروەردە و فێركردندا، پەیامێكی نوسراویشی هەیە بەناوی " الرسالە المُفصلە ڵاحوال المعلمین وأحكام المعلمین والمتعلمین )كە بۆ قابسی قەیرەوانی نوسیوە ،ئەم دوو نوسراوەی ئەم زانا گەورەیە شوێنگە و پایەیەكی گرنگیان لەمێژووی رۆشنبیر و پەروەردەی ئیسلامیدا هەیە و وەرگێراونەتە سەر زمانەكانی: لاتینی ، توركی ، فارسی ، فەرەنسی ، ئینگلیزی . جگە لەمەش شێواز و ڕێگاكانی پەروەردە و فێركردنی تا ماوەیەكی زۆر لەنێو خەڵكیدا لەبەرچاو دەگیرا و خەڵكی سودێكی زۆریان لەشێواز و رێگاكانی ئەم زانایە وەرگرتووە لەبواری پەروەردە و فێركردنی مناڵەكانیان. 

سەرچاوە/ 
سلیمان فیاض: الزرنوجی أبو التربیە والتعلیم