ئەردۆغان: ھەڵمەتی ١٧ی کانوونی یەکەم ھەڵمەتی خیانەتە
14/01/2014 نوسەر: bzavpress

ئەردۆغان: ھەڵمەتی ١٧ی کانوونی یەکەم ھەڵمەتی خیانەتە


رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتی: "ھەڵمەتی ١٧ی کانوونی یەکەم، پێش ھەموو کودەتاکانی پێش خۆی دایەوە وخیانەتێک بوو لە دژی دیموکراسی و گەلی تورکیا. تازە ئەو ھەڵمەتە لە مێژوودا وەکو ھەڵمەتی خیانەت تۆمار دەکرێ."

ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "لە ١٧ی کانوونی یەکەم گەورەترین گۆرز، بێ ئەخلاقیترین کودەتا لە دژی دیموکراسیەتی تورکیا ئەنجام درا، ئەو ھەڵمەتە لاپەڕەیەکی رەشە لە دیموکراسی، یاسا و مێژووی تورکیا. لە رووی ئامادەکاریی و جێبەجێکردنی و ئەو فەرمانانەی لە دەرەوە و ناوخۆیی وەریگرتوون، بۆتە کودەتایەک کە ھەموو کودەتاکانی پێش خۆی وەلاوە ناوە."

١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ لە تورکیا هەڵمەتێک بە ناوی "بەگژداچوونەوەی گەندەڵی" دەستیپێکرد و تێیدا چەندین کاربەدەستی دەوڵەت و سەرمایەدارانی ناسراوی وڵات دەستگیر کران و وەکو گەندەڵ ناویان زڕێنرا. ئێستا سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەو هەڵمەتە بە خیانەت ناو دەبا.