24/01/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ئارامی سیاسی و بەشداریکردن لە حکومەت
لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەنگە چەمکی ئارامی سیاسی زۆرترین مشتومڕی لەگەڵ خۆیدا هێنابێت، ئەمەش بەو پێودانگەی کە ئەم چەمکە بۆتە وێردی سەر زوبانی هەموو پارتە سیاسیە براوەکانی دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە چەشنێک کە ئەم چەمکە بە شێوازی جۆراوجۆر لە بۆنەی جیاوازدا دوپات ئەکرێتەوە ، وەک ئەوەی وا نمایش بکرێت کە لە ئەگەری بەشداریکردنی سەرجەم پارتە سیاسیە براوەکان لە کابینەی نوێی حکومەتدا ، ئەوا بەم بەشداریکردنە ئارامی سیاسی باڵ دەکێشێت بەسەر هەرێمی کوردستان و حکومڕنیەکی تەندروست بۆ هەرێم دەستەبەر ئەبێت ، دوریش نیە هەر کابینەی حکومەتەکەش ناو بنێن " کابینەی ئارامی سیاسی " ،
بێگومان باوەڕ هێنان بە قسەگەلێکی لەم چەشنە و بناغە دانان لەسەر بنەمای ئەم گریمانەیە لە باوەڕ بوون بە خەونێکی خۆش (بەس بەتاڵ) زیاتر هیچی تر نیە، چونکە گریمانەیەکی لەم چەشنە لە ناوەڕۆکدا پڕاو پڕە لە دژ یەکی و ناچونیەک بوون. بۆیە ئەکرێت بپرسین :
1. ئایا لە ئەزمونی چ سیستەمێکی دونیادا بەشداری سیاسی هەموو لایەنە براوەکان لە حکومەتدا گەرەنتی ئارامی سیاسی ئەکات ؟ ئایا کامەیە ئەو بیردۆزەی کە سەلمێنەری ئەو گریمانەیە کە ئارامی سیاسی لە وڵاتدا پەیوەست ئەکات بە ئەگەری بەشداریکردنی لایەنەکان لە حکومەتدا ؟
2. ئایا ئەو پشێوی و قەیرانە سیاسیانەی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا ڕوبەڕووی هەێمی کوردستان بونەتەوە ( بە ئێستاشەوە ) ئایا ئەکرێت سەرچاوەکەی بگەڕێنینەوە بۆ بەشداری نەکردنی هەندێک لایەنی سیاسی لە حکومەتدا لە ڕابردوودا ؟ تۆ بڵێی حکومەت ئەو کابینە ئەفسوناوییە بێت کە قەیرانەکانی تیادا چارەسەر بکرێت ؟ خۆ ئەگەر وایە، ئەی ئایا کابینەکانی پێشوو چی بوون ؟ کابینەی گەشتیاری بوون یان کابینەی حکومی ؟ ئەگەر نا بۆ سەرجەمیان کابینەی شکستخواردوو بوون ؟
3. ئایا قەیرانی سەرەکی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا لەوەدا چڕ ئەبێتەوە کە ئەوان داوای کابینەی حکومەتی ئیئتیلافی و حکومەتی هاوبەش ئەکەن یان ئەوان داواکاری شتگەلێکی تر ئەکەن ؟ تۆ بڵێی خەڵک ئێستا داواکاری باشتر کردنی ژیانی خۆی تەنها پەیوەست کردبێتەوە بە حکومەتەوە و دەستبەرداری داواکارییەکانی تری بوبێت ؟ پاشان خۆ ئەگەر خەڵک نا ڕازی بوبێت لە کابینەکانی پێشوتری حکومەت، ئەوا ئێستا ڕاسپێردراوە حیزبیەکە هەمان سەرۆکی پێشووی حکومەتە ؟ تۆ بڵێی خەڵک بڕیاری دابێت ئەمجارە گوێ نەداتە سەرۆکی حکومەت تەنها چاوی لە حکومەتەکە بێت ؟
4. ئایا لە هەرێمدا تەنها حکومەت ئەتوانێت ببێتە فریادڕەس بۆ ئارامی سیاسی ؟ ئەگەر وایە ئەی ئایا هەرێم پێویستی چیە بە دەزگاکانی تری وەک سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و شارەوانیەکانی.....هتد ؟
5. ئایا ئەمە چ بیردۆزێکە بەرۆکی عەقڵی سیاسی ئەم هەرێمە بەد بەختەی ئێمەی گرتوە و بەری نادات ، بیردۆزێک وا گریمانە بکات کۆتایی هێنان بە قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بوونی پەرلەمانی دەبێتە سەرەتایەک بۆ ئارامی سیاسی ؟ ئەمە لە چ شوێنێکی دونیای دیموکراتیدا ڕویداوە کە تیایدا نەمانی ئۆپۆزسیۆن ببێتە دەستپێکێک بۆ ئارامی سیاسی.
هیچ گومانم نیە لەوەی لە ئەگەری نەمانی هێزی ئۆپۆزسیۆن لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان و بەشداریکردنی سەرجەم لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەکەی 21/9 ، ئەوا ئەم قۆناغە دەبێتە سەرەتایەک بۆ قەیرانێکی سیاسی نوێ لە کوردستاندا، کە تیایدا نەک هەر هێزە بەشدارەکانی حکومەت زەرەرمەند ئەبن ، بگرە ئەزمونی حکومڕانیش لە هەرێمی کوردستاندا چەندین هەنگاو ئەگەڕێتەوە بۆ دواوە....لە هەموشی کارەسات تر ئەوەیە لە هێستادا هیچ هێزێکی سیاسی براوە لە هەرێمدا جورئەتی ئەوە ناکات بڵێت بەشدا نابم لە حکومەتدا.....ئەوەی کە دێتە دی لەم حکومەتە ئارامی سیاسی نابێت ، بەڵکو کوشتنی ئارامی سیاسی ئەبێت ، بەڵام ئەمجارەیان بە ناوی پاراستنیەوە