24/01/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
سەرۆك لیستی پارتی لە كەركوك تۆمەتبارە بەكوشتن
سەرۆك لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی عیراق تۆمەتبارە بەكوشتنو چەندجارێك لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووە. لێپرسراوێكی ئەو پارتەش دەڵێت بڕیارەكەی دادگا “رێكلامی هەڵبژاردنه.
بڕیاری دەستگیركردنی محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی پارتی لە پارێزگای كەركوك، پەیوەندی بەكوژرانی گەرمیان ئەحمەد سابیر (10ساڵ)ەوەیە كە لەروداوەكانی 17ی شوباتو رۆژانی دواتر لەقەزای چەمچەماڵو لە نزیك بارەگای لقی 19ی پارتی كوژرا، ئەوكاتە محەمەد كەمال لێپرسراوی لقەكەی پارتی بوو.
لە 17/2/2011دا، زنجیرەیەك خۆپیشاندانو ناڕەزایی دژ بەنەبونی خزمەتگوزاریی لە سلێمانیو قەزاكانی دەوروبەری بەڕێوەچوو كە دوو مانگ بەردەوام بوو، بەهۆیەوە 10 كەس كوژرانو سەدانی تریش برینداربون.
لەسەر دۆسیەی كوشتنی گەرمیان ئەحمەد لە 25/2/2011دا كە یەكێك بوو لەكوژراوەكانی ئەو خۆپیشاندانانە، سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی گەرمیان لەنوسراوێكدا لە 15/2/2012 بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان داوای دەستگیركردنی محەمەد كەمال دەكاتو هاتووە “پسوڵەی گرتننامەی تۆمەتبار (محەمەد كەمال) بەپێی مادەی 405 لەیاسای سزادانی عیراقی بۆتان دەنێرین لەسەر دۆسیەی تاوانلێكراو (گەرمیان ئەحمەد سابیر) بەمەبەستی دەستگیركردنی…”
مادەی (405) تایبەتە بەكوشتنی ئەنقەست كە سزاكەی ئەگەر یەكلابێـتەوە زیندانیكردنی هەتاهەتایی یان كاتییە، كە دادوەر بڕیاری لێدەدات.
لەنوسراوێكی تردا، هەمان دادگا تەواوی ئەندامانی رێكخستنی دادوەرییو پۆلیس ئاگاداردەكاتەوە لەوەی رێگەپێدراون لە دەستگیركردنی محەمەد كەمال، كە تیایدا شوێنی كاركردنو نیشتەجێبونیشی ئاشكراكردووە، بەڵام تائێستا ناوبراو دەستگیرنەكراوەو ئامادەی بەردەم دادگاش نەبوە