ئەو گوتارە رەخنەیییەی یەکێتی پەرەیپێدەدا ژانی چونە ناو حکومەتە یان ستراتیژیی نوێی یەکێتییە؟
24/01/2014 نوسەر: bzavpress

ئەو گوتارە رەخنەیییەی یەکێتی پەرەیپێدەدا ژانی چونە ناو حکومەتە یان ستراتیژیی نوێی یەکێتییە؟


ئەگەر سیاسەتی نوێی یەکێتییە بۆچی یەکێتی هەوڵنادا لەگەڵ گۆڕان ئەو گوتارە پێشبخا و لە پارلەمان دا لەگەڵ گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ پێشیبخا؟

ئەگەر ستراتیژی یەکێتیی رەخنەکردنی سیستەمی سیاسی و ئابوری و سیاسەتیی نەوتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ بۆ گۆڕینی سیستەمەکە، دەبێ بەر لە هەر شتێک لەگەڵ گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ پەیوەندییەکانی پێشبخا. یەکێتی دەتوانێ لەبری ململانێ بۆ وەرگرتنی پۆست، هەوڵی راکێشانی ئەو سێ هێزە بدا. یەکێتی باش دەزانێ خۆی چیتر ناتوانێ گەمەکەری سەرەکیی کوردستان بێ، بۆیە دەبێ هەوڵبدا دۆخی کوردستان باش بکا چونکە بەر لە هەر هێز و لایەنێک، خۆی لەو قەیرانانەی توشی بوە رزگاری دەبێ. 

ژانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت وایکردوە هێزێکی رەخنەگری وەک گۆڕان هێمنیی بنوێنێ تا دەچێتە ناو حکومەتەوە و لەوێوە گۆڕانکارییەکان بکا لەلایەک، لەلاکەی تر لە پارلەمانەوە ئەو فشارە دروستبکا کە پێویستە بیکا. ئەو ژانە واشیکردوە هێزێکی وەک یەکێتی کە بەشێکی سەرەکیی هۆکاری هەمو قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانە، گوتارێکی توندی رەخنەیی پێشبخا بۆ وەدەستهێنانی پۆستی زیاتر.
هێمنیی گۆڕان و توندیی یەکێتیی کاتیین بەڵام ئایا لە پارلەمان دا ئەو دو هێزە چی دەکەن؟ بێگومان هەر هەوڵێک لە پارلەمان دا بە ئاراستەی چاکسازیی ریشەیی، هاوکاریی ئەو دو هێزە و یەکگرتو و کۆمەڵی پێویستە. 
تا ئێستا، لە ململانێکانی پێکهێنانی حکومەت دا، پارتی سەرکەوتوانە گەمەی خۆی دەکا، بەڵام دوای پێکهێنانی حکومەت، دۆخی پارتی لە هەمویان قوڕستر دەبێ بەوپێیەی هەر چاکسازییەک لە کوردستان دا زۆرترین زیان لە پارتیی دەدا و بێ ئەنجامدانی چاکسازییش، مەحاڵە ئەو دۆخە وا بمێنێتەوە.