حکومداریکردن لە زەمەنی ماوە بەسەرچوەکاندا
25/01/2014 نوسەر: bzavpress

حکومداریکردن لە زەمەنی ماوە بەسەرچوەکاندا


سەرەڕای ئەوەی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ساڵی پار بە پێچەوانەی یاساوە و لە دەرەوەی زەمەنە یاساییەکانەوە بەدوای پێکهێنانی حکومەتدا ئەگەڕێت.... کەچی لەگەڵ ئەوەشدا پێی نەنگیە بە کابینەکەی ئێستای حکومەتەکەی بوترێت کار بەِڕێکەر ..تۆ بڵێی شەرم بۆ حکومەت ئەوەبێت بە حکومەتەکەی بوترێت کاربەڕێکەر ، بەڵام ئەوە شەرم نەبێت کە شکستی هێنابێت لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا ،ئەوە شکست نەبێت بۆ کەس و پارتێک کە بەهۆی کەمتەرخەمی و لاوازی ئەدای سیاسیانەوە نەتوانن لەسەر پێکهێنانی حکومەت لایەنەکان یەک بخەن، لەکاتێکدا ژیان و گوزەران و بژێوی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک لەوپەڕی ناهەمواریدایە بەهۆی ئەم کەمتەرخەمیەوە....دوای زیاتر لە چوار مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەم هەرێمە لە ڕاسپێردراوێکی حیزبی زیاتر کەسی دیکەی نەدیوە...ئەمە هەموو دیاری پارتی براوەی هەڵبژاردنەکانە بۆ خەڵک.

باشە ئەگەر هێزی براوەی یەکەم لەم هەرێمەدا خەمی ئارامی و دامەزراوەیی و شەرعیەتی یاسایی هەیە ، ئەگەر هێزێک لەم هەرێمەدا هەیە خۆی بە براوەی یەکەم دائەنێت بە پێی یاسا و هەڵبژاردن ...چۆن ئەبێت ڕێگە بدات قۆناغی بۆشایی دەستوریی و یاسایی هێندە درێژە بکێشێت...هیچ گومانم نیە لەوەی کە داوکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ( کە بە هۆیەوە دانیشتنەکانی پەرلەمانیشی پەکخستووە) ، هیچ بەهایەکی یاسایی ئەوتۆی نەهێشتۆتەوە بۆ هەنگاوەکانی دواتری ئەک کابینەی حکومەتە، واتە ئەم کەمتەرخەمیە پێشوەختانە سیحری کابینەی نوێی بەتاڵ کردۆتەوە....هەر بۆیە کابینەی نوێی حکومەت پێویستی بە کارنامە نیە.کارنامەی چی ؟ دوای چی ؟...ئەبێت کارنامەی کابینەی نوێی حکومەت بچ بەهایەکی هەبێت گەر لە دەرەوەی زەمەنەوە جێبەجێ بکرێت ، حکومەتێک تەنها بۆ تەکلیف کردنەکەی پێویستی بە زیاتر لە 4 مانگ بێت ، ئەوا ڕەنگە جێبەجێ کردنی بەرنامەکانی ئەنجامدانی چالاکیەکانی پێویستی بە 400 مانگ بێت...

لە ڕاستیدا دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە وادەی خۆیدا سەرەڕای ئەوەی بەڵگەیەکی ئاشکرایە لەسەر شکستی ئەو حکومەتە بەر لە پێکهاتنی، لە هەمانکاتدا ئاماژەیەکی ئاشکراشە لەسەر ئەوەی کارنامەی ئەم حکومەتە لە مایەپوچی زیاتر بۆ خەڵک هیچی تر بۆ کەس دەستەبەر ناکات.کارنامەکەی کابینەی نوێی حکومەت(ئەگەر لەدایک بوو) لە داڕشتنێکی ئینشائیانە زیاتر هیچی تر نابێت..پاشان ئەبێت ئەوەش لە یاد نەکەین کە ئامانجی سەرەکی دیاریکردنی وادە یاساییەکان بۆ پۆستەکان لە ڕووی یاساییەوە (جا بۆ دەستبەکار بوون بێت یان بۆ دەستبەردار بوون) بریتیە لە دەستنیشانکردنی تەمەنی گریمانەیی ئەو پلەو پۆستانە، هەر کاتێک ئەو وادانە کۆتاییان هات، ئەوا ئەوانیش وەک خۆراک و خواردەمەنیەکان بەسەر ئەچن (ئێکسپایەر ئەبن)...جا ئەگەر خواردنی خۆراکی ماوە بەسەر چوو بخۆرەکەی توشی دەیان جۆر دەردو نەخۆشی کورت خایەن و درێژ خایەن بکات، ئەوا فەرمانڕەوایەتیکردن و دەسەڵاتدارێتی ماوە بەسەر چوو ( چجا بۆ دەستبەکاربوون بێت وەک کابینەی نوێی حکومەت و پەرلەمانی خولی چوارەم) یان بۆ کۆتایی هاتن بێت ( وەک پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێم)، هەموو میللەتەکە توشی دەردەسەری نەهامەتی و بەدبەختی ئەکات....وا بڕوات هەرێمەکەمان ئەبێتە هەرێمی ماوە بەسەرچووان.