دانیشتوانی‌ ناحیەی‌ حاجیاوا داوای‌ بە قەزا کردنی‌ ناحیەکەیان دەکەن
27/01/2014 نوسەر: bzavpress

دانیشتوانی‌ ناحیەی‌ حاجیاوا داوای‌ بە قەزا کردنی‌ ناحیەکەیان دەکەن


بە مەبەستی‌ بەقەزاكردنی ناحیەی‌ حاجیاوا دەستەی ریشسپیان و بەشێك لە چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی سەردانی ئیدارەی راپەرینیان كرد و لەلایەن عبدالحمید عبدلله سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین پێشوازیان لێكرا, 
لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین باسیان لە بەقەزاكردنی ناحیای حاجیاواكرد و ئاماژەیان بەوەكرد لە ئێستادا بەهۆی فراوانبوونی سنوری ناحیەی حاجیاوا و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی‌ حاجیاواو گوندەکانی‌ سنورەکە, بەقەزاكردنی حاجیاوا بۆتە پێویستیەك لە ئێستادا,

 لەم چوارچێوەشدا دەستەی‌ ریشسپیان و چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی رایان گەیاند: ناحیەکەیان زۆربەی‌ مەرجەکانی‌ بوون بەقەزای‌ تێدایە, بۆ ئەم مەبەستە داوایان لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین كرد پشتگیری و پشتیوانیان بكات و هەوڵەكانی بخاتەگەر لەپێناو بەقەزاكردنی ناحیەی حاجیاوا, 

سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین وێرای خۆشحاڵی‌ بە داواکەیان, تیشكی خستەسەر گرنگی و گونجاوی پێگە جوگرافیەكەی حاجیاواو ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوان, 
ووتیشی" وەك ئیدارەی راپەرین پشتگیری تەواویان دەكەین لەپێناو جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان و بەڵێنی پێدان هاوكارو پاڵپشتیان بێت بۆ بوون بە قەزای ناحیەی حاجیاوا.
ناحیەی‌ حاجیاوا لەسەر سیستمێکی‌ ئەندازیاری‌ بنیات نراوەو لە ئێستاشدا مەرجەکانی‌ بوون بە قەزای‌ تێدایەو لەو پێناوەشدا هەوڵکان چرکراونەوە تا فشار بخرێتە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بە قەزا کردنی‌ ئەو ناحیەیە .