29/01/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
كێ سود له به‌پارێزگاربوونی هه‌ڵه‌بجه وه‌رده‌گرێت؟
گۆڕان‌و ئیسلامییه‌كان شه‌ڕی وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاریانه
پرسی به‌پارێزگا بوونی هه‌ڵه‌بجه، كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه هاوڵاتیان و دانیشتوانی ناوچه‌كه ووروژاندویانه، لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی سه‌رقاڵكردووه‌و تاراده‌یه‌كیش كێشه‌و ناكۆكی له‌نێوانیاندا دروستكردووه، به‌راده‌یه‌ك خه‌ریكه هه‌موو شتێك له‌بارده‌برێت‌و نزیكیشه هه‌وڵی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ببێته خه‌ون.
لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم، له‌پاش به‌دیهاتنی خه‌ونی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان‌و هاتنه‌دی ئاواته‌كانیان، خه‌می به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌و هه‌ریه‌كه‌و ده‌یه‌وێت پشكی شێری سوده‌كانی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌ربكه‌وێت.
سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌كان بۆ به‌پارێزگا بوونی هه‌ڵه‌بجه
به‌بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان له‌ساڵی 1999 هه‌ڵه‌بجه بڕیاری به‌پارێزگابوونی بۆ ده‌رچووه، له‌ده‌ستوری عێراقیشدا كه‌له ساڵی 2005 په‌سه‌ندكراوه، له‌مادده‌ی 137 ئاماژه‌ی به‌و بڕیارانه كردووه كه له‌كوردستان‌و له‌پاش ساڵی 1992 ده‌رچووه كاریان پێده‌كرێت، به‌م پێیه‌ش به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه له‌ڕوی یاساییه‌وه هیچ گرفتێكی نییه.
16/3/2013 ساڵ ڕۆژی كیمیایی بارانی هه‌ڵه‌بجه، ئه‌و ساته‌بوو ئیدی گه‌نجان‌و چالاكوانانی مه‌ده‌نی ئه‌و شاره بۆمبی سه‌برو ئارامگرتنیان ته‌قانده‌وه‌و له‌پاش وتاری نێچیرڤان بارزانی له‌و مه‌راسیمه‌دا هه‌ستانه‌وه‌و داوای به‌پارێزگاكردنی شاره‌كه‌یان كرد، ناوبراو گه‌ڕایه‌وه سه‌ر بڵندگۆو به‌ڵێنی دایه‌وه به‌خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه، له‌پاش ئه‌ویش عیماد ئه‌حمه‌دی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ئاماژه‌ی دڵنیایی له‌به‌رده‌م كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندندا وتی (سبه‌ی پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه ڕاده‌گه‌یه‌نین له‌ته‌له‌فیزۆن).
به‌ڵام نه‌ك سبه‌ی واته 17/3 به‌ڵكو 59 ڕۆژ پاش ئه‌و به‌ڵێنه‌و له15/5ی هه‌مان ساڵ بڕیاری به‌پارێزگاكردنی ئه‌و شاره ده‌رچوو، به‌ڵام هیچ جۆره كارێكی كرداری له‌و ڕوه‌وه ئه‌نجامنه‌درا تا ئه‌وه‌ی له كۆتا رۆژی ساڵی رابردوودا بریاری به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه درا.
گۆڕان‌و ئیسلامییه‌كان، شه‌ڕی پۆسته‌كانیانه
هه‌ڵه‌بجه، كه له‌پێشوتردا سه‌رچاوه‌ی جوڵانه‌وه‌ی ئیسلامییه‌كان بووه‌و له‌پاش ساڵی 1993 كۆنتڕۆلی شاره‌كه‌یان له‌ده‌ست بووه به‌تایبه‌ت بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، به‌لام له‌پاش 2003ه‌وه هاوكێشه‌كه گۆڕاوه‌و ئه‌و حزبه لاوازترینی هێزه‌كانی ناوچه‌كه‌یه.
له‌دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا كه مانگی ئه‌یلولی رابردوو به‌رێوه‌چوو، یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ناوه‌ندی قه‌زاكه‌و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو ئه‌و قه‌زایه ده‌نگی یه‌كه‌میان به‌ده‌ستهێناوه‌و پێش سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی به‌شدار له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌وتوون، ئه‌و دوو لایه‌نه‌ش هه‌ریه‌كه‌شیان به‌مافی خۆیانی ده‌زانن پۆستی قایمقام یان پارێزگاریان پێبدرێت.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سنوری قه‌زاكه به‌گوندو ناحییه‌كانییه‌وه زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی بردووه‌ته‌وه‌و له‌ئێستادا خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییه له‌وناوچه‌یه، به‌مافی خۆی ده‌زانێت له‌ئه‌گه‌ری ئه‌نجام نه‌دانی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان‌و له‌پاش پێكهێنانی حكومه‌ت پۆستی قایمقامی ئه‌و قه‌زایه‌ی پێبدرێت، نزار محمود باژێروانی مه‌كۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌بزاڤی ووت (ئه‌وه حه‌قی ئێمه‌یه له‌ئه‌گه‌ری به‌شداری كردنمان له‌حكومه‌تتدا پۆستی قایمقامی قه‌زاكه‌مان پێبدرێت، وه ئه‌گه‌ر كرایه پارێزگا پۆستی پارێزگارمان پێبدرێت).
یه‌كگرتووی ئیسلامی خاوه‌نی ده‌نگی یه‌كه‌می ناوه‌ندی قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌یه‌و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ی ئه‌و حزبه‌ش داواكردنی پۆستی قایمقامی به‌ئاسایی وه‌صف كردوو به‌مافی حزبه‌كه‌ی زانی داوای ئه‌و پۆسته بكات، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند ئه‌گه‌ر بڕیاری به پارێزگابوونی ئه‌و شاره ده‌رچوو ئه‌وا پۆستی پارێزگاری ئه‌و شاره وه‌رده‌گرن.
باژێروانی مه‌كۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و باره‌یه‌وه وتی (ئێمه له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو قه‌زاكه ده‌نگی یه‌كه‌ممان هێناوه‌و ناكرێت ناوشار له‌ده‌ره‌وه جیا بكه‌ینه‌وه).
ئێستا كه هه‌ڵه‌بجه بووه‌ته پارێزگا‌و له‌ئه‌گه‌ری وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاره‌كه‌ی له‌لایه‌ن بزتنه‌وه‌ی گۆرٍانه‌وه ئه‌وا ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه دوو پارێزگای له‌هه‌رێمی كوردستان به ده‌سته‌وه ده‌بێت، هه‌ریه‌كه له‌پارێزگای سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید.
یه‌كێتی رێگر بووه له به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه ده‌كات
پێشتر‌و له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا نوری له‌مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌هه‌ڵه‌بجه پشتگیری خۆیی‌و حكومه‌ته‌كه‌ی له به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه خسته‌ڕوو.
لایه‌نه سیاسیه‌كان هه‌ریه‌كه‌یان‌و به‌جیا له‌پاش ئه‌و بڕیاره كاردانه‌وه‌ی خۆیان ده‌ربڕی، خێراترین كاردانه‌وه‌ش سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بوو كه‌به‌فه‌رمی پیرۆزبایی خۆی له‌و باره‌یه‌وه ڕاگه‌یاند، شه‌قامی هه‌ڵه‌بجه ڕۆڵی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی له‌وباره‌یه‌وه خسته ژێر پرسیاره‌وه‌و ڕۆژنامه‌نوسێك‌و ئه‌ندامی كه‌مپینی به‌دواداچونی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه ڕایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وه‌ی ڕێگره له‌به‌رده‌م ڕاگه‌یاندنی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كه‌سێكه له‌ناو یه‌كێتی‌و گۆڕاندا.
ناسیح عبدالرحیم له‌لێدوانێكیدا به‌بزاڤی ڕاگه‌یاند (ئه‌وه‌ی ڕێگر بوو له‌به‌رده‌م به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه لایه‌نێكی سیاسیه كه‌یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌و ئه‌و عه‌قڵیه‌ته سیاسیه بازرگانییه كه دوێنێ هه‌یمه‌نه‌ی به‌سه‌ر سلێمانیدا گرتبوو ئه‌مڕۆش له‌ژێر ناوێكی تردا هه‌یمه‌نه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌داهه‌یه).
ناسیح ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند (به‌شێكی سه‌ره‌كی ڕێگری له‌به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه بازرگانه سیاسیه‌كان‌و سیاسیه بازرگانه‌كانی ناو یه‌كێتی‌و گۆڕان بوون).
ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو (ئه‌و بازرگانانه ئه‌یانه‌وێت هه‌یمه‌نه‌ی سیاسی بهێڵنه‌وه له‌پێناو خه‌ڵكی سلێمانیدا نا به‌ڵكو له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌م سیاسیانه)، هه‌روه‌ها وتیشی (ئه‌م بازرگانانه به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ ته‌زه‌خومی دانیشتوان‌و ته‌زه‌خومی ئابوری‌و گه‌ره‌بوونی سلێمانیدا هه‌یه ئه‌ویش بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوریه‌كانی خۆیان).
وتیشی (به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه ته‌نها له‌سه‌ركات مابووه‌وه ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش توانیان بیكه‌ن ته‌نها دواخستنی بوو، ئه‌وه‌ی كه‌ماوه‌ته‌وه ته‌نها ڕێكه‌وتنێكی سیاسیه له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا، چونكه حكومه‌ت ده‌یه‌وێت كه‌مترین به‌ریه‌ككه‌وتن له‌نێوان حیزبه سیاسیه‌كاندا ڕوبدات).
وه‌ڵامی یه‌كێتی له‌وباره‌وه
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان سه‌رجه‌م داواكاریه‌كانی شه‌قامی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌ڕه‌وا داده‌نناو به‌دوریشی نازانن بایكۆتی هۆڵی په‌رله‌مان بكه‌ن.
خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه به‌بزاڤی ڕاگه‌یاند (پشتگیری هه‌موو داواكاریه‌كی ڕه‌وای خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌مان كردووه له به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه، ئه‌وه گرنگه له بوژاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌و له‌سودی خه‌ڵك ته‌واو ئه‌بێت).
گۆڕان، سوود له به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه وه‌رده‌گرێت
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌زاری هه‌ڵسوڕاوێكیه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه بزوتنه‌وه‌كه‌یان به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌دایه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش ڕێگرنین، له‌ئێستاشدا كه بووه‌ته پارێزگا، ئه‌گه‌ری هه‌یه ده‌سه‌ڵاتی گۆڕان له‌ناوچه‌كه‌دا زیاد بكات.
نزار محمود له‌وباره‌یه‌وه ڕایگه‌یاند (هه‌ڵه‌بجه بووه‌ته پارێزگا ئه‌وا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دووپارێزگای به‌ده‌سته‌وه ده‌بێت).