29/01/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
عەدنان عوسمان: پارتی و گۆڕان هەریەكە لەزۆنی خۆیدا هێزی یەكەمن
(عەدنان عوسمان) هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لەمیانی نووسینێكدا كە لەپەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردوەتەوە رایگەیاندوە: لەسەر ئەرزی واقع لەكوردستاندا هێشتا دوو زۆن، یا ناوچەی حوكمڕانی هەیە، دیارە ئەمە حەز و خواستی زۆرینەی خەڵكی كوردستان نیەو یەكێك لەویستە سیاسییە بەردەوامەكانیش یەكخستنەوەی یەكجارەكی ئەم دوو زۆنەیە، بەڵام واقعی حاڵ پێمان دەڵێت هێشتا لەژێر سایەی دوو ئیدارەو ئیرادەین.
ئەوەشی راگەیاندووە لەزۆنی هەولێرو دهۆك پارتی باڵادەستەو هێزی یەكەمە لەڕووی بەدەستهێنانی دەنگی جەماوەرەوە.
رونیشیكردوەتەوە: لەزۆنی سلێمانی و گەرمیان گۆڕان هێزی یەكەمەو متمانەی زۆرینەی دەنگدەرانی ناوچەكەی بەدەستهێناوە، كەواتە لەڕووی ئسوڵییەوە ناكرێت بوترێت پارتی هێزی یەكەم و گۆڕان هێزی دووەم و یەكێتی هێزی سێیەم.
هەروەها راشیگەیاندوە پارتی و گۆڕان هەریەكە لەزۆنی خۆیدا هێزی یەكەمن، كەواتە گۆڕانیش لەسەر ئاستی كوردستاندا هێزی یەكەمی موكەڕەڕە نەك هێزی دووەم، بۆیە پێویستە كابینەی داهاتوو، گەر ویستێك هەبێت بۆ ئەوەی كابینەی یەكخستنەوەی هەردوو ناوچەكەو یەكخستنی حكومەت بێت، دەبێت كابینەی شەراكەتی نێوان گۆڕان و پارتی بەهاوبەشی لایەنە كانی تر بێت، نەوەك پارتی هەڵقەی یەكەمو لەخوارەوەش لایەنەكانی تر هەڵقەكانی تر بن.