وەك هەڵوێست پیشاندانێك هەردوو جێگرەكەی تاڵەبانی لەهەردوو كۆبوونەوەی 31/1/2014ی ئەنجومەنی سەركردایەتیو كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی ناوەندو سەركردایەتی، بەشداریان نەكرد.
بەپێی هەندێك هەواڵ كۆسرەت رەسوڵ لەكۆنگرەی یەكێتیدا دوا نامەی وازهێنانی خۆی لە سەركردایەتی یەكێتی لە كۆنگرەی چوارەمدا دەخوێنێتەوە كە كەس نازانێت كەی ساز دەكرێت، بەڵام تائێستا نەزانراوە پەرەسەندنەكانی دوێنێ، دەست لەكاركێشانەوەكەی كۆسرەت رەسوڵ خێراتر دەكەن یاخود نا.
هەرچی بەرهەم ساڵحە تائێستا نەزانراوە هەنگاوی داهاتووی چی ئەبێت، بەڵام دوای كۆبوونەوەكەی 30/1ی مەكتەبی سیاسی لای هەندێك هاوڕێ وتبوی "دەچمە دەرەوەی وڵات"، بەڵام بەپێی زانیاریەكان دوێنێ لەشاری هەولێربووەو ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.
سەبارەت بەهەڵوێستی ئایندەی بەرهەم ساڵح تائێستا روون نیە كە چ هەڵوێستێك دەگرێتەبەر، بەڵام ئاماژەكان ئەوە پیشان دەدەن كە ئەگەری زۆرە چیتر بەرهەم ساڵح لەو پۆستەی خۆی بكشێتەوەو دابنیشێت.
ئەو لێدوانانەی مەلا بەختیار كە دوێنی پاش كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی بڵاویكردەوە بووە مایەی ناڕەزایی هەردوو جێگرەكەی تاڵەبانیو لەئەنجامدا بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیو كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی ناوەندو سەركردایەتیان نەكرد.
هەروەها ئەوەی 30/1 مەلا بەختیار لەدوای كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی بەمیدیاكانی خۆیانی ڕاگەیاند تەنها لایەنێكی ئەو كۆبوونەوەیە بوو.
لە كۆبوونەوەكەدا رێككەوتبوون كە كۆسرەت رەسوڵو بەرهەم ساڵحو هێرۆ ئیبراهیم بەكۆمەڵ دەسەڵاتی سكرتێری گشتیان هەبێتو بڕیاری بەكۆمەڵ بدەن، ئەوەی بووە مایەی ناڕەزایی هەردوو جێگرەكە كۆسرەتو بەرهەم ساڵح، قسەكردنی مەلا بەختیار بوو تەنها لەسەر ئەم بڕگەیەی رێككەوتنەكە.
بگرە چەندین تەوەری تر هەیە كە لەكۆبوونەوەكەدا رێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام مەلا بەختیار هیچی لێدوانێكی لەبارەیەوە نەدا.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لەكۆبوونەوەی 30-1 مەكتەبی سیاسیدا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە گۆڕانكاری لەبەر پرسیارێتی ئەم مەكتەبانەدا بكرێن(مەكتەبی رێكخستن، مەكتەبی هەڵبژاردن، مەكتەبی راگەیاندن، بەرپرسی دەزگای زانیاری، بەرپرسی دەزگای ئاسایش، بەرپرسی دژی تیرۆر، بەرێوەبەری ئاسایشی سلێمانی)، ئینجا وەفدێك پێكبهێنرێت بۆ سەردانی سكرتێری گشتی یەكێتی لە ئەڵمانیا، هەروەها كۆنگرە تا دە رۆژ دوا بكەوێت.
هاوكات لە رونكردنەوەیەكدا كە دوێنێ نوسینگەی رۆژنامەگەری مەلا بەختیار بڵاویكردۆتەوە چەند خاڵێكی خستبووە ڕوو، كە ئەمە دەقەكەیەتی:
یەكەم: لەبەرئەوەی كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی رۆژی (30/1) و هەوڵەكانی كارگێڕو هەڤاڵانی تر، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دڵخۆشكەرە بوون، بۆیە، وەكو مژدەیەك بۆ گەلەكەمان، هەڤاڵ ئازاد جندیانی پێشنیازی كردووە هەڤاڵ "مەلا بەختیار" خۆی هەواڵەكە رابگەیەنێت.
دووەم: هەمیشە، لەڕاگەیاندندا، وردەكاری رێككەوتن باس ناكرێ. بەتایبەتی لەسەر ئاڵوگۆڕی حزبایەتی كە جارێ دوا بڕیاریشیان لەسەر نەدرابێ.
سێهەم: ئەو خاڵانەی سەبارەت بەئاڵوگۆڕەكان باسكراون، لەگفتوگۆكانداو لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیشدا، پەسەند نەكرابوون، تەنها وتراوە (گۆڕانكاری لەئۆرگان و پۆستەكاندا پێویستە).
ئەو هەوڵانەی لەچەند رۆژی رابردوودا، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دراون، زۆر دڵسۆزانە بوون. لەبەرچاونەگرتنی هەوڵەكان، مایەی سەرسوڕمانە. لەوەش سەیرتر.. بڵاوكردنەوەی ئەو پرۆژە پێشنیاز كراوەیە، كە گفتوگۆیان لەسەر كرا و جارێ یەكاڵا نەكراوەتەوە، ئەمیش لەبەرژەوەندی ئێستای یەكێتی-دا نییە.
لەكۆتایشدا دەڵێین: هەڤاڵ مەلا بەختیار و هەڤاڵانی تری كارگێڕ و مەكتەبی سیاسی بەردەوامن لەهەوڵەكانیان، بەرژوەندی یەكێتیی ناو یەكێتیی دەخەنە سەرووی هەموو دزە پێكردنی هەواڵێك.