بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی "لەمیانەی هەوڵەكانیدا بۆ چارەسەركردنی كێشەو گیروگرفتەكانی ناو یەكێتی ئەمڕۆ (٢٠١٤/٢/٣) وەفدێكی ئەنجوومەنی ناوەندی بەسەرۆكایەتی عادل موراد سكرتێری ئەنجوومەنی ناوەندی لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەنراوەكە لەو كۆبوونەوەدا بەرهەم ئەحمەد ساڵح پابەندی خۆی بەیەكێتی ناو یەكێتی دووپاتكردووەتەوەو جەختیشی لەسەر گرنگیو پاراستنی رۆڵو ئەركی مام جەلال كردەوە، سەرەنجی هەموانیشی بەوە راكێشا كە ئەم قەیرانەی ئێستا زادەی ئەم كاتو ساتە نییەو تەنیا پەیوەندی بەسەركردایەتییەوە نییە، بەڵكو كەڵەكەبووی چەند ساڵەی پێشوومانەو تێپەڕاندنی بەشێوەیەكی هاوچەرخو تەندروست پێویستی بەهەماهەنگی هەمووانە.
ئاماژەشی بەوەدا كە چەندین راپۆرتو یاداشتی پێشكەش بەبرادەرانی مەكتەبی سیاسی كردووە بۆ پێداچوونەوەو نوێكردنەوەی بەرنامەو پرۆگرامی سیاسەتی حیزب كە بووبوونە هۆی شكستەكانی ئەم دواییەو كەمبوونەوەی دەنگەكانی یەكێتی.
ماوەی چەند رۆژێكەو دوای بڕیاری دواخستنی كۆنگرەی یەكێتی لە (31/1/2014) كێشە ناوخۆییەكانی یەكێنی نیشتیمانی كوردستان رووی لەقووڵبوونەوە كردووەو تائێستا چەندین هەوڵی ناوخۆی دەرەكی دراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.