03/02/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
دیموکراسی يان بەھێزکردنی پێگەوستراتیژی سەربازی.
کورد،لەنێو دەنگوباس و تەکبیری شارەزایان و ستراتیجیستەکاندا، دوو ئەجێندەی پێچەوانەی بۆ دیاریکراوە، تالەئایندەدا کاری لەسەربکات،یەکەمیان: ئەڵێت کورد پێویستە پرۆڤە لەسەر دیموکراتیزەکردنی خۆی بکاتەوەو وەک یەکەیەکی بێلایەن خۆی نیشان بدات لەم ئاگرەی کە لەجیھان و ناوچەکەدا ھەڵگیرساوە،چونکە تائێستا دیموکراسیەت باشترین فۆڕمی سیستەمەسیاسیەکان و وێنەی پێشکەوتنە.بەو پێیەی ھەڵکەوتەی جوگرافی کوردستان واخوڵقاوە کە دراوسێکانی بەھێزن،ئەمەش بەزیانی کورد شکاوەتەوە،ئەگەر کورد ئیش لەسەر خۆپڕچەککردن و گەمەو مەشقی سەربازی بکاتەوە،ئەوا دراوسێکانی ئەکەونە گومانەوەو سنورەکان دائەخەن و...ئەم بیرکردنەوە تەقلیدیانە.بۆیە باشوایە کورد بەتۆزی خۆیەوە دابنیشێت و تەرەفگیری نەکات و فێری ژیانی مەدەنی و دیموکراسی بێت.تا ھەموو لایەک پەنجەی ئاسایش و ئارامی و شارستانی بۆ درێژ بکەن.
دووەمیان: نەخێر.کورد پێویستە ستراتیژێکی سەربازی قووڵ دابڕێژێت و بیرلەکڕینی چەک بکاتەوە،چونکە لەسیاسەتدا دیموکراسیەت و سەرکزی و مەدەنیەت نەماوە،بەڵکو ماکیاڤیللی ووتی" ڕێکەوتن بکە بۆماوەیەک،دوایی زانیت لەبەرژەوەندیت نییە، بیشکێنە".بۆیە سیاسەت سێ بەشی بریتی یە لە (ھێز) تەنانەت لەفەرھەنگی ئینگلیزیدا ھێزو دەسەڵات یەکسانن.نزیکترین نمونە: لەمێژوی خەباتی رزگاریخوازی کورددا،ھەرکاتێک دەسەڵاتە یەکلەدوای یەکەکانی بەعس لاواز بوون،لەگەڵ کورد دانیشتوون،کەبەھێز بوون لێیان داوە.ئایا کورد بەھێزبونی شیعە لەعێراقدا بەترس نازانێت لەسەر خۆی..؟.کەواتە دوو ڕێگا ھەیە بۆ بەھێز بوون،یان لەگەڵ بەھێزێکدا ڕێک دەکەویت،بەڵام دەبێت لە مەجلیسی ئەواندا بێدەنگ دابنیشیت.وەیاخوود خۆت خۆت بەھێز بکەیت.
ئەمڕۆ لەکوردستان،ئابورییەکی پێش چاو ھەیە،شارەزایان وای دەبینن (١٣%) نەوتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەخاکی کوردستان بێت.جگە لەسامانی گازی سروشتی و کانزاکانی تر.بەدەر لەبەگەڕخستنی کشتوکاڵ و سەرمایەو بوژانەوەی بانکەکان.بەدەریش لەداھاتی گەشتوگوزاری و باج و گومرکیەکان.ھەمیشە لایەنی سەربازی پشت دەبەستێت بەدوو ھۆکاری مادی،یەکەمیان: داھات و ئابورییەکی باش.دووەمیان: پیشەسازی ناوەند یان قورس.مەبەست لە (قورس) ئەو وڵاتەپیشەسازییانەن کە مامەڵە لەگەڵ ئاسن و دروستکردنی فڕۆکە و کارگەی ئۆتۆمبیل و تانک و چەکە ئەتۆمیەکاندا ئەکەن.بۆنمونە: وڵاتێکی وەک ئەمریکا تائێستا فڕۆکەی شەبەحی بەکەس نەفرۆشتووە،چەکێک نافرۆشێت کەخۆی لەوە قورستری دروست نەکردبێت.بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکەوە حاڵیان باش نییە.چونکە ئەگەر بەووردی دیقەت لەشوێنی کوردستانی گەورەو باشور بدەین.ئەوسا تێدەگەین نزیکترین و باشترین پاڵنەر بۆ کاری سەربازی بریتی یە لەشوێنگەی جوگرافی.ئەمانە لە پانتاییە ئاوییەکان و پاپۆڕە بارھەڵگرەکاندا حیسابی زۆر وردیان بە (غطس) بۆكراوە.
ستراتیژی سەربازيی:بەیەکێک لەلقە گرنگەکانی ستراتیجی نیشتمانی دائەنرێت،بریتی یە لەھونەری بەکارھێنانی ئامرازە سەربازییەکان (بەھەموو شێوەکانی وەک ھێزی ئاسمانی،پیادەو...ھتد).بۆ بەدیھێنانی ئامانجە باڵاکانی دەوڵەت،یان پاراستنیان.(ڕیمۆن ئارۆن) لایوایە،ستراتیجی سەربازی (سەرکردایەتی کردن و ئاڕاستەکردنی کۆی پرۆسە سەربازییەکانە).ئەکرێت ئەم ستراتیژە ھێرشکردن بێت،کەپشت بەھێرشکردن و ڕووبەرووبونەوە دەبەستێت لەگەڵ دوژمن یان ئەو مەترسیانەی ھەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ناوچەکە.بۆنمونە ئەمریکا لەدوای (١١) ی سێپتەمبەرەوە ئەم ستراتیژەی بۆ ڕووبەرووبونەوەی تیرۆر پەیڕەوکرد.وە ئەشکرێت ستراتیژ لەجۆری بەرگریکردن بێت:گرتنە بەری ھەر ڕێگایەک کە لەتێوەگلان لەشەڕوململانێ دووریدەخاتەوە،وەکو ئەوەی ھەموو جار دەڵێن" کورد شەڕفرۆش نییە".ئەمانە بەشێوەیەکی سەرەکی ھەرچیەک بن لەژێر کۆنترۆڵی دروستکەرانی بڕیار (ێناع قرار) دان.ئەکرێت دروستکەرانی بڕیار لەھەرێمی کوردستان گەورەتر بیر بکەنەوە،لەگەڵ ئەوەی کەپلان و ستراتیجەکەیان ئاشکراناکرێت،بەڵام لەپاڵ کۆکردنەوەی زانیاری ووردو درشت (بەجۆرەھا ڕێگە) و دروستکردنی لیژنەی تایبەت و بەشداری پێکردنی کەسە باڵاکان لەسەرۆک وئەنجومەنی ئاسایش و بەرگری و و تینک تانکەکان و...ھتد.ئەم پێگە یە لەستراتیجی نەتەوەیی دابمەزرێنن تا جۆرەکانی تری ستراتیژ لەناو بازنە گەورەکەی نیشتماندا جێگەی ببێتەوە (لەگەڵ ئێوەمانە،بۆئێوە قسەدەکەین ھۆ و).ئیتر کاتی ئەوەیە بیرێک لەئایندەی کوردستان لەم رێگایانەوە بکرێتەوە.کاتی ئەوە ھاتووە کورد بیروباوەڕی خۆی یەکلا بکاتەوە،چونکە دیموکراسیەت بەتوندی لەسەر بنەمای ھەڵبژاردنی دروست و ماف و ئازادییەگشتی یەکان و سەربەخۆیی دادگاکان وەستاوە.لەکوردستان ئەمانە نین،لەبەرئەوەی ئابورییەکی قۆرخکراو ھەیە بەدەست چەند کەسێکی مافیا ئاساوە،ئەبێت دروستکەرانی بڕیاری کورد بەتەواوی بیرلەمە بکەنەوە،چونکە سیستەمی سیاسی و ستراتیژی سەربازی لەگەڵ فەلسەفەو ئایدۆلۆژیای دەوڵەتدا پەیوەندییەکی توندو تۆڵ ئەیانبەستێت پێکەوە.ئایا لەئێستادا ئایدۆلۆژیای کوردان چییە؟ ئیسلامی یان عیلمانی..؟ لیبراڵیزم یان سۆشیالیزم.؟.نەتەوەپەرستی یان دەست گرتنە بەپەتی بێگانەوە بۆ مانەوەی حزب و بنەماڵەگەرێتی (ئەم قسانەم بۆئێوەیەو تەشھیر نییە).
کاتی بیرکردنەوەیە لەستراتیژ.لەفەرھەنگی سیاسی و سەربازیدا زۆربەی کات ئەم چەمکە بۆ کارە سەربازییەکان پێکھاتووە.ئێمەش دەبێت والێی تێبگەین.بۆنمونە لەئەدەبیاتی زانستی سەربازیدا زاراوەی (السُوق) سەوقی لەزمانی عەرەبیدا بۆ بەکارھاتووە،بەڵام لەئەدەبیاتی سیاسی دا زاراوەی (التعبئە-بەگەرخستن) ی بۆبەکارھاتووە.لەھەردوو بارەکەشدا تەکتیک و پێچاوپێچ کردن (مناورە) ھەیە.لەھەموو بارەکانیشدا فریودان و ترساندن (الترغیب والترھیب) ھەیە.بەڵام ئەگەر سبەینێ کورد تووشی ئابڵوقەدانێک ھات،کام لەمانە بەکاردێنێت.کوا مەشق و باری لۆجستی و ژیان و بیروباوەڕی سەربازیی کوردستان.کوا پۆشتەو پەرداخی سەربازیی لەکوردستان،کوا بەکارھێنانی پارەی زۆرو زەوەندی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی تاک و کۆمەڵگەی کوردی..؟.ھەتا دێت لەڕووی سەربازی و ھەواڵگرییەوە،لەڕووی دزەکردنی نەخۆشی و زیادکردنی گەندەڵیەوە کورد لەچارەنوسێکی خراپتر نزیک دەبێتەوە،پێمان بڵێن،دیموکراسی یان بەھێزکردنی پێگەوستراتیژی بەگەڕخستنی سەربازی.