لەگەڵ (بەننا) لە یادەورییەکانی و پەیامێك بۆ (ئیخوانەکانی) ئیخوانم .
07/02/2014 نوسەر: bzavpress

لەگەڵ (بەننا) لە یادەورییەکانی و پەیامێك بۆ (ئیخوانەکانی) ئیخوانم .


ماوەیەکە هێرشێکی زۆر توند دەکرێتە سەر رەوتی سەلەفی هەر لەشەیخ الاسلام ئیبن تەیمیەو محمدی کوری عەبدولوەهاب و شەیخی ئەلبانی ... و باقی زانایانی تر کە دەکەونە چوارچێوەی مەنهەجی سەلەف و ئەهلی حەدیس.
بەداخەوە هەندێک لەوانە قسەم لەگەڵ کردوون سەر بەمەدرەسەی ئیخوانی ئیرانن، خەڵکانێک سنوری رەخنەیان بەتەواوی بەزاندوەو تا قورگیان نوقمی گاڵتەکردن بوینە، گاڵتە کردن بە فەرمودەی (ئاحادو هەموو ئەو بابەتانەش کە لە چوارچێوەی فەرمودەی ئاحادن)
ئەو برایانە بۆچەنەکانی (محمد مجتهد شبستری و عبدالکریم سروش و علی شەریعەتی ... و باقی کەسانی تری فیکری حەداسی شیعی) تەواو بەسەریان زاڵە.
ئەدەبیاتی گاڵتەکردن بەدەق و بابەتەکانی فەرمودەی ئاحاد و رەواجدان بە بۆچونی( قورئانیەکان) ، شتێکی تازەیەو پێم سەیرە ئەوانە بەناوی ئیخوانەوە قسان بکەن، یان لە چوارچێوەی ئیخوان بن.
دیسان جێی ئەسەفە چەند برایەک لەکوردستان ئەو بۆچونەی ئەو مەدرەسەیە قبوڵ بکەن و بیهێننە کوردستان.
تێکەڵکردنی سەلەفییەت بەمەدخەلییەت و تاوانبار کردنی هەموو زانایانی سەلەف بەوەی کە خزمەتکاری دەسەڵات و سوڵتانەکان بوینە هەنگاوی ئەو برایانەیە و وادەرواننە سەلەفییەت کە کۆسپێکی زۆر گەورەیە لەبەر دەم هەنگاوەکان .
هیرش کردنە سەر صەحابەی کیرام و بەتایبەتی معاویە رەزای خوای لێبێ نەمان زانیوە لە ئەدەبیاتی (ئیخوان) دا بوبێت.
ئەو چەند دێرەی من لێرە دەینوسم دەبوایە مامۆستایانی ئیخوان زوو دەرکی پێبکەن و دژایەتی سەلەفییەت نەکەن بەئامانجی ئەو قوتابخانەیە و داواین بکردبایە لە ئەندامانیان جیاوازییەکان بخوێننەوەو حورمەتی سنوری بەرامبەر بگرن.
( بەیعەت دان بەسوڵتان و هوتافات بۆ پادشا و حاکمەکان لەئەدەبیاتی ئیخوان بونی زۆرە ) و بگرە زۆربەی مێژوی ئیخوان دور لە ململانێ بوە لەگەڵ حاکم.
پێم ناخۆشە و بەهەڵەیەکی زۆر گەورەی دەزانم هەڵوێستەکانی رەبیعی مەدخەلی بەرامبەر بە (حاکم و بەوەلی ئەمر زانینیان) بکرێتە ماڵ بەسەر تەواوی بانگەوازی سەلەفی.
ئەوە لەکاتێکدا هاوشێوەی ئەو هەڵوێستانە زۆرە لە مێژوی (ئیخوان).
زۆر دەمێکە لە خزمەت کتێبی (مذكرات الدعوة والداعية )ی شەیخ (حەسەن بەننا) ین و سودی زۆریشمان لێوەر گرتوە (بەننا) رەحمەتی خوای لێبێ باسیێکی زۆری لەو یادەوریانە تۆمار کردوە ( صۆفییەت و تەحکیمی یاسای بەشەری و پەیکەر و ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەر و... زۆری تر ) خوای پەروەردگار پشت و پەنابێ هەر جارەو نوسینێک دەخەینە بەر دیدی خوێنەر و بزانێ هەڵوێستەکانی دامەزرێنەری ( ئیخوان) چۆن بوە لەمەڕ ئەو بابەتانە، ئەگەر گلەیی لە بانگەوازی سەلەفی دەکەن ئەوا زۆرێک لەو خاڵانە لە نوسینەکانی (حەسەن بەننا) دا هاتوە رەحمەتی خوای لێبێ .
ئومێدەوارم برایانی (ئیخوانم ) بەسینەێکی فراوان وەری گرن و ئەو حەسەن بەننایەی هەر بەنمونە ( شەیخی ئەلبانی و شیەخ بن باز مەدحیان کردوە ) باپێکەوە بزانین بیرو بۆ چونی چۆن بوە.
زۆر دەترسم زۆرێک لەو برایانە ئەو (بەننا) یە نەناسنەوەو دەرەنجام ئێمە (ئیخوان) دەرچین و ئەوان شتێکی تر. 
پێمان وایە (حەسەن بەننا) موڵکی ئەو رابونەیەو خوا ئاگادارە لە دڵرا خۆشمان دەوێ و جگە لەپێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) کەسی تر مەعصوم نییە.