بۆ مێژووی بیست ساڵەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
18/02/2014 نوسەر: bzavpress

بۆ مێژووی بیست ساڵەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان


"گۆڕان لە كام فەلسەفەی سیاسی و پرەنسیپی حزبی نوێ "
هێزی نوێی ئیسلامی وەكو پرۆژەیەكی تازە وەدەركەوتوی چارەكی كۆتایی سەدەی بیستەم لە كوردستان و ڕەخسانی ژێرخانێكی فراوان لە توانای مرۆیی و دۆزینەوەی بژاردەی سیاسی وەكو ئەنتەرناتیڤێك هاوشانی هێزە نیشتمانی و نەتەوەیی و بەناوسیكۆلارەكان توانی ئەو دەرفەتەی دەستكەوێت كە لەنێو گەمە جیاوازەكان وێنای دیفاكتۆیەك بۆخۆی بكات دابڕاونەبێت لەو ژیانكردنە سیاسیی و كۆمەڵایەتیەی لە باشوری كوردستان هەنووكە دەگوزەرێت، بۆیە كاتێك باسی قۆناغێك لە مێژووی چەند ساڵی پێشوو دەكەین لە بزاوتی سیاسی و كاری ڕێكخراوەیی سیاسی ناتوانین لە دەرەوەی هێزە دینییەكان ناونووسی بكەین.
سەرەتاو دەسپێكی ئەدەبیاتی سیاسی و كارنامەی هەریەك لەم هێزانە بارگاوی بوو بە كۆمەڵێك مژدەو وتارو وەعزو پەڕاندنەوەی خەڵكی بۆ دونیایەكی خۆش و دیوێكی تر لەو جوانیانەی كە فێریاندەكردین و ئامۆژگاری دەكراین بەپەڕینەوە بەسەر پردی ئەم هێزانەدا هەریەكەمان دەگەینە كەنارەكانی ئارامی، یەكگرتووی ئیسلامی یەكێك بوو لەو هێزە نوێیە ڕێكخراوانەی كوردستان لە ڕووی فۆڕمی حزبییەوە لە ژینگەی ئاخنراو بە زمانی چەك و لە گەرمەو دەسپێكی قۆناغی دوای ڕاپەڕینی شەڕی براكاندا خۆی مانیفێست كرد، سەرەتای شكڵگرتنی ئەم هێزە بە موژدەو بەڵێنەكانی تۆلێرانس و چێكردنی فەزایەكی نوێ و مۆدێلێكی جیاواز لە میتۆدی حزبایەتی و سیاسەتكردن وێناكراو دین هەموو ئەمانەی مۆبیلیزە دەكرد، بۆیە لەو ڕووبەرە كەمەی تەمەنیدا لە 1994 تا 2000 عەلەمدارو قەبارەیەكی گەورەو هەیەجانێكی فراوان لە نوخبەی دینی و ڕۆشنبیرو هاوڵاتی خوێندەوارو سادە لەژێر كاركردە عاتیفی و مژدە نوێیەكاندا بوونە نفوزی بەردەم بڵندگۆو نێو بارەگاكانی و تا ئەو ئەندازەیەش ماوەیەك هێزە نادینی و نەتەوەییەكانیان بەخۆیانەوە سەرقاڵكرد.
بۆیە گوتاری سیاسی و ئەندازەیەك دینی ئەم هێزەو ئەزموونكردنی لەماوەی نزیك بە دەیەیەك لە ژیانی حزبایەتی و خوێندەنەوەی جارێكی دی پێدراوەكانی ئیسلام و سیاسەت و بەڕێكخراوكردنی ئەم دیدە بێ گەڕانەوە بۆ لۆژیكی چەك و ئایدۆلۆژیای شۆڕش و پرەنسیپەكانی  ئەوەی پێوتین لەبەرامبەر هێزگەلێكی "ئیسلامی" خاوەن چەك و پاشخان سەربازی جارێكی دی خەڵكی دەتوانن لەپەنجەرەی ئاینەوە دیوێكی تری سیاسەتاندنی ئیسلام لە جوگرافیای حزبدا ببینن، لەوانەیە ئەم دیزاینە تازەیە لە ڕەنگڕێژكردنی ئاین لەبۆتەی سیاسیدا و ڕاگەیاندنی حزبی تازە تەریب بە كۆمەڵێك هێزی خاوەن ئەزموونی قووڵی مێژوویی و تەژی بە قوربانی و خوێن  ئەو ئەگەرەی خستبێتە بەردەم هەمووان كە ئەم دیدە نوێیە بۆ حزبایەتیكردن و دینداریكردن ، بوژاندنەوەو جارێكی دی هێنانە كایەی فەلسەفەیەكی جیاواز بێت لە ژیانی حزبی سیاسی و دینی كوردیداو تەنانەت پاشەكشە بەو ململانێ و ڕوئیا ئایدۆلۆژیی و جیهانبینییە تەسك و كلاسیكییە بكات كە بووەتە نەریتی نزیكەی نیو سەدە بە ململانێكانی حزبی كوردی و زۆربەی جاریش پراكتیزەی پاكتاوی جەستەیی و سووركردنی لوولەی تفەنگەكانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
لێرەدا یەكگرتوو توانی بێ لۆژیكی هێز بەرخوردی مانەوەی خۆی بكات وەكو حزبێكی سیاسی و ئەمە بكاتە میكانیزمی شانازییەكانی جیاواز لە حزبی كوردی، بەڵام لەم ماوەیەدا نەیتوانی ئەو كولتورەی كەپێی دەوترێت ململانێی ناعەقڵانی و ناكامڵی لە ژیانی سیاسی حزبی كوردیدا بنبڕ بكات ،هەروەكو خۆیشی بووبە بەشێك لەو تێگەیشتنەی كە لە فەزای سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردیدا بۆ حزبایەتی و ڕێكخراوی سیاسی هەیە، ئەم هێزە لە زیاد لە دوو دەیەی چالاكی سیاسی خۆیدا هێندە لەژێر كاركردو پەرچەكرداری هێزەكانی دەرەوەی خۆیدا مانای بە بزاوتی سیاسی حزبی بەخشی نیو هێندە نەیتوانی لەگەڵ مانیفێستە سەرەتاییەكانی خۆیدا دروست رێ بكات، چونكە ئەمیش كەوتە نێو ئەو كەشووهەواسیاسی و دیدە نەریتییەی كە حزبەكانی دی سەودایان پێوە دەكرد، لەماوەی چەند ساڵیدا یەكگرتوو توانی لە پێگەیاندنی واعیزو وتارخوێن و هەڵگری دروشمی حزبیدا لەشكرێك دروست بكات، بەڵام هێزێكی نوێی نەدایە مۆدێلێكی جیاوازتر لەمیتۆدی حزبایەتی و ڕووخاندنی ئەو دیوارە بەرزانەی كە ترادسیۆنی خێڵ لەحزبی كوردیدا ئاڕاستەیان دەكەن و بەردەوام لە خوێنی سیاسییەكاندا دەجوڵا، پێموانییە خەڵكی لەوە بێزاربن و نەفرەتی ئەم هێزە لەوەدا بكەن كە سامانی ئەم وڵاتەی خواردبێت یان دەستێكی ناپاك بووبێتن و مایەی نەهانەتی بووبن بۆ كورد، بەڵام هەنووكە ئەوەشیان بەڕوودا دەدرێت كە چۆن فەلسەفەی پەیامی ئاشتی و برایەتی لەتیۆریای سیاسی حزبدا دەرخواردی خەڵكی دەدرێت بەڵام ئەم دروشمانە بەو واتا قووڵەی كە بكرێتە كەرەستەی زیندووی فەزایەكی گشتی هێشتا نەیتوانیوە وەكو پێویست تەجاوزی ئەوە بكات لە كردەی سیاسی وحزبی خۆیدا پراكتیزەی بكات، بۆیە دواجار ئەوە حزبە مانا ڕاستەقینەكان بەوبەهاو سرووتانەی خۆی دەبەخشێتەوە كە وەك ستراتیژ بانگەشەی بۆ كردووە و موخاتەبەی كۆمەڵگای پێكردووە نەك لەبیركردن و ونكردنی هەریەك لەمانە لەبۆتەی تاكتیكی سیاسی و دەرەنجام خۆ بینینەوە لەو ژینگەیەدا جیاواز نەبێت لەوانی دی و بە هەمان میتۆدو بەهای سیاسی بكەرو كارەكتەرەكان چەندبارەببنەوە، بۆیە لە بیرەوەریی بیست ساڵەی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامییدا ئەم هێزە دەخەینە ژێرباری وەڵامی ئەو پرسیارەوە كە تاچەند توانی مۆدێلێكی تازە و ئیزافەیەكی جیاوازمان لە سیاسەت و میتۆدی حزبایەتی لە هێزە تەقلیدییەكانی كوردستان پێ بدات؟ ئایا ئەم هێزە تاچەند توانی جگە لەو گوتارە وتراوو باوەی كە هێزێكی بێ میلیشیایە كولتورو نەریتێكی ئەزموونكراوی سەركەوتووی تری پێشكەشی كۆمەڵگای كوردی كرد و توانی ببێتە فاكتەرێكی پۆزەتیڤ لە ژیانی سیاسی  حزبایەتی ئیسلامی بۆ ئێستاو ئایندە لە كوردستان ..؟ ئایا یەكگرتوو توانی ئاینی ئیسلام وەكو بەهایەكی ئەخلاقی لە هەناوی سیاسەت و حزبایەتیدا ڕەنگڕێژ بكات یان ئایین كرایە ئامرازو میكانیزمی پەڕینەوە بەرەو بەرژەوەندییە ئایدۆلۆژییەكان و ژیانی چەقبەستوویی حزبی؟