18/02/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
ئه‌و كاته‌ی پیاو ده‌بێت به دڕنده‌یه‌ك
ده‌رباره‌ی پیاوان
به‌شی یه‌كه‌م
ئه‌و كاته‌ی پیاو ده‌بێت به دڕنده‌یه‌ك
كوڕان زه‌مه‌نیان ده‌وێت تا پڕتر ده‌بنه‌وه، وه‌ك كچان نین، كچان زۆر به‌خێرایی دادهمهزرێنو ڕه‌نگی ژنان‌و ژیان ده‌گرن، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی چوونه پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریه‌وه، به‌خێراییه‌كی گه‌وره ده‌بن بهشۆڕهژن، ده‌بن بهئینسانێكی كامڵ‌و جوان له‌چوارچێوه‌ی ژنایهتییاندا، به‌ڵام كوڕان وا نین، كوڕان زه‌مه‌نێكی درێژتریان ده‌وێت تا ده‌بنه‌وه به‌پیاوێكی حسابی (وه‌ك فارس ده‌ڵێت)، ده‌بێت زه‌مه‌نێكی درێژ له‌گه‌ڵ ژیان‌و كۆمه‌ڵگه‌دا لێكخشان بكه‌ن تا ئه‌وه‌ی هه‌م وه‌ك كۆمه‌ڵگا دانیان پێداده‌نرێت، هه‌م وه‌ك خود دان به بوونی خۆیاندا ده‌نێن. هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ده‌بێته‌وه به كه‌سێكی كامڵ‌و جێگیریش پێویستی به‌زه‌مه‌ن ده‌بێت، هۆكاری ئه‌مه زیاتر بونیادی ژنان‌و پیاوان فتوای به‌سه‌ردا ده‌دات نه‌ك كۆمه‌ڵگا و كلتور و هیچ شتێكی تر، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌رووناسان سه‌لماندویانه كه ژنان بیركردنه‌وه‌و تێرامانێكی سۆزداری‌و عاتفییان هه‌یه بۆ هه‌موو مه‌به‌سته‌كان، به‌ڵام پیاوان زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ری عهقڵو تێراماندا كار ده‌كه‌ن، ژنان زیاتر حهساسترو ووردبینانه‌تر دهتبیننو ده‌بینن، به‌ڵام پیاوان گۆشه گهورهكانو چوارچێوه فراوانه‌كان ئاشكرا ده‌كه‌ن، له‌م ڕه‌هه‌نده‌وه ده‌كرێت بوترێن سۆز‌و عه‌تف كه‌متر ئیش له‌سه‌ر سه‌لماندن ده‌كات، زۆرجار به‌چوار قسه، بهئامۆژگارییهك، به وته‌یه‌ك ده‌توانی تهصهوراتی ژنێك یان كچێك بگۆڕیت به‌ره‌و مه‌به‌ست، له‌به‌رئه‌وه كچان كه ده‌چنه پرۆسه‌كه‌وه، (به‌هۆی بوونی دیوه سۆزداریهكهیان) زۆر به‌خێرایی پڕدهبنهوهو ئه‌ویش به‌یارمه‌تی هاوسهرهكهیو چواردهورو كۆمه‌ڵگاكه‌ی، چونكه سۆز كه‌متر پێویستی به مێژوو هه‌یه، كه‌متر پێویستی به دواداچوون و لێووردبنهوه هه‌یه، به‌ڵام پیاوان پێویستیان به‌سه‌لماندن هه‌یه، پێویستیان به‌ئاشكراكردنی واقیعی هه‌یه، له تیۆردا ناوه‌ستن، به‌ڵكو ده‌چنه دیوه عهمهلیهكهی ئه‌و تیۆره‌وه...
قسه لێره‌دا ئه‌وه‌یه له‌م كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا (به‌تایبه‌ت له‌ناو چینی رۆشنبیراندا) ئه‌م بابه‌ته زهرپهیهكی گه‌وره‌ی له‌ژنان داوه، ئه‌ویش به‌وه‌ی زۆرجار پیاوان هه‌تا له‌سه‌ره‌تای پرۆسهكهدان، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه له‌ناو به‌دبه‌ختی ژیان‌و ناجۆری ژیاندا دێن‌و ده‌چن، ژنه‌كانیان زۆر بهباشیو جوانی په‌روه‌رده‌یان ده‌كه‌ن، زۆر به‌باشی ئاگایان له ههستو تێرامان‌و واقیعی پیاوه‌كه ده‌بێت، تا ئه‌وه‌ی ئاماده‌یه دهربهردهریو بهدبهختیو هه‌ڵهاتنی له‌گه‌ڵدا ببینێت، تا ئه‌وه‌ی ئاماده‌یه هه‌موو گۆشه ترسناكه‌كان تاقی بكاته‌وه له‌گه‌ڵ پیاوه‌كه‌یدا، چونكه ژنان وه‌ك وتم زووتر داده‌مه‌زرێن تا پیاوان، به‌ڵام كه زه‌مه‌ن دهگۆڕێتو جۆرێكی تر له‌ده‌موچاو وه‌رده‌گرێت، ده‌موچاوی ژیانی ئه‌و ژن‌و پیاوه‌ش ده‌گۆڕێت، هه‌ر ئه‌و كاته‌ی پیاوه‌كه زه‌مه‌نێكی گه‌وره‌و چه‌ند ساڵێكی دریژ به‌سه‌ر ژیانیاندا ده‌ڕوات، وه ده‌زانێت كه دانی پێدانراوه هه‌م له‌دیوه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی كۆمهڵگاو هه‌م وه‌ك دیوه سیاسیهیهكهیو هه‌م وه‌ك دیوه ئابوریهكهش (كه زۆرجار خۆی له دۆخێكی به‌رزی ده‌وڵه‌مه‌ندیدا ده‌بینێته‌وه)، وورده وورده پیاوان له ئه‌و ژنه دوورده‌كه‌ونه‌وه كه زه‌مه‌نێكی گه‌وره پاڵپشتی كردوون، ئه‌گه‌ر چی به‌شێكی گه‌وره‌ی بردنه‌وه‌كانی پیاوه‌كه هی ژنه‌كه‌یه، چونكه (وه‌ك له باسی ژناندا وتمان، ئه‌گه‌ر ژنان نه‌یانه‌وێت، پیاو هه‌رگیز ناتوانێت هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ڕاسته)، ئه‌م جۆره پیاوانه ژنان ته‌نها بۆ زه‌مه‌نی بهدبهختیو نه‌هامه‌تی سه‌ره‌تاكانی عهقلو ژیان ده‌وێت، دواتر وه‌ك وه‌حشێكی ترسناك، وه‌ك ئاژه‌ڵێكی بێ رۆِح له ژنه‌كانیان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه، هه‌موو مێژووی پێكه‌وه‌بوونیان، هه‌موو جوانی‌و باشیه‌كانی ژنه‌كه‌یان له‌بیر ده‌كه‌ن، زۆر به‌خێرایی به‌دوای ناسكترینو جوانترین كچی شار ده‌كه‌ون‌و هه‌ڵی ده‌بژێرێت، ڕاسته ژنه‌كه‌ی ئێستا ڕه‌نگه جوانیه‌كه‌ی له‌ده‌ست دابێت به‌هۆی یارمهتیدانو خه‌مخواردنی بۆ پیاوه‌كه‌ی، به‌ڵام پیاوه‌كه ته‌نها ئێستای دهبینێتو تف له رابردوو ده‌كات، به‌شێكی پیاوانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به‌تایبه‌ت رۆشنبیره‌كانمان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ژیان و ده‌ژین، زۆر به‌كه‌می یه‌كیان ده‌بینیت له ژنی یه‌كه‌م جیانهبووبێتهوهو ئیستا له‌گه‌ڵ كچۆڵهیهكدا هاوسه‌رگیری پێكه‌وه نه‌نابێت، هه‌ر ئه‌وانه‌ش دێنه‌وه سه‌ر میدیاكان‌و باسی مافی‌و به‌دبه‌ختی ژنان ده‌كه‌ن...