19/02/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
فیراقی عەشق
دڵ لەتاو فیراقی تۆیە وائەناڵێنێ بەشەو
چاو لەدوری قەوسی ئەبرۆت مانگ ئەلاوێنی بەشەو
گیانەكەم بۆ سەرووی باڵات بوومە فەرهادی كۆكەن
گوێگرە دەنگی هەناسەم بەرد ئەتاوێنێ بەشەو
بێ شەراب و بادەوو مەی مەست و سەرخۆشم گوڵم
چوون نەسیم بۆنی قژی شێواوی تۆ دێنێ بەشەو
بۆ وەفای تۆ چاوەڕێ بووم تۆ جەفات كرد دەرحەقم
بێ تەماشای هەوری چاوم ئەشك ئەبارێنێ بەشەو
من بەجارێ بوومە قەقنەس عومری خۆم بەخشی بەتۆ
تۆیش بەچاوی میهرەبانیت جارێ ڕامێنێ بەشەو
تابەكەی تیری دوو چاوت بۆمنی عاشق ئەخەی
ناعیلاج ئەمرێ بفەرموو وازم لێبێنی بەشەو
بۆ حەڵاڵە ڕشتنی خوێنم كەمن دێوانەتم
خۆت ئەزانی یادەكانت چۆن ئەمگرێنێ بەشەو
كامە عاشق نازەنینم وەك منی سەودازەدە
چەشنی پەروانە هەمیشە خۆی ئەسوتێنێ بەشەو
غەیری عەشقی تۆ گوناهی من چی یە؟ بۆكوشتنم
حاكمی چاوت وەكو جەنگ لەشكری دێنێ بەشەو
عاشقان دێن و ئەڵێن پێم ساردە مەیلی یارەكەت
با لەمەدرەسەی وەفادا وانەبخوێنی بەشەو
خۆشەویستی تۆ بوو ئازیز بوومە مەجنوونی زەمەن
پێم ئەڵێن (پێنجوێنی) شێتە ، هەركەس ئەمبینێ بەشەو .