ـاوەڕی نـیـە بە خــوا(بالحکمة)کەی ئێمە کوا ؟
27/06/2013 نوسەر: bzavpress

ـاوەڕی نـیـە بە خــوا(بالحکمة)کەی ئێمە کوا ؟

ـاوەڕی نـیـە بە خــوا(بالحکمة)کەی ئێمە کوا ؟

بەشی یەکەم
جۆرەکانی ئیلحاد

لێرەدا دەمەوێت باسی بابەتێک بکەم کە رۆژانە لە کۆڕ و مەجلیس و ماڵپەر و سایتەکان بە تایبەتی سایتە کۆمەڵایەتییەکانی وەک (فیس بوک) دەیبینین ئەویش ئەوەیە کە کاتێک گفتوگۆ و موناقەشەی بابەتێک دەکرێت لەگەڵ کەسێکی دوور لە ئایین یان بێ دین و مولحید ئەوە بابای بڕوادار بە نیەتی پاک و باشی خۆی بۆ مەبەستی وەڵامدانەوەی چەند کۆمێنتێکی بۆ دەنووسێت یان وەڵامی چەند پرسیار و گومانێکی ئەداتەوە بەڵام بە بێ ئەوەی ڕەچاری جۆری پرسیار و کەسایەتی کابرای مولحید بکات ! رۆژانە چاوم بە بڵاوکراوەی مولحیدەکان دەکەوێت کە باس لە نەبوونی خوای گەورە و نێردراو (پێغەمبەران) و کیتاب و پەیام دەکەن ، هەروەها وەڵامی خەڵکی ئیماندار و ئەهلی ئیسلامیش دەبینم کە تیایاندا مامۆستا و مەلای بەرێز و گەنجی خوێنگەرم و دڵسۆز بەدی دەکرێت .

بەڵام وەڵامەکان لە جێی خۆیاندا نین و زۆر بێ هێز و بێ بەڵگەن و دوورن لە حیکمەت و دانایی! کەسانێکی زۆر کەم ڕەچاوی کەسایەتی کابرای موڵحید و جۆری پرسیار و مەبەستی گومانەکان دەکەن ، خوای گەورە ئەفەرموێت ((ادْعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ ۖ وَجَادِلْهُم بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ ۚ إِنَّ ربَّكَ هُوَ أَعْلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبِيلِهِ ۖ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ )) واتا (بانگه‌واز بکه بۆ لای به‌رنامه‌و ڕێبازی په‌روه‌ردگارت به‌حیکمه‌ت و دانایی (بۆ هه‌ندێك) و ئامۆژگاری جوان و به‌جێ، (بۆ هه‌ندێکی تر)و گفتو گۆو موجاده‌له به‌جوانترین شێوه (له‌گه‌ڵ هه‌ندێکی تردا به تایبه‌تی خاوه‌ن کتێبه‌کان)، چونکه به‌ڕاستی په‌روه‌ردگارت هه‌ر خۆی زانایه‌، که کێ گومڕایه‌ هه‌روه‌ها هه‌ر خۆیشی زانایه به هیدایه‌ت و وه‌رگران) کەواتە فەرمانی خوای گەورەیە کە ئێمە کاتێک گفتوگۆ لەگەڵ دژەکانمان دەکەین کە بۆچونی جیایان هەیە و خاوەن بیر و ڕای جیاوازن ئەوە (حیکمەت) و دانایی بەکاربهێنین ، (حیکمەت)یش واتا قسە و گوفتار و کرداری باش لە شوێن و کاتی شیاو و گونجاو ، وەک (ابو اسماعیل الانصاری) رەحمەتی خوای لێبێت دەڵێ (حیکمەت دانانی شتەکانە لە شوێنی شیاوی خۆیان) لێرەدا باسی ئەو کەسانە دەکەین کە بەناو بێ دینن و مولحیدن و بابەتێک بڵاودەکەنەوە کە تیایدا وا نیشانی ئەدەن کە بڕوایان بە بوونی خوای گەورە نییە و هەندێکیان دەڵێن کە ئەگەر خوایەکیش هەبێت ئەوە کەسی نەناردووە تا ئاگادارمان بکاتەوە و هەندێ شتمان بۆ حەڵاڵ بکات و هەندێکی تر حەرام بکات !

ئەم جورە بابەتانە دڵ تەنگم دەکات کە لە سەردەمی زانست و زانیاری و دۆزینەوەی ئاسمانەکان و ئەستێرەکان کەسانی وا هەبن وابزانن کە ئەم جوانی و ڕیک و پێکی یە هەر لە خۆیەوە هاتۆتە بوون ! بەڵام زیاتر دڵ تەنگ ئەبم کاتێک وەڵامی موسوڵمانان دەبینم بۆ ئەم جورە کەسانە ، چونکە هیچ حیکمەت و دانایی و لێزانی لە وەڵامەکاندا بەرجەستە نەبوون ، ئاخر ئەمە کەی وەڵامە بۆ ئەو کەسەی کە دەڵێت گومانم لە بوونی خوا هەیە یان هیچ خوایەک بوونی نیە (پەنا بە خوا) لە وەڵامدا بنووسین (چۆن ئەو کوفرە دەکەیت ؟! خوا ئەتگرێ ! لە جەهەنەم بترسە ! لە خوا بترسە ! پێغەمبەر صلی اللە علیە و آلە و سلم دەفەرموێت ... شێخ فڵان دەفەرموێت..) ئیتر دەقی قورئان و فەرموودەی بۆ دەهێنێتەوە و وەک ئەوە وایە کە ئامۆژگاری تاوانبار و گوناهبارێکی موسوڵمان بکات !

یان مولحیدەکە لە بەشێکی قسەکانی سووکایەتی بە صەحابە و هاوەڵێکی بەرێزی پێغەمبەر دەکات صلی اللە علیە و آلە و سلم ، بەڵام لە وەڵامیدا نووسراوە (چۆن سوکایەتی بەم هاوەڵە بەرێزە دەکەیت ؟ لە کاتێکدا پێغەمبەر صلی اللە علیە و وسلم موژدەی بەهەشتی پێداوە ؟!) لە جۆری وەڵامەکەدا دیارە ئەم موسڵمانە دلسۆزە لە پرسیار و بابەتی مولحیدەکە تێنەگەیشتووە ! چونکە خودی مولحیدەکە پێشتر سوکایەتی بە خوای گەورە و پێغەمبەر و قورئان کردبوو ، ئیتر بە چ حیکمەتێک باس لە فەرموودە و موژدەی پێغەمبەری بۆ دەکات صلی اللە علیە و آلە و سلم ؟! خوانەناسی و کەسایەتی و بۆچوونی مولحیدەکەی پشتگوێخستووە لەبەر ئەوە وەڵامی موسوڵمانەکە لە ئاست بابەت و گومان و پرسیاری مولحیدەکەدا نیە .

لەبەر ئەوە دوای چەند گفتوگۆیەکی کورت ئیتر موڵحیدەکان دەیکەن بە گەمە و گاڵتە و پێکەنین و سووکایەتی بە پیرۆزەکان و موسوڵمانان ! دەزانین کە ئەنجام و هیدایەت بە دەست خوای گەورەیە و زۆرجار ئەگەر بەوپەڕی حیکمەتیشەوە وەلامیان بدەینەوە ئەوە هەر گاڵتە و سوکایەتی خۆیان دەکەن ! بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە حیکمەت و دانایی بەکار نەهێنین .

دەبێت بزانین کە کەی بەڵگەی نەقڵی لە کیتاب و سوننەت دەهێنینەوە و کەی بەڵگەی عەقڵی و زانستی دەخەینەڕوو ، پێش هەموو شتێک دەبێت کەسایەتی و مەبەستی کەسی موڵحید دوور لە دین بناسین و بزانین ، ئایا بابای موڵحید مەبەستی گەیشتن بە ڕاستی و دروستییە و بەدوای حەقدا دەگەرێت یان تەنها مەبەستی خستنە ڕووی گومان و کوفرە و گاڵتە و پێکەنینە ؟! چونکە ئەگەر مەبەستی گاڵتە و سووکایەتی بێت ئەوە پێویست ناکات وەڵام بدرێتەوە و گرنگی پێ بدرێت ! چونکە وەڵامدانەوەی زۆر جار دەبێتە هۆی سووکایەتی زیاتر و بە فیڕۆدانی کات و تەنانەت گوناهباربوون و توڕەیی و بێ هیوابوون ، پاشان زانینی کێشەی کەسی موڵحید و جوری ئیڵحادەکەی زۆر گرنگە بۆ بەرپەرچدانەوە و رێنوێنی کردنی ، دەبێ بزانین کە زانایان و شارەزاکان ئیڵحادیان کردووە بە چەند بەشێک وەک

• ئیڵحادی سۆزی و عاطفی ئەم جورە خوانە ناسی و ئیڵحادە بە هۆی چەند رووداو و دیمەن و دیادەیەکەوە دەبێت کە کەسی دوور لە خوا توڕە دەکات و هەڵچوونێکی دەروونی دروست دەبێت ، نیشانەکانی ئەم جورە ئیڵحادەلە شێوەی پرسیارەکان و بابەتەکانی بە دیار دەکەوێت وەک دەڵێت (هیچ دادگەریەک نیە لەم دونیایەدا، ئەم دونیایە پڕیەتی لە ستەم و برسیەتی و نەبوونی و سەقەتی ، خەیاڵتان خاوە ئەگەر بتانەوێت ئیماندارم بکەن شوێن فڵان شێخ و فڵان کەس بکەوم کە خەریک دزی و جەردەیی و درۆ و ئەفسانە و پیاوکوشتنە !) بۆ وەلامدانەوەی ئەم جورە کەسانە دەبێت پشت بە هەست و سۆزمان ببەستین تا هەست و سۆزی چارەسەر بکەین ، واتا وەلامی پرسیارەکانی بدەینەوە بە وردی و بە جوانی و لە بابەتەکە دەرنەچین باسی کوفر و جەهەنەم و سزای دوارۆژیشی بۆ زیاد نەکەین ! ئەو پەڕی ئارامی و خۆشەویستی میهرەبانی نیشان بدەین .

• جۆرێکی تر لە ئیڵحاد ئیڵحادی زانستی و عیڵمی یە ئەم جورە کەسانە وا تێگەیشتوون کە ئایین و دین یان یاسا نەگۆڕەکانی ئایین ناگونجێت لەگەڵ زانست و پێشکەوتن و شارستانیەتی ! ئەم جورە بیرکردنەوەیە زیاتر تێکەڵی و ئاڵۆزیەکی تیا بەدی دەکرێت چونکە بابای موڵحید دینەکان و ئایینەکان و تەنانەت زانستەکان و بەشەکانی و پێشکەوتنەکانی تێکەڵ کردووە ! خۆی خستۆتە ناو گێژاوێکی ئاڵۆز و تێکەڵ زۆر جار دوودڵی و ڕاڕایی پێوەدیارە ، ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ دوزینەوە تازەکان و قسە جیاوازەکانی زایانان و بۆچوونە جووداکانی ئایینەکان و زانا ئایینیەکان .

بەڵام ئەم ئاڵۆزی و تێکەڵییە ئەوە ناگەیەنێت کە گفتوگۆ و حیوار لەگەل ئەم جورە موڵحیدانە کاڕیکی زەحمەت و ناخۆش بێت ، چونکە ئەگەر بابای موڵحید مەبەستی گەیشتن بێت بە حەق و ڕاستی ئەوە زۆر بە ئاسانی ئەتوانرێت رێنوێنی بکەیت و بەڵگەی زانستی بۆ باس بکەیت و لە پاڵ ئەوە هەلوێست و تێگەیشتنی بۆ دەقە ئایینیەکان بۆ ڕاست بکەیتەوە و بۆی بسەلمێنی کە ئایین بە تایبەتی ئایینی دەستکاری نەکراوی (ئیسلام) دژی زانست و زانیاری نییە بەلکو هانی فێربوون و پێشکەوتن دەدات و هیچ دەقێکی ڕاست و دروستی شەرعی لەگەڵ هیچ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەیەکی زانستی ڕاست و دروست دژبەیەک و پێچەوانە نییە .

• ئیڵحادی نەزانی (چاولێکەری) ئەم جورەیان زیاتر تووشی مناڵان و هەرزەکاران و ئەو کەسانە دەبێت کە کەمترین خوێندنەوە و شارەزاییان نییە لە دین و ژین ! تەنها لەبەر هاوڕێکانی یان برا و خوشکەکانی چەند قسەیەک یان کردارێک دەکات و بەس ، ئەگەر پرسیار لە هۆکارەکەی بکەیت ئەوە ناتوانێت وەڵامت بداتەوە و تەنها دەڵیت (هەروا ! حەزم کرد پێمخۆش بوو ! ئەوانیش ئاوایانکرد ئاوایانگوت !)تەنها ڕیزگرتن و بەخشینی خۆشەویستی و گرنگیدان و دوای ئەوانە ئینجا ئامۆژگاری و نەسیحەت بەسە بۆ ئەوەی بێنەوە سەر ڕیگای ڕاست و دووربکەونەوە لە خوار و خێچی و وتەی نەشیاو و چاولێکەری و تەقلید.

• جۆڕیکی تر ئیڵحادی ماددییە یان بەرژەوەندی پێموایە لە کوردستاندا زۆربەی ئەو کەسانەی کە خۆیان بە بێ دین و موڵحید دەزانن لەم جورەیان بن ! واتا بۆ بەرژەوەندی و دەستکەوتنی شتێک ئیڵحادیان هەڵبژاردووە و پێیان وایە کە ئایین بە تایبەتی ئیسلام رێگرە لەبەردەم بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان ، مەرج نیە بەرژەوەندی تەنها خۆی لە پارە سامان ببینێتەوە کەسێکی موڵحید دەناسم کە جارێکیان وتی (ئاخر چۆن وەک ئێوە ببم بە موسوڵمان و تەماشاکردنی ئەو هەموو کچ و ژنە جوانە لە خۆم حەرام بکەم ؟!)
یان پییان شەرمە کە لەگەل موسوڵمانان دابنیشن و بڵین موسوڵمانین ! تا پێیان نەگوترێت (دواکەوتوو و توندڕەو و شەمشەمەکوێرە و ..) یان پێیان وایە کە دینداری کێشە و سەرئێشەی بە دوادادێت و موڵحیدی و بێ دینی و تێکەڵاوی لەگەل کەسانی خوانەناس و موفسید دوورت دەکاتەوە لە کێشە و سەرئێشە و ڕاونان و نانبڕین ! زۆر جار ئەم جورە کەسانە پێیان خۆشە و حەزدەکەن کە وەک موسوڵمانان بن و بێنە ناو ئەهلی ئیسلام بەڵام چەند بەرژەوەندیەکی تایبەتی ڕیگریان لێ دەکات .

ئەم جۆرە زیاتر لە گومان و دوودڵیدا دەژین و ئامۆژگاری وگفتوگۆکردن لەگەڵیان ئاسانە تەنها صەبر و ئارامگری دەوێت و ڕووخۆشی و روونکردنەوەی گەرەکە ، چونکە ئەم جۆرە موڵحیدانە زۆربەیان لە خێزان و کۆمەڵگایەکی دیندار و مولتەزیم گەورە بوونە و چەند شتێکی بە ناو چاک و باش و بەسوود سەری لێشێواندوون .
ان شاءاللە لە بەشی دووەمدا باس لە پلەکانی ئیڵحاد و بێ دینی دەکەین کە زانینیان زۆر گرنگەو کاریگەر دەبێت بۆ بەرهەمداربوونی بانگخوازی وئیسلامەتی ئێمە.