01/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
دۆخى ئێستاى پەیوەندى نێوان هەرێم و بەغدا
لە نێوان ئیدارەکردنى عەقڵانى کێشەکان و بە دەرفەت سەیر کردندا
سەرەڕاى رەخنەکانمان لە حکومەتى هەرێم و پارتە دەسەڵاتدارەکان دەربارەى دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان و پەیوەندى بە فشارەکانى سەرۆک وەزیرانى عێراق و بەغداوە، دەبێ هەمووان لە خەمى جوان بەڕێوەبردن و تێپەڕاندنى کێشە و قەیرانەکەدا بین، چونکە سەرەنجام ئەوەى دژمان دەکرێت لە بەرەنجامى کۆتاییدا دژ بە کۆى گەلى هەرێمى کوردستان ء، ئەزمونە سیاسیەکەیەتى.
لەم روەوە دەخوازم چەند خاڵێک بخەمە پێش چاو لەوانەش :
1. هەوڵدان بۆ پێکهێنانى حکومەت لە نزیکترین کاتدا و لە ماوەى یەک هەفتەدا .
2. هەوڵدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى پەرلەمان و دواى ئەویش راستەوخۆ دواى تەرخانکردنى دانیشتنێک بۆ قسەکردن لەسەر پرسی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ نیشاندانى هەڵوێستێکى یەکگرتووانەى بە بڕشت بکرێن. واباشە سکرتێرى حزبەکان و هەندێ رەمزى تریش بەشدار بن .
3. پێداگرتن لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى بەغدا لە کاتى خۆیدا و رێگەنەدان بە دواخستنى.بۆ ئەوەى هاوکێشەکان بە قازانجى هەرێم لاسەنگ ببنەوە. بەڵام دەبێت گرەوى تەواویش لەسەر ئەم هەنگاوە نەکرێت ، چونکە دەبێت سیناریۆى درەنگ کەوتن یاخود درەنگخستنى پێکهێنانى حکومەت بۆ چەند مانگێک دواى ئەوە لەبەر چاو بگیرێت .
4. ئەو کارتانەى بەدەستەوەن زیاتر هەڕەشەیان پێ بکرێت و بەکار نەهێنرێن، چونکە بەو جۆرە کاریگەرییان زۆرتر دەبێت.جگە لە کارتى فرۆشتنى نەوت .
5. کشانەوە لە پرۆسەى سیاسی عێراق بەبێ زامنکردنى تواناى خۆڕاگرى لەبەر دەم فشارەکانى بەغدا لانى کەم بۆ چەند مانگێک هەنگاوێکى باش نابێت .
6. دەکرێت کۆبوونەوەیەکى فراوان لەگەلڕ سەرنوسەر و بەڕێوەبەر ء بەرپرسی دەزگا جۆرراوجۆرەکانى میدیا ساز بکرێت بەمەبەستى تاوتوآ کردنێکى هاوبش و روپۆشێکى هاوسەنگى کێشەکە و رێگەگرتن لە کاریگەریی جەنگى دەروونى بەرامبەر ء تەقینەوە بە ئاقارى ناوخۆدا .
7. مامەڵەیەکى عەقڵانى لەگەلڕ راى گشتى و شەقام بۆ ئەوەى بێزارییەکان لەناوخۆدا بە شێوەیەکى عەقڵانى و لە رێی میکانیزمە مەدەنیەکانەوە گوزارشتیان لێ بدرێتەوە لە کاتى پێویستیشدا بەشێکى بە مەبەستى فشاردروستکردنى مەعنەوى و نائومێدکردنى بەرامبەر ء گومان بۆ دروستکردن لە کاریگەریى میکانیزمى ململانێکانى ، ئاراستەى دەرەوە بکرێت .
8. ئەم دۆخە لەگەلڕ جوان بەڕێوەبردن ء زیانەکانیدا دەکرێت بکرێتە دەرفەتێکى ترء سەرەتاى قۆناغێکى نوێ بەوەى :
ڕ- رێگە نەدرێت تەنها دۆخەکە بگێڕدرێتەوە دۆخى پێش فشارەکان، بە حوکمى ئەوەى ئیتر هەرێم خاوەن ترسێکى رەوایە بەرامبەر بەکارهێنانى بودجە و قوتى خەڵک وەک کارتى فشار .
ب- ئەم دۆخە دەرفەتێکە بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوەى هەڵوێستى هێز و کەس و ناوەندە سیاسی و ئاینى ءلیستەکان بەرامبەر کێشەکانمان و، ئاستى گرەوکردن لەسەریان و، دووبارە پێناسەکردنەوەى رۆڵەکان و، داڕشتنەوەى نەخشەى هاوپەیمانیەتی یەکان.
جـ-داڕشتنى نەخشەیەکى ستراتیژى (5) پێنج ساڵە بەمەبەستى دروستکردنى یەدەگى ستراتیژى و زەمینە سازکردن بۆ قۆستنەوەى هەلەکان بە قازانجى سەربەخۆیی .
د- پێداچوونەوە بە پرسی ژمارەى موچەخۆران و بەستنەوەى موچەى پێدراو بە چالاکى ئابورى جۆراوجۆرەوە وەک ئەوەى کە لە ساڵى (2008) لە ئەنجومەنى وەزیران ئاماژەم پێکرد .
هـ - هەوڵدان بۆ سازان لەسەر پرۆژەى دەستورى هەرێمى کوردستان لە ماوەیەکى پێوانەیدا ، هەروەها پڕکردنەوەى هەموو ئەو بۆشاییە یاساییانەى لە ئارادان و بەشێکن لە پێداویستى بەڕێوەبردنى ململانێکان لەگەلڕ بەغدا .
و - دواى پێکهێنانى حکومەت راستەوخۆ دەستبکرێت بە پیادەکردنى سەرجەم بڕگەکانى یاسای نەوت ء گازى کوردستان ء لەوانەش سندوقى داهاتەکان و پرسی روونى لە پەیوەندى یە داهاتەکانە و، بۆ ئەوەى مەسەلەى نەوت بە کردەوە ببێت بە پرسێکى نیشتمانى و هەمووان وەک یەک و بە هەمان خوێنگەرمیەوە بەرگرى لێ بکەن .
ز - پرۆژەیەکى نیشتمانى بۆ چاکسازى بخرێتە روو دەست بە جێ بەجێ کردنى بکرێت بە مەبەستى کارا و (ترشیق)کردنى ئیدارى و، روونى لە داهاتەکان و خەرجى و، کۆتایی هێنان بە هەژموونى حزبی بەسەر دام و دەزگاکان و، گەندەڵى و، خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات و، پاشماوەى دوو دەڤەرى . بەمەستى بوژاندنەوەى رۆحى کوردستانى بوون و، پرۆژەى نیشتمانى ، بەهێزکردنى گیانى هاوچارەنووسی و، پشتیوانیکردن لە رابەرێتى یەکى نیشتمانى پشت ئەستور بە پشتیوانى گەل.
ح - دامەزراندنى چەند سەنتەرێکى لێکۆڵینەوەى ستراتیژى و دەرکردنى راپۆرتى ستراتیژى ساڵانەى هەرێم بۆ دەست نیشانکردنى دەرخەر( مۆشرات)ەکان لە ئاستە جۆراوجۆرەکاندا .
لە کۆتاییدا ئەم جۆرە کێشە و دەرفەتانە دەبێت بە قوڵایی رامانبچڵەکێنێ و وەبیرمان بێنێتەوە کە هەرێمەکەمان و گەلەکەى تاچەند پێویستیمان بە سیاسەت و،ستراتیژیەت و،دام و دەزگا و، رێبەرایەتى نیشتمانىء، پلانى زانستى و، چاکسازى و، دووبارە خۆبینا کردنەوە و، ئیرادەیەکى لە نەشکان نەهاتوو هەیە .هەقیشمانە بپرسین تا کەى لە چاوەڕوانى ئەمانەدا بین و بە کردەوە هەنگاوى جدیان بۆ نەهاوین ؟