04/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
قوربانییە ونەكانی سیاسەت
شەهیدبوونی مامۆستا عەبدوڵڵای قەصرێ
كارەساتێكی ویژدان هەژێن بوو بەسەر نەتەوەی كورددا هات، ڕۆیشتنی ئەم پیاوە لەدەستدانی سامانێكی مرۆیی بێئەژماربوو كە نەتەوەیەكی بێ كیان و بێ قەوارەو بێ دەوڵەتی وەكو كورد ئاتاجی بەم مرۆڤە پڕ وزەو بەتوانایانە هەبوو كەلەدیوی ناوەوە پێویستی بەبیناكردنی بونیادی عەقڵی و بەرهەمهێنانەوەی ژێرخانی مرۆیی و كەرەستە مەعنەوییەكانە، بۆیە قەصرێ بە ئەزموونی خۆی كارەكتەرێكی جوڵاوو مرۆڤێكی دووربین بوو دەیویست لە ڕێگای ڕیفۆرمی كۆمەڵایەتییەوە جۆرێك لە گوتار بەرهەم بێنێت كە ڕۆحی قبوڵكردنی ئاشتی كۆمەلایەتی و ژیاندۆستی دەیخواست، عەبدوڵڵای قەصرێ لەنێو هێزێكی سیاسی بارگاوی بە پێدراوەكانی خولیای چەك و دیدێكی نوێی ناسیۆنالیستانەی ئیسلامی دەركەوت، بەڵام جیاواز لەو نەریتە سوننەتیانەی كە ڕێكخراوێكی حزبی و سیاسی ئیشی بۆ دەكات جۆرێك لە ڕۆحی تۆلێرانس و هیومانیستیانەی تیا بەرجەستەبوو ، ئەو بەخەمەوەبوون و نیگەرانییەی خەڵكی كوردستان لەساتەوەخت و ڕۆژانی دوایی كارەساتەكەدا بەڵگەی دروستن لەسەر میتۆدو ڕێبازی ئیشكردنی ئەم پیاوە لەنێو فەزای گشتیدا، كەواتە شەهیدبوونی مرۆڤێكی وەكو قەصرێ نەمانی سەرمایەیەكی ڕەمزی پڕبەهای نەتەوەییمانەو پاشان نەفرەتێكی مێژووشە بۆ ئەو دەستانەی كە دەیانەوێت ژێرخان و گەنجینەی دەوڵەمەندی عاقَڵمەندانی كورد لە ڕێگای پاكتاوی جەستەییەوە هەڵتەكێنن.
مامۆستا عەبدوڵڵا قوربانی بوو، بەڵام كام قوربانی! قوربانی تەنها ئەوەنەبوو كە ستەمێكی بەرامبەركراو سكی ئاخنرا بەفیشەكی ئازادیخوازان و هەڵگرانی بەهای دیموكراسی، بەڵكو قوربانی دەستی ئەو ویستە سایكۆلۆژیی و بیركردنەوانەش بوو كە هەمیشە ئاینیان دەكردە پاساوی بەكارهێنە سیاسی و ئایدۆلۆژییەكانیان، "كۆمەڵ" كە حزبی مامۆستاعەبدوڵڵابوو لە هەمانكاتدا ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو تێیدا لە سنورێكی جوگرافی بەرتەسك و ڕووبەری ناحیەیەكدا خۆی خستبووە نێوان دووبەرداشی ململانێی سەربازی نێوان هەردوو هێزی "ی ن ك" و "ئەنسارولئیسلام"، ئەم هێزە جگەلەوەی بەردەوام لە خیتابە گشتییەكانیدا هەوڵی دەدا ڕۆڵی ئاشتی و كۆتاییهێنان بە كێشەكان ببینێت، بەڵام دیوێكی تری كارەساتەكانی بریتی بوو لەو مەیلە توندڕەوی و ناسیاسیانەی كە هەندێك لە سەركردایەتیەكەی پێوەی خەریكبوون، مۆدێلی دروستبوونی ئەم هێزە ئەندازەیەك شكاندنی نەریتی حزبی تەقلیدی و بە قەولی موقەللیدەكانیش دەسبردنیش بوو بۆ شكاندنی حورمەتی هەندێك لە دەقە نەگۆڕو دانراوەكانی ئیسلام، ئەفسوس لە چركەساتەكانی سەرەتای مۆبیلیزەبوونی سیاسەتەكانیدا خیتابی گشتی ئەم هێزە لای هەندێك لە دەستڕۆیشتووە سەربازییەكانی كۆبووەوەو پاساوی پارێزگاریكردن لەپشتێنەیەكی سنووری ناڕاستەوخۆ بووە میكانیزمی داكۆكی یان تێكەڵبوونی ئەو دۆسیە ئەمنی و سەربازییانەی كە هێزێكی بێ نفوزو بەركەناری وەكو ئەنسارولئیسلام تەبەنییان دەكردو هێزی بەرامبەریش بەردەوام لەهەوڵی بارگاویكردنی كۆمەڵی ئیسلامییدابوون بەو چالاكی و مامەڵە سەربازییانەی كە ئەنسار لەپشتییەوەبوون، لێرەوە كارەساتی خوێناوی عەبدوڵڵای قەصرێ و پاسەوانەكانی بووە هەڵقەیەكی ئەو زنجیرەی بەدوای یەكدا ڕووداوەكانیان دروستكرد، ئێمە مرۆڤگەلی ئەو قۆناغەی ناو ڕووداوو ململانێ و كارەساتەكان بووین كە دەرەنجامی جەمسەرگیری نێوان دوو هێز یان دوو دنیابینی و ڕوانین خولقاندبوونی، ڕوئیایەك كە بەكارهێنانی دین و پێدراوە موقەددەسەكان و چەمكی سەنتراڵ بكەری سەرەكی بوون تێیاندا و بینینێكیش بۆ دادۆكیكردن لە جەوهەری سیاسەتەكانی حزبێكی سیاسی دەهات ئیسلامی و دروشمە دینییەكانی بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی كورد وێنا دەكرد، دیدگایەك خەونەكانی خۆی لەنێو پیرۆزییەكاندا دەدۆزییەوەو كوشتنی ڕۆحەكانی پێ ئاسایی بوو لەبەرامبەریشدا هێزێك هەبوو كە هەموو ئازادی و خۆشبەختی خەڵكی كوردستان و حزبەكەشی لە نەهێشتن و سەركوتكردنی هێزەكانی تردا دەبینییەوە، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵاش قوربانی دەستی ئەم دۆخە بوو كە لە غیابی لۆژیك و پێودانگە عەقڵانییەكاندا هیچكامیان نەیانتوانی بگەنە ئامانجی سیاسەتەكانیان و تەرجەمەكردنی ئەو ڕەهەندە ئایدۆلۆژییەی كەكاریان بۆ دەكرد..بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم هێزانە تاچەند توانیان ڕێڕەوی ڕاستەقینەی سیاسەتی دروست و ململانێی گونجاوبگرنەبەر بۆ ڕیشەكێشكردنی كولتوری كوشتن و سڕینەوەی یەكتر لەڕێگای زمانی توندوتیژییەوە؟ هاوكات تاچەند ئەم هێزانە تا بەم ساتەوەختەش دەگات بوونەتە قوربانی ئەم فۆرمە لە سیاسەت و لە ململانێ و لە بەریەككەوتنی نێوان یەكتر؟ ئەمانە پرسیارگەلێكن و پێموابێت واقیع وەڵامیداونەتەوە...