06/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
له یادی ڕاپه‌ڕینێك دا
له‌هه‌موو سهردهمو وڵات‌و ده‌ڤه‌رێكدا ڕاپه‌ڕین ده‌ره‌نجامی كێشه‌یه‌كی پڕ له‌سته‌م‌و نادادی بووه‌و تا ستهمو زۆرداریش به‌ڕاده‌ی دواقۆناغی چه‌وساندنه‌وه نه‌گه‌یشتبێت، شۆڕش‌و قوربانیدان‌و ڕاپه‌ڕینیش ڕووینه‌داوه.
مه‌سه‌له‌ی كورد له عێراقدا له‌ماوه‌ی حه‌فتا ساڵی نێوان (1921 بۆ 1991) دا به‌چه‌ندین وێستگه‌و قۆناغی هه‌مه‌جۆردا تێپه‌ڕیوه‌و له‌لایه‌كه‌وه سیما‌و تایبه‌تمه‌ندی خۆی وه‌ك چاره‌نووسی گه‌لێك پاراستووه‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه قه‌یرانی حوكم‌و فه‌رمانڕه‌وایی له‌ده‌وڵه‌تی عێراقدا قووڵتركردووهتهوه، چونكه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له‌نێو مه‌سه‌له‌كانی دیكه‌ی ناوخۆی عێراقدا پشكی (شێر)ی به‌ركه‌وتووه‌و به‌هۆی ئاڵۆزبوونی له نێوخۆی وڵات‌دا ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌و زلهێزانی دنیاش وه‌ك هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی تر ڕۆڵی ده‌ستێوه‌ردانی پۆزه‌تیڤ یان نێگه‌تیڤییان تێداگێڕاوه، چونكه به‌قۆناغه‌كانی بهرزیو نزمی‌و هه‌ڵكشان‌و داكشانی ته‌رازووی هێز له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌نددا ڕه‌تبووه، وێڕای قۆناغه‌كانی دانووستان له‌گه‌ڵ حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقداو به‌بنبه‌ست گه‌یشتنی ته‌واوی دانوستانه‌كانی یه‌كه‌م فاكته‌ری سه‌ره‌كی بووه له هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش‌و ڕاپه‌ڕیندا، دوایین قۆناغی ڕاپه‌ڕینیش له‌مێژووی شۆڕشی كوردستانی عێراقدا، ڕاپه‌ڕینه شكۆداره‌كه‌ی سه‌ره‌تای به‌هاری ساڵی (1991) بوو كهسهرتاسهری كوردستانی گرته‌وه‌و هاوكاتبوو له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینی گه‌وره‌ی خه‌ڵكی عێراقدا له‌ناوچه‌كانی باشوور‌و ناوه‌ڕاست له‌نیوه‌ی دووه‌می مانگی شوباتی (1991)ه‌وه، ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی گه‌لانی عێراق بهكوردو عهرهبو سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی تری وڵاته‌وه له‌ئاكامی تێكشكانی سوپای زه‌به‌لاحی به‌عسی عه‌فله‌قی بوو له‌به‌رامبه‌ر هێزه گه‌وره‌كه‌ی سوپای هاوپه‌یماناندا به‌سه‌رۆكایه‌تی ئهمهریكاو له‌ئه‌نجامی جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو كهبهجهنگی ڕزگاركردنی (كوه‌یت)ناسرابوو له‌و پڕۆسه سه‌ربازییه گه‌وره‌یه‌شدا كه‌ناوی (گه‌رده‌لوولی بیابان)ی لێنرابوو، سوپا گه‌وره‌كه‌ی به‌عسی له‌ناوچه‌كه‌دا لوولداو تێكوپێكی شكاند، ئیدی ئه‌مه باشترین ده‌رفه‌ت بوو به‌تایبه‌تی بۆ گه‌لی كورد كه له‌دوای ڕاپهڕینو كۆڕه‌وه ملیۆنیهكهش، هاوسۆزی ناوه‌نده بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانی به‌ده‌ستهێناو پشتێنه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ناوچه‌كانی سهرووهێڵی (36)كه پارێزگاكانی هه‌ولێرو دهۆكو سلێمانی گرته‌وه‌و به‌هاوكاری پۆلیسی نێودهوڵهتیو سوپای هاوپه‌یمانانیش له‌بنكه‌ی (ئه‌نجه‌رلیك)ی توركیا كه‌به (چه‌كوشی ئاماده) ناسرابوو، دابینكرا، ئیدی له‌دوای ڕزگاربوونی نیمچه یه‌كجاریی ئه‌م ناوچانه له‌ده‌ست ڕژێمی بهعسو وێڕای مانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاو‌و كێشهلهسهرهكانیش، له‌م هه‌رێمه‌دا پهرلهمانو حكومه‌تێكی ناوخۆیی هه‌ڵبژێردراو تادوایی پڕۆسه‌ی ئازادی عێراق‌و ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس له لایه‌ن ئهمهریكاو چه‌ند هاوپهیمانێكیهوه هه‌ڵبژاردنی دیكه‌ی په‌رله‌مان ئه‌نجام نه‌درابوو، دیاره به‌هۆی ئه‌و ململانێ ناوخۆییه‌ی لایه‌نه باڵاده‌سته‌كانی ههرێمو دوو كه‌رتبوونی ئیداره‌و ئاسه‌واره ناله‌باره‌كانی قۆناغی جه‌نگی ناوخۆوه.
ئه‌وه‌ی كه له‌م ستوونه كورته‌دا پێویسته به‌ڕای خۆم ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م، زیاتر هۆكاره‌كانی ڕاپهڕینو دهرهنجامو بهرههمهكانیهتی، بێگومان وه‌ك نه‌وه‌كانی پێش خۆم‌و هاوزهمانو هاوته‌مه‌نی خۆیشم ئاگادارن، ڕاپه‌ڕین وێڕای هاتنه‌ئارای ده‌رفه‌ته گونجاوه‌كه‌ی له (5)ی ئازاری (1991)دا، له‌ئاكامی ئه‌م سیاسه‌ته دڕندانه‌و وه‌حشیانه‌یه‌ی ڕژێمی پێشووی حوكمه‌تی عێراقه‌وه بووه هۆی:-
1:سیاسه‌تی ڕاگواستن/ كه له‌دوای نسكۆی شۆڕشی ساڵی (1975)دا‌و له‌ماوه‌ی ساڵانی نێوان (1975 بۆ 1978) ده‌یان هه‌زار خێزانی كورد له پارێزگاكانی (سلێمانی‌و هه‌ولێرو دهۆك)و سه‌رجه‌م ناوچه سنووریه‌كانی ئه‌م پارێزگایانه‌وه بۆ قووڵایی خاكی نزیك له‌شارو شارۆچكه ته‌خته‌كان ڕاگوێزران، له‌سلێمانیدا سه‌دان گوندی ناوچه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و پێنجوێن‌و شارباژێڕ‌و پشده‌ر ڕاگوێزرانو له ئۆردوگاو كۆمه‌ڵگا زۆرهملێیهكاندا نیشته‌جێكران. له‌پارێزگای هه‌ولێریش چه‌ندین گوندی ده‌وروبه‌ری (چۆمان‌و ڕه‌واندزو زێبارو حاجی ئۆمه‌ران ڕاگوێزرانو له ئۆردوگا زۆرهملێیهكاندا نیشته‌جێكران. له‌دهۆكیش به‌هه‌مان شێوه چه‌ندین گوندی ده‌وروبه‌ری (ئامێدی‌و زاخۆ) ڕاگوێزران.
2: شاڵاوه‌كانی به‌ناو ئه‌نفال دوای ڕاگوێزرانی چه‌ندین گوند، چه‌نده‌ها گوند‌و شارۆچكه‌ی سه‌رسنووره‌كانی سووتاند‌و خه‌ڵكه‌كه‌شی ئهنفالكردو چه‌نده‌ها ناوچه‌ی وه‌ك (گۆپته‌په‌و عهسكهرو چه‌می ڕهزانو قهرهداغو هۆمه‌ر قه‌ڵاو گهرمیانو جهباریو ده‌شتی كۆیه‌و دۆڵی جافایه‌تی‌و دۆڵی بالیسان‌و مه‌رگه‌و سه‌رگه‌ڵوو به‌رگه‌ڵوو ناوچه‌كانی بادینان‌و خهلیفانو سه‌فین‌و خۆشناوه‌تی ئهنفالو تاڵانكران)
3:سیاسه‌تی دڕندانه‌ی كیمیاباران‌و جینۆساید: ڕژێمی به‌عس هه‌ربه‌و سیاسه‌تی ڕاگوێزرانو ئهنفالكردنهوه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو په‌لی ڕه‌شی هاویشت بۆ سیاسه‌تێكی زۆر دڕندانه‌تر كه هه‌ڵمه‌ته نامرۆڤانه‌كانی كیمیاباران‌و قڕكردنی به‌كۆمه‌ڵی دانیشتوانی ناوچه شۆڕشگێڕه‌كان بوو، بۆ نموونه كیمیابارانكردنی شارێكی دیاری وه‌ك (هه‌ڵه‌بجه) له (16/3/1988)دا‌و له‌ناوبردنی پتر له (5000) كه‌س، هه‌روه‌ها كیمیابارانكردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی بادینان له مانگی (8)و (9)ی (1988) دا وه‌ك گونده‌كانی (سێ داری سووری‌و داگهڵای شێخان‌و زمناكۆو دهباكترو بانهگالهو به‌رزان‌و قه‌سیری باڵا‌و به‌ڕۆژو چه‌ندین گوندی تر.. هه‌روه‌ها هێرشی كیمیایی بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ری پارێزگاكانی هه‌ولێرو كه‌ركوك وه‌ك گونده‌كانی شێخ وهسانو بالیسان‌و هیرانو نازهنینو خهلیفانو سه‌فین‌و سماقووڵیو خۆشناوه‌تی‌و گوندی چیمهنو تۆمار‌و گورگانهو تمر له‌مانگی (5)ی (1987)دا.
4:سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بكردن كه چه‌نده‌ها ناوچه‌ی سهربهپارێزگاكانیو موسڵ‌و دهۆكو كه‌ركوكی گرته‌وه.
ئیدی هه‌موو ئه‌م هۆكاره وه‌حشیانه‌یه كڵپه‌ی ئاگری پیرۆزی ناخی جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌یان هه‌ڵگیرساندو گۆڕانكارییه‌كی دیاریان له سیستمی حوكمی وڵات‌و هه‌رێمدا هێنا، به‌ڵام به‌داخه‌وه گۆڕانكاری ڕیشه‌یی نه‌بوو، چونكه تا ئه‌مڕۆش قۆناغی حوكمڕانی له كوردستاندا‌و له عیراقیشدا به‌گشتی هێشتا له‌سه‌ره‌تاو گڕوگاڵی دیموكراتی‌و ئازادیدایهو به‌كورتی ئه‌م ده‌ره‌نجامه ناله‌بارانه‌ی خستۆته‌وه:-
1:ونبوونو دیارنه‌مانی ئامانج‌و خواستی ڕه‌وای سه‌ربه‌خۆیی یه‌كجاره‌كی.
2:نه‌بوونی دادپهروهریو هاوسه‌نگی ژیان له‌نێوان سه‌رجه‌م ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌ماندا له ڕووی ماف‌و ئه‌ركه‌كانه‌وه، چونكه هێشتا سیستمی جاهیلی حیزبایه‌تی كوێرانه‌و ڕه‌گه‌زپه‌رستی لایهنكاریو خۆپه‌رستی خزم خزمێنه‌ش ڕووبه‌ندی حوكمڕانی تهڵخكردووه.
3:داهاتنی گه‌نده‌ڵی ئیداری‌و سیاسی‌و ئابووری‌و قه‌زائی كه‌تا ئه‌مڕۆش له چڵهپۆپهدایهو ئاسۆكانی چاره‌سه‌رو كه‌مكردنه‌وه‌ی نادیارن، دیاره بنبڕكردنیشی هێشتا هه‌ر باسی لێنه‌كراوه.
4:دروستبوونی دۆخێكی نائومێدی‌و بێمتمانه‌یی له نێوان گهلو حكومه‌تدا ته‌نانه‌ت له نێوان جه‌ماوه‌رو حیزبهكانیشیاندا.
5:كۆچی لاوان‌و وزه‌و توانا گه‌وره‌كانیش هێشتا هه‌ربه‌رده‌وامه‌و ده‌ستێكی دڵسۆزانه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م حاڵه‌ته له‌ئارادانییه.
6:دابه‌شنه‌كردنی عادیلانه یان نیمچه عادیلانه‌ی دهسهڵاتو مافی بڕیاردان له‌نێو خۆبه‌خۆی حیزبه ده‌سه‌ڵاتدارو به‌رهه‌ڵستكاره‌كان، وێرای چه‌ندین ده‌ره‌نجامی تر...