07/03/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
دەوڵەتى کوردى و فتواکەى مامۆستاینى ئاینی
5-3-2014 بەشێک لە مامۆستایانى ئاینى بەڕێز لە هەولێر فتوایان لە سەر ئەوە داوە کە بۆ کورد شەرعى و راوەیە دەوڵەتى هەبێت!
لە راستیدا ئەم بابەتە بۆ من جێگەى هەڵوەستە لە سەر کردنە، بۆیە بە کورتى هەندێک قسەى لە سەر دەکەم و هیوادارم کەسانى پسپۆر بە قوڵى و تێرو تەسەلى لێى بدوێن.
ئێمە دەزانین سەدان دەوڵەت لە سەر گۆى زەوی هەن و بەشێک لەو دەوڵەتانە بە پێى دەستورەکانیان هەڵگرى ناسنامەى ئیسلامین و لە بەشێکیشیاندا زانکۆ و کۆمەڵەى گەورەى ئیسلامى و خاوەن بڕیارى تێدایە، بەڵام من بۆ خۆم نەمبیستووە لە هیچ دامەزراوە و زانایەکى ئیسلامى بونى ئەو دەوڵەتانە وەک (دەوڵەت) بە حەرام وەسف بکات و داواى هەڵوەشاندنەوەیان بکات. (جگە لە هەندێک گروپ و تەیارى توندڕەو نەبێت کە زۆرینەى موسڵمانان ئەوانە بە نوێنەرى خۆیان نازانن).
بۆ گەلێکى زۆرینە موسڵمان و زوڵملێکراوى وەکو کوردیش کارێکى پێچەوانەى شەرع نیە دەوڵەتى خۆى هەبێت و، لاى هەموان رون و ئاشکرایە ئاینى ئیسلام رێگر نیە لەوەى کورد خاوەنى دەوڵەتى خۆى بێت، وەک مامۆستایانى بەرێزیش لە پەیامەکەی خۆیاندا جەختیان لە سەر ئەمە کردوەتەوە. لانى کەم لە دواى پرۆسەى ئازادیشەوە تا ئەمڕۆ راگەیاندنى دەوڵەتى کوردى لە سەر بون یان نەبونى فتوا دوا نەخراوە!
دیارە ئەم بابەتەم بە هیچ جۆرێک بۆ بێ بایەخکردنى رۆڵ و خەمخۆرى و کاریگەرى ئەو ماموستا بەڕێزانە نیە، میژوى کوردیش شایەتى رۆڵى گەورەى مامۆستایانى ئاینیە.
بەڵام چەندە گرنگە فتوا لە سەر شەرعى بونى راگەیاندنى دەوڵەتى کوردى دەر بکرێت لەوەش گرنگتر ئەوەیە فتوا بۆ ئەوە دەربکرێت کە حەرم و تاوانە ساڵانێکە نزیکەى 40% خاکى کوردستان (ناوچە دابڕێنەوەکان) لە لایەن دەسەڵاتدارانى کوردەوە پشتگوێ خراون و کراون بە قوربانى بەرژەوەندیى و ململانێ تایبەتیەکان و رۆژ لە دواى رۆژ لە سایەى شکستى سیاسەتى بەرپرسانى کورددا بە خراپترین شێوە سیاسەتى پاکتاوکردن لەو ناوچانە بەرامبەر بە کورد و دانیشتوانى رەسنەکەى بەڕێوە دەبرێت!
هەر لە پاڵ پرسى دەوڵەتەکەدا و زۆر بە سادەیى، کەسێکى وەکو سەید ئەکرەم کە ئێستا بە ناحەق لە زینداندایە تەنها لە بەر ئەوەى وشەى (راستى) ى درکاندووە، ئایا ئەرکى ئەو مامۆستا بەرێزانە نیە لە سەر بنەماى بەدواداچون فتوایان لە سەر ئەوە بدایە کە گرتن و کوشتنى کەسانێک کە راستى دەڵێن و روبەڕوى دزى و فەساد دەبنەوە حەرام و تاوانە؟
هەمومان دەزانین نزیکەى 10 ساڵە رۆژنە سەدان تەنکەر نەوت لە هەرێمى کوردستانەوە ئاودیو دەکرێت و سەدانى دیکەش لە بازاڕە رەشەکانى هەرێمى کوردستاندا ساغ دەکرێنەوە، کە هەمووى سەرەوت و سامانى ئەم گەل و وڵاتەن و داهاتەکەیان دیار نیە، ئایا نەدەکرا مامۆستایانى بەڕێز بە کۆى دەنگ فتوا لە سەر ئەوە بدەن کە دەبێت ئەو داهاتە لە لایەن دامەزراوەیەکى شەرعى ئەمینەوە لە ژێر چاودێرى ورددا بۆ خەڵک خەرج بکرێت و بۆ ئاوەدانکردنەوەو پێشخستنى وڵات وەگەڕ بخرێت؟
ئایا ناکرێت مامۆستایانى بەرێز فتواى ئەو دەر بکەن کە مادام نەوتێک پەرلەمان ئاگاى لە داهاتەکەى نیەو ناچێتە ناو بودجەوە و کەسیش نازانێت بۆ کوێ دەچێت، هەر مامەڵەیەک بە ئەو نەوتەوە لە فرۆشتن و گواستنەوەو لە پاڵاوتن و تەنانەت بەکارهێنانیشى حەرام و تاونە؟
مامۆستایانى بەرێزى ئاینى: ئێوە دەزانن لە کاتێکدا ئەم وڵاتەى ئێمە پڕە لە خەڵکى هەژار تەنانەت لە ناو چینى مامۆستایانى ئاینیدا، کەچى ساڵانە بە بڕى گەورە لە (پارەى خەڵک) بۆ فڵان گۆرانبێژى عەربى و فارس و فڵان کەس و دەستەى بە ناو هونەرى ...،خەرج دەکرێت.
داگیرکردنى ئەو هەزاران دۆنم زەویەى خەڵک کە سەرۆکەکان و بەرپرسەکان دەستیان بە سەردا گرتووە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و رابواردن و تەنانەت دەیان پارچە زەوى نەختى ئەم وڵاتە دراون بە بێگانە، لە کاتێکدا هەزاران مرۆڤى ئەم وڵاتە تا ئەو کاتەى دەخرێنە قەبرەکەیانەوە مەترێک زەوى نیە تێیدا بحسێنەوە و هەزارانى خێزانى تریش کرێچین . ئایا ئەمانە کەى و چۆن فتوایان لە سەر دەدرێت؟
وا پێویست دەکات فتواى حەرمکردنى ئەوەش دەر بکرێت کە نابێت لە هەڵبژاردنەکاندا بە پارەى خەڵک دەنگ و ویژدانى خەڵک کڕین و فرۆشتنى پێوە بکرێت و تەزویرو حەرام بکرێت.
لە راستیدا زۆر کەلێن و تاوان و پرس و بابەتى دیکە هەن کە دەمێکە پێویستیان بە فتوایە، پێویستیان بەوەیە مامۆستایانى ئاینى بە جدى لە ئاستیاندا بێنە دەنگ و هەڵوێست و کاریگەرى راستەوخۆیان لە سەریان هەبێت.
لە کۆتاییدا : ئەو فتوایەى مامۆستایانى بەرێزى ئاینى دەریان کردووە هەر چەندە لە سەر پرسێکى گرنگە، بەڵام دەکرێت چاوەڕێى ئەوەشبین کە وەکو فشارێکى سیاسى و درێژکراوەى هەندێک هەڕەشەى پێشتر خوێندنەوەى بۆ بکرێت!
خوازیارم هەرچى زووە ببینە خاوەن دەوڵەتێکى کوردى بە جۆرێک تەواوى ناوچە دابڕێنراوەکان لە خۆ بگرێت.